جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان: داوا لەهێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەم بەگیانی تەبایی و برایەتی لەیەک نزیکببنەوە

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان: داوا لەهێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەم بەگیانی تەبایی و برایەتی لەیەک نزیکببنەوە

زاری كرمانجی - د. هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆرشی گوڵان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌.
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت: بەبۆنەی (45 )مین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم.
د. هێمن هه‌ورامی ده‌شڵێت: شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، کەڕابەری نەتەوەیی مەلا مستەفا بارزانی سەرکێشیی دەکردو رۆڵەکانی هەموو ناوچەكانی کوردستان بەشداربوون تێیداو بووە سەرەتای وەدیهاتنی مافەکانی خەڵک و چەسپاندنیان و ناساندنیان بەهەموو جیهان.
هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستاندا هاتووه‌:
لەدوای گەلەکۆمەی وڵاتان لەشۆڕش، خەباتکاران نەیانهێشت جارێکی دیکە خەونە نەزۆکەکانی دوژمنان بەدی بێت و دڕیان بەتاریکیدا، لەچیاکانەوە مەشخەڵی شۆڕشیان هەڵگیرساندو دڵی هەموو کوردستانییەک و ئازادیخوازێکی جیهانیان ئاسوودە کرد.
د.هێمن هه‌ورامی ده‌شڵێت: سەرۆک بارزانی و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیادو هەموو پێشمەرگەو سەرکردەکانی شۆڕش، جارێکی دیکە دووپاتیان کردەوە کەهەرگیزو بۆ هیچ هێزێک ناچەمێنەوەو ئامانج و خەباتیشیان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان ناپسێتەوە.
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: داوا لەهێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەم، بەگیانی تەبایی و برایەتی لەیەک نزیکببنەوەو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان، هاوشێوەی کۆتاییەکانی شۆڕشی گوڵان کەهەموو هێزەکان لەیەکنزیکبوونەوەو بەرەی کوردستانییان پێکهێناو دەسکەوتی مەزنی ئێستای خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە.
له‌كۆتاییدا د.هێمن هه‌ورامی رایده‌گه‌ێنێت: دووبارە ئەو یادە لەهەموو شۆڕشگێرو ئازادیخوازان پیرۆز دەکەمەوەو سەری ڕێزیش بۆ گیانی هەموو ئەو قارەمانانە دادەنەوێنم کەگیانی خۆیان بەخت کردو نەیانهیشت خەباتی خەڵكی کوردستان بوەستێت و بەئامانجی وەدیهاتنی مافەکانی خەڵکی کوردستان شەهید بوون.

زۆرترین بینراو