(نووسەری جوانییەكان)

(نووسەری جوانییەكان)

شۆخان علی

دوو خوشك هەبوون،كە بەهۆی نالەباری و شەڕی ناوخۆی وڵاتەكەیانەوە باوكیان لەدەستدابوو، وە دایكیشیان پاش چەند ساڵێك لە خەم و مەراق كۆچی دوایی كردبوو!
ئەمان تەنها مانەوە،دوو مندااڵ لەماڵێك،سارد و سڕ لە خۆشەویستی و خاڵی لە ئامێزێكی گەرمی دایك و باوك.
تەنها مانەوە و بژێوییان خراپ ،لەوێ ئەگەر فریای خۆت نەكەوتبای كەس ئاوڕێكی لێ نەدەدایتەوە و دەربەدەر دەبوویت و لەبرسان دەمردی!دوو خوشكە كە نە تەمەنێكی هێند منداڵیان هەبوو تا نەتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن،نەهێندەش پێگەیشتوو كە بتوانن كارێك بكەن.(بەهار) و (زستان) كە هەمیشە دوو بیری پێچەوانەیان هەبوو، چەندین جار دەكەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ یەكدی و، بەڵام هەرگیز ڕێكنەدەكەوتن.
بەهار: هەموو شت بۆ ئێمە كۆتایی هات،ئیتر پێویستە لەسەر پێی خۆمان بووەستین و كارێك بكەین،تا جوانییەكان بنووسینەوە،ژیان وا چاوەڕێمانە.پێویستە بە هیوایەكی نوێوە بژین و سودمان بۆ خۆمان و دەوروبەریشمان هەبێت.
زستان:ئەم خەیاڵ پڵاوییە چییە؟مەگەر نابینیت بێ كەس و لانە و حاڵ كەوتووین؛هیچ ئومێدێكمان نەماوە تابۆی بژین و هەوڵی بۆ بدەین!هیچ كەسیش كارێك بەئێمە نادات.ئەوەی هەمانە خۆمانی پێ بەڕێدەكەین و دوای ئەویش خودا گەورەیە.پاشان خوشكی من ئەو قسانەی تۆ بۆ كەسێكە كە خاوەنی شتێك بێت و هیوایەكی بە ئایندەی خۆی هەبێت،نەوەك ئێمە كە لەهیچ ڕوویەكەوە هیچمان بۆ بەردەوامی ژیان نییە!
بەهار:ئەگەر ئەتەوێت لەگەڵ من بیت و هاوكاریم بكەیت لەم ڕێگە دژوارو سەختەی تێی كەوتووین،منم كە زۆر خۆشحاڵ دەبم كە خوشكێك لەم جیهانە تاریكە لەپشتم بێت،لەهەموو كەوتنێك دەستم بگرێت و گەر هەموو جیهان پشتیان لەمن و ڕووی ئەوم بەرامبەر بێت ئیتر بۆ من بەسە،بەڵام ئەگەر ڕەتیشی بكەیتەوە، من ئامادە نیم بووەستم لەو خەونانەی لە خەیاڵم هەن!
زستان:ئەوەش منم بەداخەوەم كە نازانم چی بكەم و هیچم لەدەست نایەت تا هاوكارت بم.هەر لێرە چاوەڕێ دەبم تاوەكو ڕێگایەك یان دەرگایەك بەڕووماندا دەكرێتەوە و بەڵكو دووبارە خۆشی ڕوومان تێبكاتەوە.ئەمە ژیانە ڕەنگە لەنێو چەندین هەڵدێر بوژانەوەیەك بەڕێگاوەبێت.
بەهار:ئەی ئەگەر بۆخۆمان بەدوای ئەو دەرگا و ڕێگایە بگەڕێین،كە باسی دەكەیت و بەرەو ئەو بوژانەوەیە هەنگاو بنێین؟
زستان:ببورە ،بەڵام من مێشكم ئەوە وەرناگرێت!
بەهار:باشە،من بۆخۆم هەوڵ دەدەم تا دەگەم بەجێیەك.
زستان چاوەڕوان بوو و بەهار بەڕێكەوت و هەمیشە لەسۆراغدابوو تاوەكو فێری بەهرەیەك ببێت و لەو ڕێگەیەوە خۆی پێ بگەیەنێت و بتوانێت خزمەتێك بەخۆیی و چواردەوریشی بكات.تا ڕۆژێك لەڕێگا چاوی كەوت بە منداڵێك كە دەستێك و لاقێكی نەبوو،لەگەڵ ئەوەش لەوپەڕی كامەرانیدابوو!لەدڵی خۆیدا وتی "سەیرە"،بەهار چووە پێشەوە و كەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەكە، بەدەم گفتوگۆوە ئەوەی زیاتر سەرنجی بەهاری ڕاكێشا قسەكانی( بەختەوەر) بوو.(بەختەوەر):من لەوەتەی باوكم كۆچی دوایی كردووە و لای ئێمە ڕۆشتووە،دایكم كە پێی وتووم"ڕۆشتووەتە جێگایەكی ئارام و چاوەڕێیە ئێمەش بچینە لای ئەو"، وە هەمیشە دایكم چیرۆكە بەختەوەر و هیوابەخشەكانم بۆ دەگێڕێتەوە بەرلەوەی بنووم ،بۆیە سبەی بە دڵخۆشییەكی تەواوە هەڵدەستم،بەم هۆیەوە ناخۆشییەكانی ژیان كەمتر كارم تێدەكات و ناتوانن من لاوازبكەن.
بەهار:ئافەرین بۆ دایكت، پاشان لەدڵی خۆیدا وتی(كەواتە تەنەنها خۆشییەكان ناخۆشییەكان لەناودەبەن!)
دوای خواحافیزی كردن لە بەختەوەڕ بڕیاریدا لەوە بەدواوە بگەڕێت و جوانییەكانی ژیان بنووسێتەوە و بەچواردەویدا بڵاوی بكاتەوە تابزانێت،چ كاردانەوەیەكی دەبێت!
بۆیە دەستیپێكرد و چیرۆك لەدوای چیرۆك وەریدەگرت لە ژیانی كەسانی دەوروبەری و كەسە خۆشبەختەكانەوە و دەینووسینەوە و دەیبردن دەیدایە دەستی خەڵكی و لەبازاڕ و شوێنەگشتییەكان بڵاوی دەكردنەوە،بەو ئومێدەی بتوانێت لەو نالەبارییەدا دڵی چواردەوری خۆشبكات.تا وایلێهات خەڵكی زۆرینەی دەیانناسی و ڕۆژانە چاوەڕوانی چیرۆكە جوانەكانی ژیان بوون كە بەدەستی بەهار پێیان دەگەیشت،تەنانەت بەهاریشیان بە یەكێك لەجوانییەكانی ژیان دەهاتە پێش چاو.هەندێك لە چاپەمەنییەكان بڕیاریاندا بەخۆڕایی نامەكانی بۆ چاپبكەن تا وای لێهات لەبەرامبەردا پاداشتیان دەكرد...كات گەیشتە ئەو ڕۆژەی یەكەم نامە گەیشتە دەستی خوشكەكەی(زستان) بەخوێندنەوەی نامەكە زۆر دڵی خۆشبوو و لەملاشەوە دەیبیست كە كەسێك هەوڵی ژیانەوەی دڵەكان دەدات،بەڵام بەخەیاڵیدا نەدەهات كە خوشكەكەی بێت،بۆیە یەكێك لەنامەكانی هەڵگرت و ڕۆشت بۆلای بەهار تاپێی ڕابگەیەنێت،چی لەوێ ڕوودەدات بەهاریش بە پێكەنینەوە وتی(ئەی بەڵێنم نەدا كە كۆڵندەم و خۆم بەدوای دەرگاكاندا بڕۆم تا سود بەخۆم و خەڵكی بگەیەنم؟)
زستان:ئای ئەمە تۆی؟
-ئەوە منم!
لە خۆشیدا باوەشیان بۆیەكتر كردوەو و سوپاسگوزار بوون بە هەوڵ و بەرهەمە ناوازەكانی (بەهار)،پاشان (زستان)بڕیاریدا كە هەرچی لەدەستی بێت بۆ بەهار و هاوكاریكردنی خوشكەكەی درێغی نەكات.
بەهاریش دوای ئەوە بەگڕوتینێكی زیاترەوە بەردەوام بوو تا لەناو خەڵكدا بە (نووسەری جوانییەكان) ناوبانگی پەیداكرد و چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی بەدەستهێنا بەرامبەر ئەو شادییانەی بێ بەرامبەر بەخشیبوونییەوە و لەبەرامبەردا شادییەكان لە دڵی خۆیی و(زستان)یش وێنەیان دابوویەوە.
پاشان بوویە گەورەترین چیرۆكنووسی وڵاتەكەی و چیرۆكەكەكانی پڕفرۆشترین بوون.
وە لە یەكێك لەنامەكان ئەم سەركەوتنەی ژیانی نووسییەوە ،بەناوی ( جوانییەكانی (بەهار) و هاوكارییەكانی (زستان)).

 

زۆرترین بینراو