شاڵاو : حەز دەكەم وەك گەنجێكی كورد یاری بۆ یانەی بەرشە بكەم

شاڵاو : حەز دەكەم وەك گەنجێكی كورد یاری بۆ یانەی بەرشە بكەم

مەهدی محەممەد – رواندز :
لەكاتی یاریكردندا هێمن و لەسەرخۆییە، بەڵام ئەوەندە دۆستایەتی لەگەڵ تۆپ بەهێزە، كاتێ بە یەكتر دەگەن، هەروەك ناوەكەی شاڵاوئاسا پەلاماری گۆڵی بەرامبەر دەدات. 
حەزی ئەو بۆ سەركەوتن، هەمیشە وای لێكردووە برسی گۆڵكردن بێت، بۆیە هەروەكو خۆی باسیدەكات لە ژیانی وەرزشیدا زیاتر لە 200 گۆڵی تۆماركردووە.
شاڵاو حەسەن محەممەد ی تەمەن 16 ساڵ، یەكێكە لە یاریزانە ئاست بەرز و بەتواناكانی هەڵبژاردەی رواندز و بەچكە شێرانی زەنگ، ئەو لە هێڵی هێڕشبردن و ناوەڕاست یاری دەكات و خەون و ئامانجی گەورەی هەیە، لە دیمانەیەكی كورتی زاری كرمانجی باس لە بایەخدان و جیاوازی نێوان یاریزانانی تازە پێگەیشتووی كوردستان و دەرەوەی وڵات دەكات و دەڵێ‌"لێرە وەكو پێویست بایەخ بە یاریزانانی تازە پێگەیشتوو نادرێت و دەبێ پشت بە خۆیان ببەستن لەپێناو دابینكردنی پێداویستییەكانی وەرزش، یاریزان هەیە كار دەكات تا یەكێك لە پێداویستییەكانی وەرزشی دەكڕێت، كەچی یاریزانانی دەرەوە لەگەڵ دەركەوتنی بەهرەكانیان، یانەكان خاوەنداریەتی لێ دەكەن و پەروەردەییان دەكەن تا گەورە دەبن، بۆیە پێویستە لەسەر یانەكانی كوردستانیش لە چوارچێوەی ئاكادیمیاكان یاریزانانی تازە پێگەیشتوو وەربگرن و پەروەردەییان بكەن"،
خەونی شاڵاو لە داهاتوودا یاریكردنە بۆ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و دەڵێ‌"زۆر دەمێكە هاندەری یانەی بەرشەم، بۆیە یەكێك لە ئامانجەكانم ئەوەیە لە دوارۆژدا وەك گەنجێكی كورد یاری بۆ ئەو یانەیە بكەم".

زۆرترین بینراو