تكایە ڕێگەی خۆ كوشتن هەڵمەبژێرن

تكایە ڕێگەی خۆ كوشتن هەڵمەبژێرن

جلال سیتكانی

ئێمەی مرۆڤ وەكو بونەوەرێكی كۆمەڵایەتی، لە ناو كۆمەڵگەدا، بە پێی قۆناغەكانی ڕێڕەوەی ژیانمان، چەندین ئەركمان دەكەوێتە سەرشان لە ئەنجامیشدا دوچاری چەندین كێشەی جوراوجۆری كۆمەڵایەتی، خێزانی، ئابوری دەبینەوە، كە بێگومان ئەمەش بەشێكە لە سروشتی ژیانی هەر مرۆڤێكی هۆشیار و تەواو لە ڕووی ئاوەز (عەقڵ) وە بوونی ئەم كێشانەش وادەكات كە هەندێك كات كەسێك لە ڕووی دەروونی و باوەڕ بە خۆ بوونەوە دابڕوخێت و ئیرادەی ئەم بەرەنگاریی و تێكۆشانەی نەبێت، بێ هیوایی باڵی بەسەر دا بكێشێت و ڕێگەی هەڵاتن بگرێتەبەر، بۆ ئەمەش خۆ كوشتن بە باشترین چارەسەر بزانێت، هەر بۆیەش بە شێوەیەكی نیمچە ڕۆژانە لێرە و لەوێ گوێ بیستنی هەواڵی خۆكوشتنی كەسانێك دەبین، ئەمەش لە ئەنجامی بیركردنەوەیەك كە پێی وایە كە كێشەكان لە خودی خۆی گەورەترن و چارەسەرییان نییە، بێ ئاگا لەوەی كە كێشەكان پەیوەستن بوونی خودی خۆی، چەندەش كێشەكان گەورەتر بن، ئەو دەگەیەنێ كە ئاستی بەرپرسیاریەتی كەسەكەش لە كۆمەڵگەدا زیاتر و پێگەی بەرزترە، هەڵبژاردنی ئەم ڕێگەیەش لەبەر ئەوەیە كە تێڕوانینی بۆ شتەكان پێچەوانەیە، كە كێشەكان وەكو چیایەكی گەورە دەبینین و خۆشمان وەك تەنێكی بچوكی بن چیایەكە، كە ئەمش ئاڕاستەیەكی پێچەوانەیە، كێشەكان لە خودی خۆمان زۆر زۆر بچوكترن، چونكە خودا ئەركێك ناخاتە سەر كەسێك كە لە توانایدا نەبێت (ڵا یُكَلِّفُ اللّهُ نَفْساً إِلاَّ وُسْعَهَا) بقرە٢٨٦، و هیچ كێشەیەكیش نییە، كە ڕێگە چارەی نەبێت و زۆربەیان بە پێی تێپەڕبوونی كات خۆیان چارەسەر دەبن، دەبێ ئەوەشمان لە بیربێت كە مرۆڤ كۆی هەڵسوكەوتەكانی، بە دەست خۆیەتی و دەتوانێ چاك، یا خراپیان بكات و لێشیان بەرپرسە، لەگەڵ ئەمەشدا خودی مرۆڤ خاوەنی ژیان و مردنی خۆی نییە، بەو واتایەی كە چۆن بیەوێ خۆی ژیانی خۆی كۆتایی پێ بێنێت، بەڵكو چۆن خودا لە سەرەتا گیانی پێ بەخشیوە، ئاواش خۆی و بە ویستی خۆی لێی وەردەگرێتەوە، هەر مرۆڤێك دەبێت بە بەهێزیی دەروونی و ئاوەزییەوە شانبەشانی كێشەكان هەنگاو بنێ بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕاوێژ و لێكگەیشتن، لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا ئەوە بزانین كە ئەركی سەرەكی مرۆڤ ئاوەدانكردنەوە و بیناكردنی زەویە، ئەمانەش لێبوردەیی و قوربانیدانی دەوێ، لە ڕووی دان بەخۆداگرتن و قبوڵكردنی بەشێك لە ڕاوبۆچونی كەسانی بەرامبەر، لە هەمووشی گرنگتر چاندنی تۆوی خۆشەویستییە لە دڵ و دەروونی خودی خۆماندا و بینینی شتەكان و كێشەكان بە ڕەنگاوڕەنگی، هەموو دەم تێڕوانینمان بۆ قەدەری داهاتو وابێت كە باشتر و چاكترینی پێیە، بۆیە بەردەوام بیرمان لای چاكە بێت، بۆ ئەمەش دەبێت بە هیواوە چاوەڕوانی داهاتوو بین، ژیان چ تاڵ بێ، چ شیرین، بزانە كە خودا لێی ئاگادارە و ویستی ئەوە، ڕێگاكانیش چەندە درێژ و سەخت بن، ڕۆژێك هەر كۆتاییان دێت و دەبن بە یادگاری.

بیروڕا

زۆرترین بینراو