پارتی دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن كرد

پارتی دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن كرد

زاری كرمانجی - دوێنێ پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن كرد و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیش دەڵێ، لە دوازدە پارێزگای عێراق بە ٥٣ كاندید پارتی بەشداری لە ھەڵبژاردندا دەكات.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی،  راگەیاند: "دوێنێ ئێمە وەك لیژنەی باڵای سەرپەرشتیی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبووینەوە و بە فەرمی دەستمان بە بانگەشەی ھەڵبژاردن كرد، پارتی ٥٣ كاندیدی ھەیە لە ٣٢ بازنەی ھەڵبژاردن، كە لە دوازدە پارێزگای عێراق بەشداریی ھەڵبژاردن دەكات، لە ئەمڕۆش بەدواوە كاندیدانمان ئازادن دەست بە بانگەشەی ھەڵبژاردن بكەن بۆ خۆیان و ئێمەش وەك پارتی و دەزگای ھەڵبژاردن، چیمان لە دەست دێت پاڵپشتیی كاندیدانی خۆمان دەكەین".

لەبارەی رێنماییەكانی خۆپارێزی، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی گوتی: "ئاھەنگ و كۆبوونەوەی گەورە باوەڕ ناكەم لە ئێستادا بەڕێوە ببرێت، ئەگەریش بكرێت ئەوە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی دەبێت، وەك ئەوەی دوێنێ لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵا رێنماییەكانی خۆپارێزی لە بەرچاو گیرابوون".

پەیوەست بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش، خەسرۆ گۆران روونی كردەوە: "لە ھەر شوێنێك توانامان ھەبێت، كاندیدمان ھەبووە، لە كەركووك و خانەقین و مەندەلی و مووسڵ و شنگال و مەخموور كاندیمان ھەیە و بەشدار دەبین لە ھەڵبژاردن لەو ناوچانەدا".

زۆرترین بینراو