(ئیبن و ئادەم) زانا و دانای سەدەی حەفدەهەم زۆرێك لە پەرتووك و نوسراوەكانی تا ئێستاش دیار نین و ونن

(ئیبن و ئادەم) زانا و دانای سەدەی حەفدەهەم زۆرێك لە پەرتووك و نوسراوەكانی تا ئێستاش دیار نین و ونن

كۆكردنەوەی: محەمەد هەسنانی
زانایی گەورەی ناسراوی كورد (ئیبن ئادەم) كەسایەتی دانا و شاعیری چوار سەدە لەمەوبەر، زانستەكانی وەك زمانەوانی, مێژوو, زانستی گفتوگۆ, زانستی وشە, رێزمان, رەوانبێژی بیركاری, لۆجیك, ئەستێرە ناسی, شیعر و چەندان پەرتوكی تری نووسیوە, سەردەمانێكیش موفتی پاشایی گەورەی رواندز بووە.
هەروەك حوسێن حوزنی، لەسەر كەسایەتی و لێهاتووی ئیبنو ئادەم دەڵێت:" ئیبنو ئادەم ئەو زانایەیە ئەگەر لە نێو هەر نەتەوە و گەلێكیتر هەڵبكەوێ‌ شانازی زۆری پێوەدەكەن, ئیبنو ئادەم شایەنیەتی لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان پەیكەری بۆ دروست بكرێت.
 پەرۆشی ئیبن و ئادەم بۆ میللەتەكەی لەو پارچە شیعرەدا دەر دەكەوێت و دەڵێت: میری سۆران و بۆتان لەناو چوون بە دەسیسەی كوردستانمان چی لێهات، كوردان بۆ ماتن تاكەی. ڕۆمی ئەوا پەیدا بوون، كتێبخانان دەكەن تەی. میكائیل ئەتۆش دەی، تووتن و ماشان برشێنە دەبا نۆش بێتە سەر دەی..
 كوردستان بە درێژایی مێژوو گەلێك نووسیار و رۆشنبیری بلیمەتی لێ هەڵكەوتووە, بەڵام بەهۆی بێ بەزەیی مێژوو گەلێك زانا و ئەدیب و شاعیری دیاری كۆمەڵگەی كوردی لەیاد كراوە, ئیبنو ئادەم یەكێكە لەو بلیمەتانەی ئەستەمە كۆمەڵگەی كوردی زانا و دانایەكی وا بەخۆی ببینێتەوە, چونكە بەشێك لە پەرتووك و نوسراوەكانی كە ئێستا لەبەر دەستن گەواهیدەری ئەوەن كە لە لوتكە و بەرزترین ئاستی هۆشیاری هزر بووە, هەر چەندە زۆرێك لە پەرتووك و نوسراوەكانی تا ئێستاش دیار نین و ونن، لەگەڵ ئەوەشدا دوای سەدان ساڵ رێڕەوەی عیلم و زانستی بەردەوامە لە پەرتوك و نوسینەكانی و قوتابخانەیەكیش بەناو ئیبن ئادەم لە سۆران بونی هەیەو چەندان قوتابی پێگەیاندووە.
 محەمەد كوڕی ئادەم كوڕی عەبدوڵڵا، ناسراو بە (ئیبن ئادەم) لەساڵی 1747 لە گوندی رۆستێ‌ سەربە قەزای چۆمان، لە دەڤەری باڵەكایەتی لەدایك بووە، بە دەیان دانراوی خۆی دەربارەی زۆربەی زانستەكانی وەك زمانەوانی, مێژوو, زانستی گفتوگۆ, زانستی وشە, رێزمان, رەوانبێژی بیركاری, لۆجیك, ئەستێرە ناسی, شیعر و چەندانی تر نووسیوە, بەشێك لە كتێبەكانی ئیبنو ئادەم لە پەرتوكخانەی دكتۆر عەبدوڵڵا مەلا سەعید مەلا وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، كە یەكێكە لە نەواوەكانی لە شارۆچكەی دیانا پارێزراوەن.
 (ئیبن و ئادەم) لە یەكێك لە كتێبەكانی نوسیوویەتی, سوڵتان سەلیمی عوسمانی پرسیارێكی زمانەوانی ئاراستەی زانایانی كوردستان و عێراق كرد, هەر كەسێك وەڵامی پرسیارەكەی بە لێهاتوویی و ژیری خۆی بزانیبا خەڵاتی پێدەدرا و دەكرا بە والی سوڵتان لە شاری بەغدا, هیچ یەك لە مەلا و زاناكان لەو كاتەدا ئەو پرسیارەی بۆ وەڵام نەردایەوە كە سوڵتان سەلیمی عوسمانی ئاراستەی كردن, محەممەد وەك خۆی نووسیویەتی لە ماوەی رۆژێك وەڵامی پرسیارەكە دەدۆزێتەوە, بەڵام وەڵامی ئیبنو ئادەم، لەلایەن چەند فەقێیەك دەبردرێت و خەڵاتیشی پێوەردەگیرێ‌.
