زاری کرمانجی بەدوواداچون بۆ کەیسی ئەو ئافرەتەی لەسەر بان فرێدراوەتە خوار دەکات

زاری کرمانجی بەدوواداچون بۆ کەیسی ئەو ئافرەتەی لەسەر بان فرێدراوەتە خوار دەکات

رۆژان قیاس_زاری کرمانجی _سۆران:

کاتژمێر ١٠:٣٠ بەیانی رۆژی دوشەمە ٩_٨_٢٠٢١، بەهۆی دەمەقالێی نێوان دوو هاوسەرەوە، ئافرەتەکە لەسەر بانی ماڵەوەیان فرێ دەدرێتە خوارەوە، تا ئێستا ئاشکرا نەبووە کە خۆی فرێ داوە یاخود لە لایەن هاوسەرەکەیەوە فرێدراوە. 

نه‌قیب شێروان خالید، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” ئێمە وەکو بەرێوەبەرایەتی بەرنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانی سۆران پەراوی تایبەت بەم کەیسەمان کردۆتەوەو بەدواداچونمان بۆ ئەم روداوە کردووە، لێدوانی هەردوو خەنەوادەی پیاوەکە و ئافرەتەکەمان وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئافرەتەکە هێشتا لە باری بێهۆشیدایە نەتوانراوە لێدوانی وەربگیرێت”.

نه‌قیب شێروان خالید، لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکە گووتی” دوای دەمەقاڵێی نێوان ئەو دوو هاوسەرە، ئافرەتەکە لەسەر بانی مالەوەیان فرێ دەدرێتە خوارەوە، دواتر لە لایەن خەزوری ئافرەتەکە و خوشکی پیاوەکەی دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە، پیاوەکەی لەگەلیان نەبووە، لەوێ خەزوری ئیمان گوتویەتی لە ئەنجامی شەری نێوان خۆی و هاوسەرەکەی وای لێ هاتووە، دواتر بەهۆی سەختی برینەکانی ئیمان دەگوازرێتەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی هەولێر، لەوێ دوای پشکنینەکان دەردەکەوێ کە سێ دانە پەراستووی شکاوەو توشی خوێن بەربوونی ناوەکی بووە، بە پێی زانیاریەکانمان نەشتەرگەری بۆ سەری ئەنجام دراوە، و دکتور ٧٢ کاتژمێری بۆ دانبوو، بەلام تا ئێستا نەهاتۆتەوە هۆش خۆی”.

نه‌قیب شێروان خالید، گوتیشی” تا ئێستا هیچ کەسێک لای ئێمە سکاڵای دژی هاوسەری ئیمان تۆمار نەکردووە، ئەمرۆ بابی ئیمان لە بنکەی ئاسایشی هەرێم سکاڵای دژی زێوەر ئەزهەر هاوسەری ئیمان، تۆمار کردووە، ئێمەش لە لێکۆڵینەوە بەردەوامین”.

زۆرترین بینراو