پارتی و بەرپرسێكی گەندەڵی پارتی!

هۆگر نێروەیی

كەبەشداری لەدەنگدان ناكەی، یان لە ڕقی بەرپرسێكی گەندەڵ دەنگ بەحیزبێكی تر دەدەی ئەوكات بەرپرسی گەندەڵ سزا نادەی بەڵكو پارتی سزا دەدەی! كەدەنگ بەپارتی نادەی واتای ئەوە نییە دەنگ بە بەرپرس نادەی بەڵكو دەنگ بەبارزانی نادەی! كە لەبەهاری تەمەنی خۆی تائێستا بۆ من و تۆ و تاك بەتاكی كورد خۆی نەچەماندووە بەرامبەر بە دووژمنی شۆڤێنی و سازشی لەسەر هیچ مافێكی كورد نەكردووە. 
زۆرن ئەو بەرپرسانەی لەناو پارتی كە پڕن لە گەندەڵی و خەڵكێكی زۆریان لە پارتی ساردكردۆتەوە، بەڵام پارتی بێ كەموكورتییە، میتۆدی بارزانیزمە، كە هەگبەی پڕە لە سەروەری و دەستكەوت، كە خۆنەچەماندن و كوردستانێكی بەهێز قسە و كرداری سەرەتا و كۆتاییەتی. پارتی بوو شكۆی بۆ تاكی كورد گەڕاندەوە، پارتی بوو نەتەوەی كوردی زیندوو كردەوە كە بەرەو نەمان دەچوو، پارتی بوو پرسی كوردی هێنایە سەر مێزی گفتوگۆكردن شەرعیەتی دا بە دۆزی كورد وەكو هەموو نەتەوەكانی تر. بارزانی بوو بە دووژمنی وت نەخێر، بارزانی بوو بە ئەمریكای وت نەخێر، بارزانی بوو بەهەرچی نەیار و دوژمنی كوردە وتی نەخێر. كە نەخێری بارزانی بووە بە ڕەمزی نەخێری ژێر دەستی و چەوسانەوەی زیاتری كورد. 
جیاوازی بكەن لەنێوان بەرپرس و كادری پارتی و حیزبی پارتی، خەڵك لە ڕەفتاری من كە كادرێكی پارتی یان بەرپرسێكی پارتی توڕەیە حەقی خۆیانە، هەر یەك 
لەئێمە بەپێی قەبارەی بەر پرسیارێتی خۆمان بەرپرسین لە هەر كەموكورتی و خراپ گوزەرانی ژیانی خەڵك بەڵام ئامانج و پرەنسیپەكانی پارتی هەمیشە هەوڵی باشتر و باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی كوردستانی كردووە، كرۆكی دامەزراندنی پارتی بۆ ئەوە بوو گشت مافەكانی كورد و كوردستان بەدەست بهێنێت. 
بەرەو هەڵبژاردنێكی چارەنووساز دەچین، با ئێستا واز لەگلەیی بهێنین، تەنها شتێك لەمێشكمان دابێت كە ئەوەی دەیكەین بۆ بەرپرس نییە، بەڵكو بۆ پارتی و بارزانی یە، ئەوەش بزانین پارتی حیزبی بەرپرس نییە بەڵكو حیزبی من و تۆ و هەموو كوردستانیەكانە، با سندوقەكانی دەنگ دان پڕبكەین لە دەنگی پارتی و زۆرترین كاندیدی بارزانیمان لەگۆڕەپانی سیاسەتی بەغدا هەبێت، ئەمجارە یان دەستوور بەتەواوی وەك خۆی جێبەجێ دەكەن یان ئیدی ناگەڕێینەوە بۆ بەغدا كە لە لێواری مەرگ دایە، گەر دەستوور جێبەجێ نەكەن ئیدی شتێك نامێنێتەوە بەناوی عێراق. 
گلەییمان با بۆ دوای هەڵبژاردن بێت، ئەو كات بەدەنگێگی بوێرانە بەرامبەر هەر بەرپرس و كەسێك كە زیانی بۆ پارتی و خەڵكی كوردستان هەبووە بوەستین و ڕایەكی گشتی دروست بكەین بۆ دورخستنەوە یان ئیدی نەهێڵین هیچ بەرپرسێك لە پرەنسیپەكانی پارتی دەربچێت كە لەسەری دامەزراوە، كە پارتی وەكو ئامرازێك بۆ دەوڵەمەنكردنی شەخسی خۆی بەكاربهێنێت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو