كەریم سمكۆ جیاوازی بەربژێرانی پارتی

كەریم سمكۆ

دەنگدان مافی سروشتی هەر تاكێكە، دەنگدەر كێ هەڵدەبژێرێت و كێ دەكاتە نوێنەری خۆی لە حكومڕانی و بڕیارداندا، خۆی ئازادە و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ لەجیاتی دەنگدەر بڕیار بدات. 
لە وڵاتدا دیموكراسی هەرگیز بەدەستنایەت ئەگەر پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەنەچێت، واتا هەڵبژاردن تاكە ڕێگەیە بۆ ئەوەی دەنگدەر بەشێوەیەكی ئاشتیانە بتوانێت بەشداربێت لە بنیاتنانی حكوومەتێكی دیموكراسی، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەشداری پڕۆسەكە نەكات، دەبێت بە بەڕێوەبردنێكی نادادپەروەری و حكوومەتێكی گەندەڵ و دیكتاتۆر ڕازی بێت.
لە كوردستان پێگەی پارتی هەمیشە لە بەرفراوانی و گەورەبوون و بەهێزیدایە، لە حكومڕانیدا تا ئێستا پشكی شێری بەركەوتووە و لە بەرپرسیارییەتی ڕاینەكردووە و لە خاوەنبڕیار و بەڕێوەبردنی وڵاتیشدا سەركەوتوو بووە، ئەگینا هەمیشە براوە و یەكەمی هەڵبژاردنەكان نەدەبوو، گەلیش پارتی بە نوێنەری خۆی هەڵنەدەبژاردەوە.. 
كاندیدانی پارتی هەمیشە گوێڕایەڵی ئەو بەرنامە و پڕەنسیپانەن كە پارتی دایدەڕێژێ بۆ ئەوەی لەڕووی یاسایی و نیشتیمانی و بەرپرسیاریەتی خزمەتی گەلی كوردستان بكەن، ئەمەش بەپێچەوانەی هەندێك لە كاندیدان كە دوای بەربژێركردنیان و چوونیان بۆ پەرلەمانی عێراق، نەك هەر تەنها لە حزبەكەیان كشاونەتەوە، بەڵكو لەبەرانبەر بەرژەوەندییەكی تاكەكەسی دژی گەلی كوردستانیش وەستاونەتەوە. 
لە بەغدا، پارتی قسە و بڕیاری یەكلاییكەرەوەی بۆ هەموو پرسەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان پێیە، هەر پارتیش هەم وەك حزب، هەمیش وەك خاوەن سەرۆكێكی كارێزما، بووەتە مەرجەعی دوابڕیاری گەلی كوردستان. 
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبی حكومڕان لە كوردستان، توانیویەتی سەرنجی وڵاتانی زلهێز بۆ ئاوەدانی و سەقامگیری و ئاساییشی هەرێمی كوردستان ڕابكێشێت، كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك ناوچەیەكی ئارام هەڵكەوتووە، ئێستا پارتی وەك نوێنەری گەلی كوردستان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خاوەن قەزیە و بڕیاربەدەستی هاوكێشەكانە و هەولێری پایتەختی كردۆتە ترافیكی دیبلۆماسیەت و كاروانسەرای بەرپرسان و سەرۆكی دەوڵەتە زلهێزەكان. 
  پرسیارێك هەیە دەڵێ، پارتی چی پێكراوە تا دووبارە دەنگی پێ بدەمەوە؟ ئەی ئەوە نییە پارتی بووەتە پارێزەری ماددە دەستورییەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و ئەو پرسانەی تایبەت بە مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانن پارتی هەمیشە بەرگری لێ دەكات، هەر پارتییە لەسەری مكوڕ و داكۆكیكارە، جیا لەوانەی دیكە كە بەپێچەوانەوە كاردەكەن بۆ ڕازیكردنی لایەنێكی دیاریكراو بە مەبەستی بەرژەوەندیخوازی خۆیان، پارتی ئەگەر بەهێز بێت، هەرێمی كوردستانیش بەهێز دەبێت. 
كێ ژیانت بۆ دابین دەكات و دەبێتە هۆكاری دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەییت، كێ ئاساییش و ئارامی ژیانت دەپارێزێت و هەوڵی بەردەوامیت دەدات بە سەربەرزی و شكۆمەندی، شەرم مەكە شانازی پێوە بكە، لەهەموو وڵاتانی دونیا وایە، حزبێك بتوانێ ژیانت بگۆڕێت و داكۆكیكاری مافە نەتەوەییەكانت بێت، پێویستە بە ڕاشكاوی هەوڵ بۆ سەرخستنی بدەیت. 
كاندیدانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، لەسەر بنەمایەك هەڵبژێردراون كە ببنە مایەی بەدەستهێنانی دەستكەوت و مایەی شكۆمەندی بن بۆ گەلی كوردستان، لەڕووی نەتەوەییەوە خاكدۆست، ئەزمووندار و پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەكاندا، ڕۆشنبیری یاسایی یەكێكە لەو بناغانەی زۆربەیان پێیدا فلتەركراون، تا بەهەمان نەهج و پڕۆگرامی نەتەوەیی پارتی، ئەوانیش درێژە بەم كاروانە بدەن و شەڕی بواری دارایی و یاسایی و نەتەوەیی خەڵكی كوردستان بكەن. 
پارتی لەڕابردوو تاكە حزبی نەتەوەیی بووە، زیاتر لە پارتەكانی تر بووبێتە زامنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان، بۆیە دەنگدان بە كاندیدانی پارتی، مانەوەی ئەو ئاساییش و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و بەرگریەیە، كە پارتی پێی گۆشكراوە، تا گەلەكەی بە هەموو ئایین و پێكهاتە نەتەوەكانییەوە سەربەرزانە بژیت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو