قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت ئارامی بەگەڕێنینەوە

قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت ئارامی بەگەڕێنینەوە

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆران لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەکە بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی نوێی لیستی هاوپەیمانیی کوردستانی کۆبوونەوە. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە دەیانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگەڕێننەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 31-7-2021 شاندێکی پێنج کەسی یەکێتی بە سەرپەشتیی قوباد تاڵەبانی دوای تێپەربوونی دوو رۆژ لە دیاریکردنی وەک سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان سەردانی بارەگای سەرەکیی بزووتنەوەی گۆرانیان کرد. 
 
دوای کۆبوونەوەکە قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "باسی میکانیزمی چۆنێتیی کارکردنی هاوپەیمانیێتیەکەمان کرد، ئەرکەکانمان دابەشکرد بەسەر لیژنە هاوبەشەکان، وەکو ئاگادارن بانگەشە دەستیپێکردووە، ئێمەش لەو قۆناخەدا هەموو هێزەکان و رێکخستنەکان و جەماوەری خۆمان دەخەینەگەڕ لە پێناوی سەرخستنی هاوپەیمانێتییەکەمان، تاوەکو باشترین خزمەت بە دانیشتووانی کوردستان و عێراق بکەین."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قوباد تاڵەبانی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "ئاماژەمان بەوەداوە کە ئێمە دەمانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگەڕێنینەوە، تاوەکو بە یەکەوە بە بەهێزی لە بەغدا بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەین، بتوانین بە هێزێکی یەکگرتوو لەژێر یەک چەتر بەرگری لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بکەین."
 
لە رۆژی 20-06-2021 لە رێوڕەسمێکدا لە سلێمانی یەکێتی و گۆران رێککەوتنی پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانیی کوردستانیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق واژووکرد.

زۆرترین بینراو