ئەم مانگە مینحەی زیندانیانی سیاسی دەست پێدەكاتەوە

ئەم مانگە مینحەی زیندانیانی سیاسی دەست پێدەكاتەوە

زاری كرمانجی -  دوای بڕینی مینحەی زیاتر لە پێنج هەزار زیندانیی سیاسی لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا، جێگری سەرۆكی لیژنەی زیندانیانی سیاسی و شەهیدان دەڵێ، ئەم مانگە، مینحە بۆ ئەو زیندانییە سیاسییانە خەرج دەكرێت كە مووچەیان نییە.

ژیان تاهیر، جێگری سەرۆكی لیژنەی زیندانیانی سیاسی و شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی و دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی، حكوومەت مینحەی زیاتر لە پێنج هەزار زیندانیی سیاسی راگرت، چونكە بە گوێرەی یاسا دوای 10 ساڵ مینحەكە كۆتایی دێت، بەڵام ئەوانەی هیچ مووچەیەكیان نییە، نایانگرێتەوە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی زیندانیانی سیاسی و شەهیدان گوتیشی: "پێداچوونەوەی تەواو بە مەلەفی ئەو پێنج هەزار زیندانییەی مینحەیان راگیرابوو، كراوە و دوای پشتڕاستبوونی، بڕیار دراوە ئەم مانگە مینحەی 900 زیندانیی سیاسی خەرج بكرێت، چونكە هیچ مووچەیەكی دیكەیان نییە جگە لەو مینحەیە، پێداچوونەكەش لە كۆی پڕۆسەكە بووە".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "2600 زیندانیی سیاسیی دیكە مەلەفەكانیان پێداچوونەوەی بۆ كراوە و كێشەی تێدا نییە، تەنیا مووچەیان هەیە و پێشتریش مینحەیان پێ دراوە، ئەوانەش سەرپشك كران یان لە مینحەكە سوودمەند دەبن، یان مووچە، كە لە نێوان ئەو دووەدا، یەكێك هەڵدەبژێرن".

زۆرترین بینراو