كتێبی “بۆ مێژوو”ی سەرۆك بارزانی گەیاندرایە وڵاتانی ئەوروپا

كتێبی “بۆ مێژوو”ی سەرۆك بارزانی گەیاندرایە وڵاتانی ئەوروپا

زاری كرمانجی:
لەپەراوێزی سەردانی شاندی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی كوردستان،بۆ ژمارەیەك لە وڵاتانی ئیتاڵیاو ڤاتیكان و بەلجیكا سەبارەت بە رەوشی پێكەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی كوردستان، كە لە ژمارەیەك فراكسیۆن  پێكهاتبوون، بە مەبەستی دیدار و سود وەرگرتن لەئەزموونی وڵاتەكەیان لەشێواز و چۆنیەتی بەرێوەچوونی گفتوگۆی نێوان ئایینەكان و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و سیستەمی یاسادانان، سەردانی چەند وڵاتێكی ئەوروپایان كرد.
 لەمبارەوە وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لیژنەی ئەوقاف وكاروباری ئایینی پەرلەمانی كوردستان بەزاری كرمانجی راگەیاند: لە دیدارەكاندا باس لە رەوشی پێكەوەژیان و فرەئایینی و فرەنەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان كرا، كەبۆتە ناسنامە و كەلتوورێكی لە مێژینەی خەڵكی كوردستان و فاكتەری بەردەوامبوونی ژیان لە نێوان سەرجەم پێكهتەكاندا.
بۆ ئەمەش باس لە رۆڵی پەرلەمانی كوردستان كرا لە بەرجەستەكردنی بیرۆكەی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەو یاسا و بڕِیارانەی كە پەسەندی كردوون و پەیوەست بوون بە فەراهەمكردن و پارێزگاریكردن لە مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، گرنگترینییان یاسای ژمارە (۱)ی ساڵی ۱۹۹۲ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، كە لە رێی سیستمی كۆتا مافی پێكهاتەكانی نێو پەرلەمانی كوردستان مسۆگەر كردووە، هەروەها یاسای ژمارە(٥)ی ساڵی ۲۰۱٥، كە مافی پێكهاتەكانی لە دەسەڵاتی ڕاپەڕِاندن و سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان مسۆگەر كردووە.
هەروەها باس لە رۆلی هەرێمی كوردستان كرا كە لە ماوەی شەڕی تیرۆریستانی داعش باوەشی خۆی واڵا كردبوو بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی هێرشی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد بوو.
 هەروەها ئاماژە بە رەوشی مەسیحییەكانی كوردستان كرا وەك پێكهاتەیەكی رەسەن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و لەبەرێوەبردنی كوردستان و دامەزراوەكان رۆڵی گرنگیان هەیە، هاوكات باس لەدۆخی كوردانی ئێزیدی كرا كە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستیی (داعش) كۆمەڵكوژ كراون، بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتی و ئاینی و مرۆڤایەتی تاوانێكی بێ وێنەیان دەرحەق كراوە، بەپێی سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ، دەچێتە چوارچێوەی تاوانەكانی جینۆساید، بۆئەمەش سوپاسی وڵاتی بەلجیكا كرا كە بەفەرمی دانی بەجینۆسایدی ئێزدییەكان داناوە، هەروەها باس لەجێبەجێكردنی رێككەوتنامەی شەنگال و ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە كرا، داوا كرا لەوڵاتان رۆڵی خۆیان بگێرین  لەجێبەجێكردنی رێكەوتنەكە. 
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكاندا باس لە بایەخدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا كە كار دەكات لەسەر بنەمای پاراستن و بەهێزكردنی پێكەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ یەكەمجارە لە مێژووی حوكمڕانیی كوردستان دۆسییەی پێكهاتەكان جیا بكرێتەوە و وەزیرێكی هەرێم تایبەت بە پێكهاتەكان بوونی هەبێت و شاندی لیژنەی پەرلەمان راشیانگەیاند: "هەر لە روانگەی بایەخدان بە كریستیانەكانیش لە چەند رۆژی رابردوودا رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەزگا پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە ناحیەی عەنكاوە كە تایبەتە بە كریستیانەكان بكرێتە قەزا، وەك ناوەندێكی گرنگ بۆ پێكەوەژیانی ئاینی و كۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی لە هەرێمی كوردستاندا .
هەر لە دیدارەكاندا بە گرنگییەوە باس لە ئامادەكارییەكانی نووسینەوەی دەستوور لە هەرێمی كوردستان كرا و جەخت لەسەر نووسینەوەی دەستوورێك كرایەوە، كە رەنگدانەوەی كۆمەڵگەی كوردستانی ‌ بێت و ماف و ئازادیی هەموو پێكهاتەكانی كوردستانی لەخۆ گرتبێت، چونكە گەلی كوردستان شانازی دەكات بە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینەكان لە كوردستان، بە سەدان ساڵە بە یەكەوە دەژین، بەبوونی دەستوورێكی مۆدێرن مافی سەرجەم نەتەوە و ئاین و ئاینزاكان دیاری بكرێت. 
هەروەك ئاماژە بە سەردانەكەی قەداسەتی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان كرا كە لە مانگی ئاداری رابردوو بۆ هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا و گەورەترین رێوڕەسمی ئاینی لە هەولێری پایتەخت بۆ ساز كرا، ئەمەش بە ڕووداوێكی گرنگ و مێژوویی وەسف كرا.
لای خۆیانەوە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكان هاتنی شاندی لیژنەی ئەوقاف وكاروباری ئاینییان بۆ وڵاتی بەلجیكا بەگرنگ زانی دەستخۆشیان لەپەرلەمانی كوردستان كرد لەچوارچێوەی لیژنەیەك كاروباری سەرجەم ئایینەكانیانی رێكخستووە ئەمەشیان بە نیشانەی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دانا، هەروەك ئەزموونی هەرێمی كوردستانیان بەسەركەتوو وەسفكرد لەپەرەپێدان بە كەلتووری بە پەكەوەژیانی ئاشتییانە بۆ هەموو پێكهاتەكان و سەرسامی خۆیان بەو بایەخدانەی هەرێمی كوردستان بە پێكهاتە ئاینییەكان دەربڕی.
رۆڵی هێزی پێشمەرگەیان بە گرنگ وەسفكرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و دووپاتی پشتیوانی وڵاتەكەیان كردەوە بۆ هەرێمی كوردستان لەپێناو بنبڕكردنی تیرۆرو جەختیشیان لەپشتیوانی وڵاتەكەیان كرد بۆ هەرێمی كوردستان بە تایبەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش.
هەر لە میانەی سەردانەكەیاندا شاندی لیژنەی ئەوقاف ژمارەیەك كەنیسە و شوێنەواری وڵاتەكەیان بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی پاراستنی شوێنەوارەكان كرا. 
هەرلە پەراوێزی سەردانەكەیاندا لەوڵاتی بەلجیكا و بروكسل سەردانی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان لە یەكێتی ئەوروپا كرد، لە دانیشتنێكدا لەگەل دلاوەر خالد ئاژگەیی بەرپرسی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا باس لە دەرئەنجامی سەردانی لیژنەی ئەوقاف كرا بۆ ژمارەیەك وڵات، ئەنجام دانی چەندین دیدارو كۆبوونەوەی گرنگ سەبارەت بەرەوشی پێكەوەژیان و ئازادیی ئایینی، سەردانەكە بەپێویست داندرا ، جەخت لەسەربەردەوامی ئەم جۆرە سەردان و دیدارانە كران.
بەهاكانی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەهەرێمی كوردستان، یاساو بریارەكانی پەرلەمانی كوردستان پەیوەست بەم بابەتەیە، شاندی لیژنەی ئەوقاف رۆڵی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان بەرزنرخاند لە دروستكردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان  یەكێتی ئەوروپاو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەپرسی بەفەرمی ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەكان و رێزگرتن لە دایكە عائیشە دایكی شەهیدان وهاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هەرلەمیانەی سەردانەكەنماندا چەند دانەیەك لەكتێبی “بۆ مێژوو”ی سەرۆك بارزانی بەزمانی وڵاتەكان پێشكەشی بەرپرسانی ئەو وڵاتانە كرا بۆ پیشاندانی‌ ئەو مێژووەی‌ كە سەرۆك مسعود بارزانی‌ لە رابەرایەتی‌ گەلی‌ كوردستان تۆماری كردووە.

بابەتى پەیوەندیدار جۆراوجۆر

زۆرترین بینراو