دواین زانیاری لەبارەی دۆخی ناو یەكێتی بخوێنەوە

دواین زانیاری لەبارەی دۆخی ناو یەكێتی بخوێنەوە

پافێل تاڵەبانی دەبێتە سكرتێری گشتی یەكێتی 


لاهوور لە بەرپرسیارییەتی دادەماڵدرێت


كوڕێكی كۆسرەت رەسوڵ دەبێتە جێگری پافێل


شاناز دەبێتە بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی


زاری كرمانجی – سۆران: دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بە فەرمانی پافێل تاڵەبانی بۆ گۆرینی بەرپرسی دوو دامەزراوەی هەستیاری نێو یەكێتی هێز جولێندرا و كەسە نزیكەكانی لاهۆری جەنگی لابران و دوو كەسی نزیك لە پافێل تاڵەبانی لە شوێنیان دانران، كێشەی زەق كەوتە نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی، ئەمە دەستپێكی دەركەوتنی كێشە قوڵەكانی نێوان ئەو دوو هاوسەرۆكە بوون كە ئامۆزایی یەكتریشین.


دوای ئەو رووداوە و بە هەوڵی میانگیرەكان هەردوو هاوسەرۆك یەكتریان بینی، بەڵام ئەو یەكتر بینینانە نەك سوودی نەبوو بەڵكو گۆڕانكارییەكان بە فەرمانی پافێل تاڵەبانی زیاتر بوون و دواتریش ووشەی هاوسەرۆكی لە پێشگیری ناوی خۆی لابرد و خۆ وەك سەرۆك ناوزەد كرد.
بەپێی هەموو ئەو زانیارییانەی لە كەناڵە راگەیاندنەكانەوە بڵاو كراوەتەوە و پشت ئەستوورن بە سەرچاوەكانیانەوە، لاوازی لاهۆری شێخ جەنگی و بێ دەنگی خۆیو براكانی  بەو ئەندازەیە پەیوەندی بە بوونی بەڵگەیەكی زۆری پافێل تاڵەبانییەوە هەیە لەسەر لاهوور جەنگی كە لە پشت كۆمەڵێك كار و كردەوەی زۆر مەترسیدار بووە، تا ئەندازەیەك كە باس لە هەوڵەكانی دەست بەسەر یەكێتی داگرتن كراوە ئەویش دوای دەست بەسەر داگرتنی دامەزراوە هەستیارەكانی یەكێتی و ژەهرخوارد كردنی پافێل و هێرۆ خان و چەند بەرپرسی دیكە، هەروەها ئاگادار بوونی لاهوور لە كردەوە تیرۆرستییەكانی سەر هەولێر و كاری بارزگانی بە ماددەی هۆشبەر و پێ دانی زانیاری بە ئێرانییەكان، دروستكردنی گرووپ و تاقمی توندڕەو لە گەرمەسێر بە پاڵپشتی ئێران، دروست كردنی گرووپ و تاقمی راگەیاندنكار بە پارەی یەكێتی بۆ مەرامی تایبەتی خۆی، دەستگرتن بەسەر بازگە هەستیارەكان و خاڵە سنوورییەكان بە مەبەستی كاری بازرگانی نایاسایی و بەكار هێنانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ هەمان مەبەست، ئەمە جگە لە سەندنی سەرانە لە بازرگانانی سنووری زۆنی سەوز و كۆمەڵێك بابەتی دیكە.
 لە لایەكی دیكە دژایەتی كردنی قوباد تاڵەبانی و رێگری كردنی لە جێبەجێ كردنی بڕیارەكانی حكومەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئاراستە كردنی كەناڵەكانی راگەیاندن بۆ لێدانی تیمی یەكێتی لە ناو حكومەت بە تایبەتی قوباد تاڵەبانی و رێواس فائیق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.
هەر بەپێی زانیارییە بڵاو كراوەكان، لاهوور جەنگی دەستی بەسەر جومگەكانی دیكەی حزبی داگرتووە و بەرپرسی مەڵبەند و مەكتەبەكانی یەكێتی ئەو كەسانەن كە ئەو پاڵپشتی كردوون و لەو نزیكن.
ئەم كارانەی لاهوور و بڕیارە تاكڕەویانەی كە داوێتی بۆتە هۆكاری تووڕە بوونی ژمارەیەكی بەرچاوی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، مەكتەبی سیاسی ، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندی یەكێتی و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسە سەربازییەكان و كادیرە دێرینەكانی یەكێتی، بۆیەش هەموویان بە شێوەیەكی رەها پشتگیری لە  هەنگاوەكانی پافێل دەكەن.
دواین زانیاریش لە بارەی دۆخی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی ئەوەیە كە " لاهوور جەنگی ئامادەیی خۆی دەربریوە بۆ ئەوەی دەست بەرداری هاوسەرۆكی بێت، بەڵام لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیاری لەسەر بدرێت" لەبەر ئەوەی لەوێوە شەرعییەتی هاوسەرۆكی وەرگرتووە.
تا ئێستاش پافێل تاڵەبانی بەردەوامە لە گۆڕانكارییەكان و تەواوی دەست و تاقمی لاهوور دەگۆرێت. لە دواین زانیاریشدا هاتووە، پافێل تاڵەبانی كار بۆ ئەوەدەكات وەك سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەناسێندرێت و كورێكی كۆسرەت رەسول عەلیش بكرێتە جێگری.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بكرێتە بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی.
 لە بەرامبەریشدا تا ئێستا لاهوور تەنها بەیاننامەیەكی بڵاو كردۆتەوە كە زۆر لاوازە و تەنها ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو دۆخەی لە نێویەكێتی هاتۆتە ئاراوە دەستی دەرەكی و نێوخۆی تێدابووە و بۆ تێكدانی یەكێتییە.
ئەمەش لە لایەن شڕۆڤەكارانەوە بە هەند وەرنەگیرا لەبەر ئەوەی هەڵوێستی لاهوور لەمبارەوە زۆر لاوازە و نووسینەكەی ناچێتە چوارچێوەیەكی  باوەر پێهێنان، بەڵكو ئەو جۆرە لە نووسینە هێمایەكە بۆ لاوازی لاهوور. 
    

 

زۆرترین بینراو