دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
بەناوی گەلی کوردستان بە گەرمی بەخێرهاتنی جەنابتان دەکەین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، جەنابی سەرۆک زۆر بەخێربێن.
 
لە کۆبوونەوەکەماندا، ئەمڕۆ باسمان لە پەیوەندییەکانی هەردوولا کرد، دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقمان تاوتوێ کرد. دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچە بەگشتی و پێشبینییەکان بۆ داهاتوو، بیروڕامان گۆڕییەوە. جەختمان کردەوە لە برەودان بە پەیوەندییەکانمان و فراوانکردنی هاوبەشی و هاوکاری و بەردەوامیی پشتگیریی فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا، لەم دۆخە هەستیارەدا و لە کاتێکدا کە عێراق بەرەو پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی نیشتمانی دەڕوات، سەردانی سەرۆک ماکرۆن بۆ بەغدا و هەولێر زۆر مایەی مایەبەخش و پەیامێکی روونی بەردەوامیی پشتگیریی فەرەنسایە بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئێمە بە پێزانین و بایەخێکی زۆرەوە لەم سەردانە دەڕوانین.
 
جەنابی سەرۆک ئێوە رۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەتان هەبوو لە کۆکردنەوەی سەرکردەکان و ئەنجامدان و سەرخستنی کۆنگرەی لووتکەی بەغدا، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە و بۆ پشتگیریی جەنابتان لە عێراق، هیوادارین ئەنجامەکانی کۆنگرە ببێتە مایەی سەقامگیری و ئارامی بۆ عێراق و بۆ ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی، بە بەردەوامیی هەوڵ و پشتگیریی جەنابتان، ناکۆکی و کێشەکانی ناوچە، هیوادارین چارەسەر ببێت، وەک بیرهاتنەوەیەکی پێویست، زۆر سوپاسی هەڵوێست و رۆڵی سەرۆک ماکرۆن دەکەم لە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی پاییزی 2017 لەگەڵ بەغدا و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی سیاسی و دیپلۆماسی بەڕووی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی جەنابتان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان دەستپێکردەوە و لێکتێگەیشتن و ئارامی دروستبوو.
 
ئێمە لە عێراق، پێویستیمان بە یارمەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، کە هێشتا لە عێراق و ناوچەکە و جیهانیش مەترسییەکی راستەقینەیە، پێویستیمان بە یارمەتییە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی دیموکراسی و کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بۆ چاکسازی و پێشکەوتن، بۆ بەشداری و هاوبەشیی پێکهاتەکان لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵاتدا [پێویستیمان بە یارمەتی] هەیە. بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیان و بۆئەوەی هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەتی کریستیانەکان و ئێزدییەکان هەست بە متمانە و دڵنیایی بکەن لەم وڵاتەدا، بۆیە چاومان لە بەردەوامیی کاری پێکەوەیی و پشتگیریی فەرەنسایە وەک هێزێکی کاریگەر و ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە پێگە و رۆڵێکی کارای هەیە لەسەر ئاستی جیهان، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لە بوارەکانی ئابووری و وزە و بازرگانی و کولتووری، ئەکادیمی و زانستی و پێویستییەکانی دیکەی وڵات.
 
عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوبەشێکی باشی فەرەنسا بن، کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەتوانن بەشداریی بەهێز بکەن لە پەرەپێدان و پێشخستنی کار و پرۆژەکاندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق. دەتوانن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بکەن، لەمبارەشەوە هەموو پشتگیری و ئاسانکارییەک لە هەرێمی کوردستاندا دابین دەکرێت.
 
دووبارە جەنابی سەرۆک زۆر بەخێر بێیت بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، مێرسی.

زۆرترین بینراو