تا ماڵخۆ دزی گرت دز ماڵخۆی گرت, ڕیفڕاندۆم بەنمونە

ئامانج برادۆستی خوێندکاری دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان  

خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، شەرم بکەن! لە باسکردنی قۆناغەکانی دوای ڕیفراندۆم  ڕیفڕاندۆم مافێکی سرووشتی گەلانە، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە سەدان ریفراندۆم ئەنجام دراوە، تەنها لە ئیتاڵیا (٧٣) جار ریفراندۆم کراوە. دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانیش، هەرسێ ویلایەتی مووسڵ، بەغدا و بەسڕە لەسەر بناغەی دوو ریفراندۆمی فەیکی نادیارەوە بەیەکەوە لکێنران و عێراقی عەرەبیان دروستکرد.

 هەرچەندە هەموو بڕیارەکانی زلهێزەکان لەسەر بناغەی بەرژەوەندی خۆیان بوو، وەلێ لەسەر بنچینەی (Self determinations) و پاراستنی عێراق لە کۆماری تورکیا ئەویش لەڕێی بەکارهێنانی کوردەکان لە دژی تورکیای کۆماری، بەریتانیا دانی نا بە مافی کوردستانی گەورە کە ئەوکات ژمارەی دانیشتوانیان بە پێنج ملیۆن دانیشتووان دەخەمەنڵێندرا، دواتریش  بەریتانییەکان هەرخۆیان ئەو خەونەی کوردیشیان لەباربرد. تەنها لە ساڵی ١٩٩١ زیاتر لە ١٥ وڵاتی جیا لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە سەربەخۆییان وەرگرتووە، لەوانە (ئۆکراینا، کڕواتیا، ئەرمینیا، ئازەربایجان، ئیستۆنیا، جۆرجیا، کۆسۆڤۆ، لاتیڤیا، لیتوانیا و مەکەدۆنیا).  مەرج نییە ئەو وڵاتانەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییان ڕاگرتووە، راستەوخۆ دەستەبەری ئەو سەربەخۆییەیان کردبێت، بەڵکو هەندێک جار دەچێتە قۆناخی هەڵپەساردن بەهۆکاری ئابووری و سیاسیی و هۆکاری دیکە، لەهەمان کاتیشدا دانپێدانانی وڵاتانیش راستەوخۆ نەبوو، بە نموونە ئۆکڕاین، لە ساڵی ١٩٩٣  مەکەدۆن دانیپێداهێنا!  ڕیفراندۆم دوو قۆناخە؛ قۆناخی ئامادەکاری و قۆناخی ئەنجامدان، هەمیشە وڵاتی سەنتەر هەوڵ دەدات لە قۆناخی ئامادەکارییەوە هەوڵەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەبارببات، چونکە لە دوای قۆناخی دووەم، ڕیفڕاندۆم دەبێتە دۆکیومێنتێکی مێژوویی و تەنها ڕیفراندۆمێکی دیکەی هاوشێوە دەیسڕێتەوە. ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ی باشووری کوردستان قۆناخێکی دیکەی جیاوازی بەرەو سەربەخۆیی بڕی، بە تێڕوانینمان لە کاتێکی زۆر گونجاودا ئەنجامدرا، چونکە:

 ١- قۆناخبەندییەکی پاساوهەڵگری بەخۆیەوە بینی، لە ساڵی ١٩٩١ ناوچەی دژە فڕین و لە دوای ڕووخانی سەدامیش فیدڕالی هەرێمی کوردستان لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا جێگیرکرا، بۆیە قۆناخی نوێ دوای ١٥ ساڵ بریتیە دانانی بەردی بناخەی سەربەخۆ بوون.

 ٢- دوای ١٥ ساڵ ئارامی و دانبەخۆداگرتن لە خۆسەپاندنەکانی حکوومەتی مەرکەزی، کاتی ئەوە هاتبوو بڵێن، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی.

 ٣- دوای شکاندنی ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و زیاتر لە ١٠ هەزار قوربانی لە ڕیزەکانی پێشمەرگە، ئیدی کاتی ئەوەبوو سوود لە سۆز و سەرنجی دونیا وەربگیرێت!

 ٤- میواندارییکردن و حەواندنەوەی زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و خەڵکی دەربەدەر لە هەرێمی کوردستان، دووبارە ڕێخۆشکەرێکی دیکە بوو!  هەرچی بەربەستەکانی ڕیفراندۆمەکەی باشووری کوردستان دوو خاڵی ناوخۆیی سەرەکی بوون؛  یەکەم:هۆکاری بابەتی و خودی. دووەم: نەبوونی یەکڕیزی لە نێو هێزە سیاسییەکان، هەرچەندە زۆرینە پالپشتی ڕیفراندۆم بوون.  کە دەڕوانییە دیرۆکی هاوسەنگی هێزو دیپلۆماسییەت، هەمیشە هێز براوە بووە، جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم  لە جیهان و داستانی کۆڕێ لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ئەو راستیە دەچەسپێنن! ڕژێم دوای کەوتنی لە هەولێر داوای دانیشتنی لە بەرەی کوردستانی کرد، بەڵام کە هاوپەیمانان ڕێیان بە فڕینی فڕۆکەکانیان دا بۆ گواستنەوەی لیوا شکستخواردووەکانیان لە کوێت، لە دژی کورد بەکاریانهێنان و دانوستانیان ڕەتکردەوە، خۆشبەختانە داستانی کۆڕێ دووبارە ئیڕادەی شکاندن و بەرەی کوردستانی بە هێزەوە چووە سەر مێزی گفتوگۆ.

 ئەگەر سەرنەگرتن پێوەر بێ بۆ باشی و خراپی؛ کەواتە شۆرشەکانی شێخ مەحموودی حەفید و کۆماری مەهاباد و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و شۆڕشی نوێی یەکێتی نیشتیمانیش هەموویان شکستخواردوو بوون، بە پێچەوانەوە جگە لەوەی ڕیفراندۆم تەنها بە ڕیفراندۆمێکی دیکە هەڵدەوەشێتەوە، ئەگەر خیانەتەکەی (١٦) ی ئۆکتۆبەر نەبووایە و دوو شەو بەرگریی لە کەرکوک کرابایە، بە دڵنیایەوە ئێستا باڵانس لە بەرژەوەندی کوردستان بوو، جا سەیر لەوەیە لە جیاتی جەماعەتی (١٦)ی ئۆکتۆبەر شەرم بکەن کە قسە بکەن، هێشتا ئەوان و هاوئاوازەکانییان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە هەڵە دەزانن، کورد گوتەنی .تاوەکو ماڵخۆ دزی گرت، دز ماڵخۆی گرت". 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو