لیزا كاكەیی : كابینەی نۆیەم هیچ قەرزێكی نەكردووە، تەنها پەیوەستە بە پابەندی دارایی

لیزا كاكەیی : كابینەی نۆیەم هیچ قەرزێكی نەكردووە، تەنها پەیوەستە بە پابەندی دارایی

زاری كرمانجی: لیزا كاكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئاشكرای كردوە كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ قەرزێكی نەكردووە تەنها پابەندی دارایی بووە .

ئاماژەشی بەوەداوە " دوای ئەوەی لە کۆتا دانیشتنی پەرلەمانیدا پرسی قەرز بووبە بابەتێکی دانیشتنەکە، و باس لەوە کرا کە پابەندییە داراییەکانی حکومەتی هەرێم بە بڕی ۳ملیار و ۸۲ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە، ئەمەش لە لایەن هەندێک پەرلەمانتارەوە تەفسیری ناڕاستی بۆکرا.

وەکو ئەندامێکی لیژنەی دارایی وکاروباری ئابووری بە پێویستم زانی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەم، ولە ڕاستی و دروستی بابەتەکە بکۆڵمەوە تا سەر لە خەڵک نەشێوێنرێ وبەهەڵە تێنەگەن.

زیاتر دەڵێ" ئەنجامی بەدواداچوونەکەم بەم شێوەیە بوو:
کۆی گشتی پابەندییە داراییەکان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم تا رێککەوتی ٣٠ ی نیسانی ٢٠٢٠ بریتی بووە لە
۲۸ ملیار و ٤۷۷ ملیۆن دۆلار، ئەمەش پابەندیی داراییە نەک قەرز، چونکە لە ڕووی دەستووری وقانونیەوە وەرگرتنی قەرز دەسەڵاتێکی حصری فیدڕاڵیە، وحکومەتی هەرێم هیچ ڕێکەوتنێکی قەرزیی ئیمزا نەکردوە.

ئاشكراشی دەكات " دوایی ئەوەی وەزارەتی دارایی لە مانگی ١٠ ی ساڵی ٢٠٢٠ بریاریدا مانگەکانی پێدانی مووچە راستبکاتەوە  وبۆ ئەوەی موچە مانگانە لە وادەی خۆیدا بدرێت،چونکە ئەوکات مووچەی مانگی ٥ لە مانگی ١٠ دا ئەدرا، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردرا کە کۆی مووچەی پێنج مانگی فەرمانبەران بۆ ساڵی ۲٠۲٠ (بەبێ لێبرینی ٪۲۱)
کە بڕەکەی دەکاتە ۳ ملیار و ۸۲ ملیۆن دۆلار وەک (مووچەی خەرجنەکراو) لە وەزارەتی دارایی تۆمار بکرێت، و ئەم مەبلەغەش وەکو پابەندبوونێکی دارایی زیادبوو لەسەر پابەندییەکانی پێشووی ئەستۆی هەرێم.
دەرئەنجام:
یەکەم: دۆسییەی پابەندییە داراییەکان تا ئێستا لە دیوانی چاودێری داراییە و پرۆسەی وردبینی تەواو نەبووە و موسادەقەی لەسەر نەکراوە. 
دووەم: بەداخەوە ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی بەرێز بەهۆی ئەوەی لە رووی پسپۆرییەوە دوورن لە بابەتەکەوە و ئەندامی لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمانی نین، بەبێ بەدواداچوون و پرسیارکردن دەستیان کردووە بە لێکدانەوەی جیاواز و هەڵە بۆ بابەتەکە و وای لێکدەدەنەوە کە لە ماوەی ئەمساڵەدا حکومەت بە کاش ٣ ملیار دۆلاری قەرزکردووە کە ئەمە ئەسڵی نیە، و لە ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٠ ەوە تاوەکو ئێستا کابینەی نۆیەم هیچ قەرزێکی نەکردووە، و ئەو زیاد بوونە (لە ٢٨ ملیار دۆلارەوە بۆ ٣١ ملیار دۆلار) تەنها پەیوەستە بە پابەندی دارایی شایستە ومافی ٥ مانگی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی ٣ ملیار دۆلارە وئیزافە کراوە وهیچی تر.