زانای بلیمەت محەممەد كە بە ئیبن ئادەم، ناسراوە، ماوەیەكی زۆر لەلای پاشای گەورەی رواندز مەفتی بووە و وانەی پێگوتۆتەوە, بەڵام دوای ماوەیەك بە بەهۆی زیندانیان و چەند هۆكارێك لەگەڵا پاشای گەورە بە دەمەقاڵێ دێت رواندز جێدەهێڵێت, ئەمەش دەرخستەی ئەو راستیەیە كە محەممەد بەر لە 215 ساڵ لەمەو بەر دژی پێشێلكردن و شكاندنی گەورەیی مرۆڤ بووە, لەپاڵ وانە گوتنەوەی بە پاشای كۆرەی رواندز, ئیبنو ئادەم وانەی بە شاعیر و زانایانی نەتەوەی كورد هەر یەكە لە حاجی قادری كۆیی, مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە, باوكی مەلا گەورە, مەلا خەتێ, مەولانە خالیدی شارەزووری و  چەندین زانای بەناوبانگی تر گوتۆتەوە.
 مارخۆی هاودیانی یەكەمین سەركردەی (میر محەمەد) میری سۆران بووە. دوای ئەوان (تەمەر خان بەگ) فەرمانڕەوایی هاودیانی پێ‌ سپێردراوە، فتوای مەلای خەتێ‌ لە هاودیانێ‌ دراوە، كە ( مەلا محەمەدی خەتێ‌ ) زانای بەناوبانگی سەردەمی پاشای گەورە، كە باوەڕپێكراوی زانای ئایینی میر محەمەد پاشای رواندز بوو، كە هەردووكیان قوتابی (ئیبن ئادەم) بوونە، واتە قوتابی ئایینی. فتواكە مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە، هەر یەكەو بە جۆرێ‌ باسی لێوە دەكەن، فتواكەش هەر لە ساڵی (1836) بوو، كە ساڵی شەهیدكردنی (میر محەمەد پاشا ) بوو، لە (سێواس) بە دەستی عوسمانییەكان".
ئیبنو ئادەم بەهۆی پێگە دیارەكەی چەندین نووسیاری گەوەرەی كورد و عەرەب ژیان نامەی ئەم كەڵە پیاوە دەنووسنەوە, لەوانەش عەباس عەزاوی, محەممەدی خاڵ, مسعوود محەممەد, ئەحمەد عوسمان ئەبوبەكر, زوبێر بیلال ئیسماعیل, كەریم شارەزا, فائیزی مەلا بەكر, عەبدول كەریمی مودەریس, رەشید ئامێدی.
حوسێن حوزنی لەسەر كەسایەتی و لێهاتووی ئیبنو ئادەم دەڵێت:" ئیبنو ئادەم ئەو زانایەیە ئەگەر لە نێو هەر نەتەوە و گەلێكیتر هەڵبكەوێ‌ شانازی زۆری پێوەدەكەن, ئیبنو ئادەم شایەنیەتی لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان پەیكەری بۆ دروست بكرێت.
ئیبنو ئادەم لەسەر پرسی نەتەوەیی و نووسین بە زمانی كوردی زۆر  بە توندی پێداگری كردووە, محەممەد ئەو كات, گەلێك جار لە نووسنەكانی خۆیدا باسی شاری سلێمانی كردووە و گووتویەتی (سلێمانی پایتەختی كوردستانە) ئەمەش جۆرێك لە دان نانە بە دەوڵەتی كوردستان.
ئیبنو ئادەم لە خەباتی رۆشنبیری خۆی بەردەوام دەبێت, تاكو لە ساڵی 1822 لە گوندی وێڵزەی سەر بە قەزای چۆمان گیان دەسپێرێ و هەر لەوێ بە خاك دەسپێردرێت, بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە نیشتیمانێكی بێ‌ دەوڵەت و سەربەخۆ دەكات.


سەرچاوە:
- نەوەكانی ئیبن ئادەم -سۆران
- مێژووی رواندز
- ئەماراتی سۆران

زۆرترین بینراو