فازڵ میرانی: بە پیلانێك شۆڕشی ئەیلوول كۆتایی هات، بەڵام شۆڕشی گوڵان دەستی پێكردەوە

فازڵ میرانی: بە پیلانێك شۆڕشی ئەیلوول كۆتایی هات، بەڵام شۆڕشی گوڵان دەستی پێكردەوە

زاری كرمانجی -  لە یادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی پیلانێكی ئیقلیمی بووە هۆی كۆتاییهێنان بە شۆڕشی ئەیلوول، بەڵام ئیرادەی گەلی كورد كۆتایی پێ نەهات و بە سەركردایەتیی بارزانیی نەمر، شۆڕشی گوڵان دەستی پێكردەوە.

 

بە بۆنەی تێپەڕینی ٤٥ ساڵ بەسەر شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز، لە كۆڕێكی تایبەتدا و لە كاتی كردنەوەی لقی (23)ی پارتی، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بینیمان لە پیلانێكی ئیقلیمیدا شۆڕشی ئەیلوول كۆتایی پێهات، بەڵام ئیرادەی گەلی كورد كۆتایی پێ نەهات و لە 26ـی گوڵانی 1976 بە فەرمانی بارزانیی نەمر، شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵان، وەك درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ تەواوكردنی ئامانجە بەدینەهاتووەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان، یەكەم بڵێسەی دا و كاروانی خەباتی نەپساوەی گەلەكەمانی درێژە پێدا.

 

میرانی ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی لە ئێستا هەیە بەرهەمی هەمووانە، كە ئەمڕۆ شانبەشان لەگەڵ پێكهاتە جیاوازە ئایینی و سیاسی و نەتەوەییەكانەوە خاوەنی هەرێمی كوردستانین و سەرۆكایەتی و حكوومەت و پەرلەمان و فڕۆكەخانەی خۆمانمان هەیە، ئەركی هەموو تاكێكی هەرێمی كوردستانە بە تەواوی چین و توێژ و پێكهاتەكانییەوە بیپارێزێت.

 

جەختیشی لەوە كردەوە، كە یەكێتیی میلـلەتی كوردستان لە راپەریندا خۆی نواند، ئەویش بە سەركردایەتیی سەرۆك مەسعوود بارزانی، كە راپەڕین سەریگرت و هەر لەوكاتیشدا، بە بڕیاری سەرۆك بارزانی رابردووی لە لایەك دانا و لێخۆشبوونی بۆ پیاوانی حكوومەت دەركرد، ئەوەش لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و پێكەوەژیان و نەهێشتنی رۆحییەتی تۆڵەكردنەوە.

 

میرانی، نموونەی كۆنگرەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی رژێمی پێشووی عێراقی هێنایەوە، كە لە مانگی ١٢ی ٢٠٠٢  بەستراوە، سەرۆك مەسعوود بارزانی داوای لە لایەنەكان كردووە، كە گیانی تۆڵە وەلاوە بنێن و لە بەرانبەردا برەو بە گیانی لێخۆشبوون و ئاشتی و پێكەوەژیان بدەن، ئەوەشی گوت كە هەر لەو كۆنگرەیەدا ئۆپۆزسیۆنی عێراقی ئەو سیاسەتەی بارزانییان بە نموونە هێناوەتەوە و دەیانگوت نابێ ئێمە تۆڵە بكەینەوە و دەبێ گیانی پێكەوەژیان بچێنین.

 

 

فازیل میرانی، لە درێژەی گوتەكانیدا، تیشكی خستە سەر ململانێی لایەنەكان و بە مافێكی سرووشتیی ناو برد، جەختیشی لەوە كردەوە كە پارتی پارێزەری ئەو مافەیە، گوتیشی: "دەبێ جیاوازییەكان لە دیالۆگدا رەنگدانەوەی هەبێ، كە ئامادەبوونی برا خوشك و عەرەبەكانیش لێرە دەبینم، جێی دڵخۆشییە، ئەوەش بۆ باشیی ئەدای پارتی دەگەڕێتەوە، كە خەڵكی لێ كۆدەبنەوە، ئەم خوشك و برا عەرەبانەش لە دەوری پارتی كۆبوونەتەوە، بە ویستی خۆیان بووە و دوای هەڵسەنگاندنیان بۆ پارتی، ئەوكات وەها بڕیارێكیان داوە".

 

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونیشی كردەوە، رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزبوونی ئەم حیزبەی هەر لە ساڵی 1946ەوە، بۆ كۆمەڵێك خاسیەتی تایبەتی پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی گێڕایەوە، نموونەیشی بەوە هێنایەوە كە پەیڕەو و پڕۆگرامەكەی لەگەڵ كۆی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە جیاوازیی چین و توێژ و پێكهاتەكانەوە و لە هەموو روویەكەوە دەگونجێت، هەر ئەوەش یەكێكە لە هۆكارەكانی مانەوە و بەهێزبوونەوەی پارتی، "بە سوپاسەوە تا دوێنێ بارزانیی نەمر سەركردایەتیی وەها پارتێكی كردووە و ئەمڕۆش جەنابی كاك مەسعوود بارزانی و كاك نێچیرڤان و كاك مەسروورن".

زۆرترین بینراو