دەمانەوێت متمانەی هاووڵاتییان بە پۆلیس بگەینینە لوتكە

دەمانەوێت متمانەی هاووڵاتییان بە پۆلیس بگەینینە لوتكە

زاری كرمانجی – سۆران: رائید سامان محەمەد، بەڕێوەبەری هۆبەی بەشی پۆلیسی كۆمەڵگەیی رواندز، بەرچاو روونی لە بارەی دامەزراندنی پۆلیسی كۆمەڵگەیی دا و تیشكی خستە سەر ئەرك و كارەكانی ئەم دامەزراوە نوێیەی وەزارەتی ناوخۆ.
رائید سامان محەمەد گووتی " پۆلیسی كۆمەڵگەیی دامەزراوەیەكی نوێیە، لەبەر ئەوەش هاووڵاتییان ئاشنای كار و ئەركەكانی نین، پۆلیسی كۆمەڵگەیی لە هەر سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان هەیە، بەڕێوەبەرایەتیمان لە هەولێرە و لە پارێزگاكانیش بەشمان هەیە، لە سۆران و راپەڕین و گەرمیان بەشمان هەیە، لە قەزاو نەحیەكانی تریش هۆبە هەیە، هەموو بەش و هۆبەكان بە سیستەمێك رێكخراون كە پەیوەندیمان پێكەوە هەیە و هەر كێشەو گرفتێك هەبێت، گفتوگۆمان هەیە و هەوڵی دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی باش بۆ هاووڵاتییان دەدەین".
زیاتر گووتی " زۆر جار هاووڵاتییان تووشی هەڵە دەبن و كاتی ئێمە دەچینە نێو بابەتەكەوە وادەزانن رێكخراوێكی مەدەنیین، بۆیە دەمەوێ ئەو هەڵەیە راست كەمەوە كە ئێمە رێكخراو نین بەڵكو دەزگایەكی یاسایین و پۆلیسین، ئەو هێزەین كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆین و هێزی فەرمین و بە جلی سەربازی تێكەڵاوی كۆمەڵگە دەبین و ئەركی سەرەكیمان پێكگەیاندنی هاووڵاتی و پۆلیسە، واتە وا بكەین كە هاووڵاتی خوێندنەوەی هەڵە بۆ پۆلیس نەكات و بە بەشێك لە خۆی بزانێت و تێ بگات كە پۆلیس بۆ خزمەتی ئەوان و پاراستنی سەر و ماڵیان دامەزراوە و ئەركێتی یاسا بسەپێنێت، هەروەها پۆلیسیش بزانێت رێز لە هاووڵاتی بگرێت و شكۆ و هەیبەتی بپارێزێت، دەمانەوێ بەو هەنگاوە بچینە قۆناغێكی مۆدێرن، تا بتوانین متمانە بۆ خەڵك بگێرینەوە، بتوانین متمانەیەكی وا لە نێوان هاووڵاتییان دروست بكەین، كە هەر كێشەیەكیان هەبێت بێ دوو دڵی و ترس و گومان بۆ پۆلیسی باس بكەن، دەمانەوێت بۆ هاووڵاتییان روونی بكەینەوە كە پۆلیس هاوكاری خەڵكە نەك چەوسێنەر، دەمانەوێت خەڵك كاتێ هەست بە غەدر دەكات بە رێگایەكی یاسایی داوای مافی خۆی بكا نەك بە رێگای عەشایەری و توندوتیژی".
لە بارەی شێوازی تەداخول كردنی پۆلیسی كۆمەڵگەیی لە كێشە و ئاڵۆزییەكانەوە، رائید سامان، گووتی " دەتوانین تەداخولی هەر كێشەیەك بكەین پێش ئەوەی دۆسییەكە رەوانەی دادگا كرا بێت، ئەگەر دادوەر داوامان لێ بكات هەوڵ دەدەین كێشەكە چارەسەر بكەین، هەر دۆسیەیەك دادوەر داوامان لێ بكات تەداخول دەكەین، لە قەزای سۆران چەندین كێشەمان چارەسەر كردووە، دواتر هەر دوو لایەنی خاوەن كێشە بەڵێننامەیان پڕ كردووتەوەو كۆتایی بە كێشەكەیان هاتووە، ئێمە هێزێكی سەربازین ئەم پێكهاتنە ناچێتە چوارچێوەیەكی عەشایەری، چونكە ئەگەر هەر شتێك لەبنەڕەتدا تاوان بێت و بەر لەوەی هەوڵی چارەسەر كردنی بدەین رەوانەی دادگای دەكەین. بەڵام هەندێك كێشە هەن پێویست ناكات بگاتە دادگا، بە ئاگادار كردنەوەی دادوەری گشتی چارەسەری دەكەین" .
بە پێی قسەكانی ئەم ئەفسەرەی پۆلیس، دامەزراوەكەیان بەشێكە لە پێكهاتەی یاسایی و هەوڵ دەدەن لەرووی عەشایەرییەوە كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەو زیاتر گووتی" بەدڵنیاییەوە ئێمە هەوڵی سەرەكیمان ئەوەیە كە مامەڵەی خەڵك لە بارەی كێشە یاساییەكانەوە لە چوارچێوەی عەشایەری و كۆمەڵایەتی بهێنینە دەرەوە و بەرەو ئاراستەیەكی یاسایی و سەردەمیانەیان ببەین".
روونیشی كردەوە" زیاترین كێشەكانمان لە چوارچێوەی تاوانە تكنۆلۆژیاكانە، وەك خەراپ بەكار هێنانی ئینتەرنێت و هیڵەكانی پەیوەندی كردن، كە زۆر جار بۆتە هۆی تێكچوون و لێكترازانی خێزانی و كۆمەڵایەتی".

 

زۆرترین بینراو