گەل بڕیاری خۆیدا و هەندێك كەس و لایەن سزا دران

نازم شێخانی 

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق چارەنووس سازبوو بۆ گەلی عێراق بەگشتی و گەلی كورد بەتایبەتی، گەلانی عێراق لە چاوەڕوانی لە دایكبوونی حكومەتێكی بەهێزن، بۆ ئەوەی لە كێشەی سیاسی و ئابووری رزگاریان بێت، لەبەرامبەردا گەلی كورد چاوەڕوانی ئەوە دەكات لە حكومەتی داهاتوو پێگەیەكی بەهێزی هەبێت و نوێنەرەكانیان بتوانێت بەرگری لەمافە رەواكانیان بكات، هەر بۆیە بڕیاری خۆیداو سزای هەندێك كەس و لایەنی دا .
پێش هەڵبژاردن قسەی زۆر دەكراو پڕوپاگەندەی زۆرمان بیست، كۆمەڵێك تۆمەت و هێرشی ناڕەوا گووترا لەسەر هێزێكی رەسەنی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام پارتی كەمترین وەڵامی هەبوو، هەوڵیدا بەكردەوە بۆ جیهانی بیسەلمێنێت زۆر لەو حیزب و لایەنانە گەورەترە وەڵامیان بداتەوە، چونكە باش دەیزانی لەسەر سندوقی دەنگدان گەل چ بڕیارێك دەدات و بەكردوەش بڕیاری گەل ئاشكرا بوو، كە كێ سزای گەلی وەرگرت و كام لایەنیش متمانەی گەلی بەدەستهێنا .
گەل لایەن و حزبێكی ناوێت، تەنها دروشمی چەواشەكاری پیشەی بێت بەڵكو گەل دەیەوێت خەڵكانێك ڕابەرایەتی بكات كە بتوانێت بەرگری لە مافە ڕەواكانی بكات و خۆش بەختی و خۆشگوزەرانی بۆ فەراهەم بكات، سزای گەل بۆ هەر هێزو لایەنێك بێت سزایەكی قورسە، چونكە ئەوە گەلە بڕیار لەسەر بەهێزبوونی سیاسییەكان دەدات، هەر بۆیەش پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێك لەدروشمەكانی هەڵبژاردن ئەوەبوو پارتێكی بەهێز هەڵبژێرە، چونكە پارتی هەڵقوڵاوی ناخی گەل و باشیش دەزانێت گەل چ داواكاریەكی هەیە و بە پێچەوانەی ئەو لایەن و كەسانە كاری كردووە كەخەڵكیان چەواشە كردوە .
گەل سزای ئەو كەسانەی دا كە زومی كامیڕای تیڤی یەكان دەكەوتە سەریان خۆیان بە پاڵەوانی ئەم كوردستانە نمایش دەكرد، پێیان وابوو ئەوان لەبەرەی گەلن و سەربەخۆن، بەڵام كام سەربەخۆ ئەو سەر بەخۆیەی هەڵقوڵاوی نێو ناخی گەل بێت، یان ئەو سەر بەخۆیەیی جاشایەتی حەشد و عەرەبە شۆڤینیەكان بێت، بۆیە گەل باش تێگەیشیت ئەوانەی پڕو پاگەندەی سەر بەخۆی خۆیان دەكەن نەك هەر سەر بەخۆ نین بەڵكو بۆنەتە دار عەسای بێگانە .
جگە لەشكستی هەندێك كاندیدی بەنێو سەربەخۆ لایەنێكی تر بەر سزای گەل كەوت، ئەو لایەنە شەو و ڕۆژ وەك نوێنەری خوای گەورە لەسەر زەوی قسە و گوفتار پیشەی رۆژانەی بوو، لەبیری چوو بوو نوێنەرەكانی چۆن پشتیان لەگەل و مزگەوت كرد، تاكە درووشمیان ئەوەبوو هەموو لایەنەكانیان پێ گەندەڵ و فاسد بوو تەنها خۆیان وەك زێڕی عەیار بیست و یەك نمایش دەكرد، هەر ئەمەش وایكرد مانگی هەنگوینی لەگەڵ لایەنێك بەكۆتا بهێنێت، سەردەمانێك سەری زمان و ژێر زمانیان  ئەوەبوو ئەوان لەبەرەی گەلن و خەڵك لەبەرەی دەسەڵاتە ، خەونی بەدەستهێنانی كورسی هەموو هۆشی بردبون و وەك تووتی  تەنها لەیەك ئاواز دەیانخۆێند ، جگە لەئاوازی كورسی هیچ ئاوازێكی تریان نەدەزانی بخوێنێت و ئاینیان بۆ چەواشەكردنی گەل بەكار دەهێنا، بەڵام گەلی زیندوو توانی سزایەكیان بدات دڵنیام دوای هەڵبژاردن تووشی كێشەیەكی نێوە خۆدەبن و وەك گەڵای پاییز گەڵاكانیان هەردەوەرێ .
لەلایەكی تر  حزبێك خیانەت بۆتە پیشەیی و لە(16)ئۆكتۆبەر كەركوكی دڵی كوردستانی رادەستی عەرەبی شۆڤینی كرد، تاوەكو گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك، خەونیان بەوە دەبینی ئاڵای كوردستان بەئاشكرا هەڵبكەن، بینیمان چۆن بەر سزای گەل كەوتن، هیچ شتێك نەمابوو بیكەن تەنها ئەو نەبێت لە رۆژی هەڵبژاردن لە رێگەی گریان و فیغانی ئەندام و كادیرانیان كەلە راگەیاندنەكانیان نمایشیان دەكرد تاوەكو  سۆزی گەل بەدەست بهێنەوە ، بەڵام گەلی كورد لەم هەڵبژاردنە زۆر  بەهۆشیارانە بڕیاری خۆیدا و نەكەوتە ژێر سۆز و كاریگەری چەواشەكارییەكان. 
لەپاڵ ئەوەی گەل سزای هەندێك كەس و لایەنی دا ، گەل باش دەیزانی متمانە بەكێ دەكات ، متمانەبە نوێنەرێك دەدات لەلایەن سەرۆك بارزانی دیاری كرابێت .
 نوێنەرێك نوێنەرایەتی حزبێك بكات كە (75)ساڵە قوربانی دەدات لە پێناو بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی كوردستان چۆن متمانەی خەڵك بەدەست ناهێنێت ، حزبێك بتوانێت وڵاتێكی بێ كیان و بێ ئاڵا لەسەرزەوی بگەینێتە هاوشانی وڵاتانی زلهێز و هەولێر بكاتەپایتەختی ئابووری جیهانی و سەركردەی زلهێزی وڵاتان بێن لە هەولێر پشوەك بدەن چۆن متمانەی گەل بەدەست ناهێنن، ئەمجارەش وەك هەڵبژاردنەكانی رابردوو گەل متمانەی بەخشیەوە بەو حزبەی كۆدەنگی و یەك ریزی كوردان ئامانجی سەرەكی بێت ، پیرۆزە لەكاندیدانی سەرۆك بارزانی كەتوانیان متمانەی گەل بەدەست بهێنن. 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو