ناڤاس: نابمە یەدەگی هیچ گۆڵپارێزێك

ناڤاس: نابمە یەدەگی هیچ گۆڵپارێزێك

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: كایلۆر ناڤاس، گۆڵپارێزی كۆستاریكی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی، رازی نییە ببێتە یەدەگی هیچ گۆڵپارێزێكی جیهان.
یانەی پاریس سانجێرمان نزیكە لە گرێبەستكردن لەگەڵ جیانلویجی دۆنارۆمای گۆڵپارێزی یانەی میلانی ئیتاڵی، ئەمەش بەدڵی ناڤاس نییە، چونكە ئەو هێشتا زۆر متمانەی بە تواناكانی خۆی هەیەو هیچ گۆڵپارێزێك بە شایەنی ئەوە نازانێت ببێتە یەدەگی.
وەك میدیای فەڕەنسا باسی دەكات، ناڤاس بە هاتنی دۆنارۆما بڕیاری رۆیشتن دەدات، چونكە دەزانێت یانەكەی بۆ ئەوە گرێبەست لەگەڵ گۆڵپارێزێكی وەك دۆنارۆما ناكات بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵپارێزی یەدەك، خۆیشی بەوە رازی نابێت ببێتە یەدەگ، بۆیە بیر لە رۆیشتن دەكاتەوە.
هەندێك لە سەرچاوەكانیش دەڵێن" میلانیش بیر لەوە دەكاتەوە كە لە بەرامبەر فرۆشتنی دۆنارۆمادا گرێبەست لەگەڵ ناڤاسدا بكات".
ناڤاس، ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریسی لە هاوینی 2024 كۆتایی دێت، لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ پاریس سانجێرماندا بەشداری لە 45 یاری لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەكاندا كردو 20 كلین شیتی هەبوو، 36 گۆڵیشی لێكرا.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لە فەڕەنسا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەگەری ئەوە هەیە سبەی پێنجشەممە پاریس سانجێرمان گرێبەستكردنی لەگەڵ دۆنارۆما رابگەینێت.

 

زۆرترین بینراو