بڕیاری  لێخۆشبوونی 15% كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر گەڕاندنەوەی قەرزی كارەبا

بڕیاری لێخۆشبوونی 15% كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر گەڕاندنەوەی قەرزی كارەبا

دیدار- محەمەد هەسنانی: بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبایی سۆران، لە دیمانەیەكی زاری كرمانجیدا ئاشكرای دەكات " بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لێخۆشبوونی 15% ئەو كەسانەی قەرزی كارەبایان لەسەرە كاریگەر بووە بۆ گەڕاندنەوە قەرزەكانیان و دەشڵێت " سەرەڕایی قەیرانی دارایی پڕۆژەكانی حكومەت بەردەوامە بۆ باشتركردنی رەووشی كارەبای نیشتیمانی.
لەبەردەوامی قسەكانیدا ئەندازیار فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند: "سنووری بەڕێوەبەرایەتیەكەمان هەرچوار قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، رواندز، چۆمان) لەخۆ دەگرێت، كە زیاتر لە 70 هەرزار هاوبەشی كارەبای لێیە، تا ئێستا هاوبەشانی كارەبا لەم سنوورانە نزیكەی (64) ملیار دینار قەرزی كارەبایان لەسەرە، پێشتریش وەك ئاسانكارییەك بۆ ئەوانەی قەرزی زۆری كارەبایان لەسەر كۆ بووەتەوە، بۆ هاووڵاتییانی سنوورەكەمان كردووەتە شێوەی قیستی مانگانە، ئەمەش ئاسانكاریەكی باش بووە كە بەچەند مانگێك بتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە".
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، ئاماژەشی بەوەدا " دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا بە بڕیارێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو كەسانەی قەرزی كارەبایان لەسەرە ئەگەر لە ماوەیەكی دیاریكراودا بیگەڕێنەوە 15% لێخۆشبوونیان بۆ بكرێت، واتە وادەكە تا 1-9-2020 دیاریكراوە، خۆشبەختانە ئەم بڕیارەی حكومەت كاریگەری باشی هەبووە لەسەر گەڕاندنەوەی قەرزی كارەبای هاووڵاتییان بۆ بەشی فرۆشیاری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، كە رۆژانە قەرەباڵغی پێوەدیارەو بەشێكی زۆری هاووڵاتییان هەوڵدەدەن، قەرزی كارەبایان لەسەر نەمێنێت و ئەم بارە گرانە لەسەرخۆیان نەهێڵن ".
ئەندازیار فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، ئەوەشی ئاشكرا كرد " بڕیاری لێخۆشبوونی 15% كرێكی كارەبای نیشتیمانی سەرجەم هاوبەشانی كارەبا دەگرێتەوە، تەنها هاوبەشانی دام و دەزگاو فەرمانگەكانی میری ناگرێتەوەو دەبێت ئەوان تەواوی قەرزەكانیان بگەڕێنەوە، بۆ ئەم شوێنانە تا ئێستا هیچ بڕیارو رێنمایی نەهاتووە، سەبارەت بە درێژكردنەوەی وادەی لێخۆش بوونەكەش ئەوە پەیوەستە بە حكومەت دوای وادەی دیاریكراو بڕیاری لەسەر دەدرێت ئایا درێژ بكرێتەوە یان نا".
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، ئاماژەشی بەوەدا 24 كاتژمێر تیمەكانمان لە ئامادەباشیدان بۆ چاككردنەوەی كارەبایی ماڵان و تۆڕی گشتی، لە كاتی دروستبوونی هەر كێشەو گرفتێك، جگەلە سەنتەری شاری سۆران لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی سنوورەكەمان فەرمانگەی تایبەت بە كارەبا هەیە، ئەمەش ئاسانكارییەكی باشە بۆ ئەوەی بتوانن بە زووترین كات بە كێشەو گرفتەكانی كارەبا رابگەن، بەتایبەتیش لەم وەرزەی ئێستادا كە پلەی گەرمان لە بەرزبونەوەدایە بەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی بارگرانی لەسەر تۆڕەكانی كارەباو سوتانی بگۆڕو پەكخستنی ئامێرە كارەباییەكان".
ئەندازیار فەیسەل حوسێن، دەشڵێت " وەك ئەركێكی نیشتیمانی پێویستە هەمووان بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرین و زیاد لە پێویست روناكی و ئامێرەكانی كارەبا بەكار نەهێنین، چونكە ئەمە زۆرجار دەبێتە هۆی پاڵەپەستۆی زۆر لەسەر وێزگەكانی كارەبا، تەنانەت زۆرجار لە خودی شوێن و ماڵەكاتنیش دەبێتە هۆكاری سووتانی دەبل و ئامیرەكانی كارەبای هاووڵاتییان، بەمەش جگەلەوەی بۆ ماوەیەك بێكارەبا دەبەن، لە هەمان كاتیشدا ناچارن ئامێرو پێداویستییەكانی كارەبای ماڵەكانیان دووبارە بكڕنەوە، تەنانەت هەندێ‌ جار مەترسی ئاگر كەتنەوە لە ماڵەكانیشی هەبووە".
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، ئەوەش دەخاتەروو " كە بەرنامەی حكوومەت و وەزارەتەكەمان ئەوەبووە كە كارەبای نیشتیمانی بگەێندرێتە سەرجەم گوند و ماڵی هاووڵاتییان، خۆشبەختانە هەنگاوەكانیش لەم رووەوە سەركەوتوو بووە تەنانەت زۆربەی گوندە دوورە دەست و ناوچە سنووریەكانی دەڤەرەكەمان تۆڕی كارەبایان پێگەیشتووە، یان هەماهەنگی كراوە كە مۆلیدەی كارەبایان بۆ دابین بكرێت و لە كارەبای نیشتیمانی بێبەش نەبن".
ئەندازیار فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، ئەندازیار فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، رایگەیاند " خۆشبەختانە ئەمساڵ دوای دەرچوونی رەزامەندی بە چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بەشداریی وەزیری كارەبا و ژمارەیەك لە بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی كارەبا لە شاری سۆران دانراوە، لەوانە دانانی هێڵێكی 132 كەی ڤی و گۆڕینی تەلی نێوان (شەقڵاوە- سۆران) و فراوانكردنی وێستگەی كارەبای شارەكە و بە گوژمەی 6.700.050 ملیۆن دۆلار كە لەماوەی 180 رۆژدا لەلایەن كۆمپانیای هیرۆ جێبەجێ دەكرێت، هەروەها وەزارەتی كارەبا گرێبەستێكی واژۆ كردووە بەشێوەی وەبەرهێنان بە گوژمەی 250 ملیۆن دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات كارەبا لە ئاو كە لەلایەن هەردوو كۆمپانیا (ئاریان ئیندەستریت- ئوسترالی و strong oil) لە ماوەی 18 مانگدا جێبەجێ دەكرێت".
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، گوتیشی: "بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەكاتی خۆیدا نەتوانراوە دەست بەم پڕۆژانە بكرێت و كارەكانیان راگیراوە، بەڵام دەست دەكرێتەوە بە كارەكانی لەلایەن كۆمپانیاكانی ناوبراو هەردوو پڕۆژەكە جێبەجێ دەكرێن، بە تەواوكردنیان، تا ڕاددەیەكی باش كێشە و گرفتەكانی كارەبا لە سنوورەكەمان چارەسەر دەكرێن".

 

زۆرترین بینراو