چەند زانکۆیەکی یۆنان کورسی خوێندن پێشکەش بە هەرێمی کوردستان دەکەن

چەند زانکۆیەکی یۆنان کورسی خوێندن پێشکەش بە هەرێمی کوردستان دەکەن

زاری كرمانجی - لە دەرەنجامی سەردانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و شاندی وەزارەت بۆ وڵاتی یۆنان، زانکۆی نێودەوڵەتی سالۆنیکی وڵاتی یۆنان بڕیاریدا، ژمارەیەک کورسی خوێندنی ماستەر لە بواری یاسا بە هەرێمی کوردستان ببەخشێت. لەلایەکی دیکەشەوە زانکۆیHelenic Mediterranean بڕیاریدا بۆ ساڵی داهاتوو کورسی خوێندن لەبواری زانستە پیشەیی و کردارەکییەکان بۆ خوێندکارانی کورد دەستەبەر بکات.
 
لەدرێژەی سەردانەکەیان بۆ وڵاتی یۆنان شاندی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک و دەستەی سەرۆکایەتی (زانکۆی مەسەدۆنیا، زانکۆی ئەرستۆ لە سالۆنیکی، زانکۆی نێودەوڵەتی سالۆنیکی، دامەزراوەی تەکنۆپۆلیس) کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: تێگەیشتنی هاوبەشمان لەگەڵ زانکۆکانی ئەو وڵاتە هەیە کە بەیەکەوە دەتوانین لە چەندین بوار هەماهەنگی لەگەڵ بکەین، بەتایبەت لە بواری ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و مامۆستایان و دابینکردنی زەمالەی خوێندن و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و پەرەپێدانی پرۆگرامەکان و ئەو پرسانەی دەتوانین بەیەکەوە توێژەرانی هەردوولا کاری لەسەر بکەن، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆکانی هەردوولاش دەتوانن لەسەر ئاستی بەشەکانیان هەماهەنگی بکەن.
لەلایەن خۆشیانەوە سەرۆک و دەستەی سەرۆکایەتی زانکۆکان، پێشوازی گەرمیان لە وتەو پێشنیازەکانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردو بەڵێنیاندا پەیوەندی و هەماهەنگیان لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان فراوان بکەن، لەلایەن خۆشیەوە زانکۆی نێودەوڵەتی سالۆنیکی بڕیاریدا ژمارەیەک کورسی خوێندنی ماستەر لە هەندێک بواری گرنگ بەهەرێمی کوردستان ببەخشێت، لە گرنگترین بوارەکانیش (یاسای کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان، یاسای نێودەوڵەتی بانک، یاسای نێودەوڵەتی وزە، یاسای تایبەت بە پاراستنی دامەزراوە کلتوورییە گرنگەکان)، جێگەی ئاماژەیە کە پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەم زانکۆیە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بازاڕی کار هەیە بەمەبەستی زامنکردن و دابینکردنی کار بۆ دەرچووانی زانکۆکە.
 
لەلایەکی دیکەوە وەفدی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی دامەزراوەی (تەکنۆپۆلیس) یان لە یۆنان کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوەکە جەخت لە دروستکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان هەردوولا کرایەوە بۆ هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە زانستییەکان لە بواری بەدەستهێنانی هەلی کارو کارسازی.
هەر لە درێژەی سەردانەکەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ وڵاتی یۆنان، زانکۆی Helenic Mediterranean یان بەسەرکردەوە، لەو سەردانەدا کە سەرۆک و ستافی سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەی بوون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تاقیگەکانی نانۆ تەکنەلۆجی و تاقیگەی پرینتەری سێ ڕەهەندی بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتن لەگەڵ زانکۆی Helenic Mediterranean ئیمزا بکرێت، تایبەت بە ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان وقوتابیان و ستافی مامۆستایان و دەستەبەرکردنی دەرفەتی کۆرساتی کورت خایەن و هەروەها ئاڵوگۆڕی تەکنەلۆجی و پەیوەندی بەردەوام لەنێوان هەردوولا.
لەلایەن خۆشیەوە زانکۆی Helenic Mediterranean بڕیاریدا بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن ژمارەیەک زەمالەی خوێندن لەبواری زانستە پیشەیی و کردارەکییەکان بۆ قوتابیانی کورد دەستەبەر بکات.