تا ئێستا 2763 كەس بێ سەرو شوێنن

تا ئێستا 2763 كەس بێ سەرو شوێنن

زاری كرمانجی- سۆران: نووسینگەی رزگاركردنی ڕفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش ئاشكرای دەكات، تا ئێستا 3550 كەس رزگار كراون و 104 دیكەش لەوان شەهید كراون و، 2763 كەسی تریش لە ڕفێندراوەكان ماون و تا ئێستا رزگار نەكراون.

لە راگەیەندراوێكدا هاتووە "دوائاماری نووسینگەی رزگاركردنی ڕفێنراوانی ئێزدی تایبەت بە تاوانەكانی تیرۆریستانی داعش دەرهەق بە ئێزدییەكان لە 3-8-2014 بڵاو دەكەینەوە، كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە‌ باوەڕپێكراوە."
ئاماژە بەوە "ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق (550) هەزار كەسە، (360) هەزاریان لە هێرشی تیرۆریستانی داعش ئاوارە بوون و، (150) هەزاریان گەڕاونەتەوە شنگال".

نووسینگەی رزگاركردنی ڕفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش زیاتر روونی كردووەتەوە: ”لە سەرەتای هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش (1293) كەس شەهید بوون و، ( 2745) بێ دایك و باوك ماون."

هەر بەپێی ئامارەكە، (82) گۆڕی بەكۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاكەكەسیش تاوەكو ئێستا دۆزراونەتەوە، هەروەها (68) شوێنی پیرۆزی ئایینی و مەزارگەی ئێزدییەكان تەقێنراونەتەوە و، نزیكەی 100 هەزار كەسیش بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش لە مانگی ئابی ساڵی 2014، (6417) كەس لە ئافرەت و پیاو ڕفێنراون، لەو ژمارەیەش (3550) كەسیان كە پێك دێن لە ژن و پیاو و منداڵی كور و كچ، رزگار كراون، هەروەها 104 كەسیش لەوان شەهید كراون و ( 2763) كەسیشیان تاوەكو ئێستا ماون و رزگار نەكراون".

 

زۆرترین بینراو