رۆتینیاتی پشكنینی پزیشكی بۆ لێخوڕینی ئوتۆمبێل، هۆكار و چارەسەر

رۆتینیاتی پشكنینی پزیشكی بۆ لێخوڕینی ئوتۆمبێل، هۆكار و چارەسەر

د. یوسف دۆسكی
بەرپرسی بەشی پڵان لە بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران

بەشی دووەم

هاووڵاتییان لە هەر چوار قەزای سۆران، مێرگەسور، چۆمان و رواندوز بۆ پشكنینی پزیشكی بەمەبەستی دەرهێنانی مۆڵەتی لێخورینی ئۆتۆمبێل سەردانی لیژنەی پزیشكی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی سۆران دەكەن. ژمارەی دانیشتووانی ئەم چوار قەزایە سەرووی 300 هەزار كەسە. كە كارێكی لۆژیكی نییە كە ئەم پشكنینە تەنها بە یەك لیژنە وە لە ماوەی پێنج كاتژمێر لە یەك رۆژی هەفتەدا بۆ ئەم ژمارە زۆرە لە داواكارەكان ئەنجامبدرێت. بۆ لە نەخۆشخانەكانی چۆمان و دەڤەری بارزان بۆ هاووڵاتییان ئەم جۆرە پشكنینە ئەنجام نادەن و بۆچی رەوانەی شاری سۆران دەكەن؟ لەم قەزایانەش هۆكاری تەكنیكی و پزیشكی هەن كە بەم كارە هەڵسن، هاووڵاتییان بۆ داوا ناكەن كە ئەم كار ئاسانییە لە قەزاكانی خویان بۆیان بكرێت و ئەم پشكنینەییان بۆ ئەنجام بدرێت؟ لە جیاتی ئەوەی كە دانیشتووانی قەزاكانی مێرگەسۆر و چۆمان ئەو رێگا دوورە ببڕن تەنها بۆ پشكنین هاتووچۆی سۆران بكەن. دەشێ لە نەخۆشخانەكانی ئەم قەزایانە بەشێكی دیاریكراو بۆ ئەم كارە بكرێتەوە. دواجار نە ئەرك و تێچووی خەلك زیاد دەكرێت وە نە قورسایی و بار گرانی و قەرەبالغی زیاتر لە لیژنەی پزیشكی سوران درووست دەبێت.
هۆكارێكی دیكەی ئەم جەنجاڵییە نەبوونی پزیشكە كە هەفتانە دوو یان سێ رۆژ بۆ ئەنجامدانی ئەم پشكنینانە لە لیژنەكە دابنیشن. چونكە ئەم پزیشكانە لە نەخۆشخانەكان دەوام دەكەن و لەوێ كار راوێژكاری نەخۆش و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییان هەیە، بۆیە پێویستە لە پاییتەختەوە ژمارەیەك پزیشك بۆ ئەم كارە دابین بكرێن. هەروەها دەكرێ ئەم پشكنینە بخرێتە خشتەی دەوامی پزیشكان لە رۆژانی دیكە جیا لە رۆژانی دانیشتنی لیژنەی پزیشكی پشكنین وە هاوشارییانمان رێگەیان پێبدرێت كە جیا لە رۆژانی دووشەممە رۆژەكانیتریش لە نەخۆشخانەكان پشكنین بۆیان ئەنجام بدرێت.
هۆكارەكی دیكە لە زیادبوونی قەرەباڵغی لە رۆژانی دووشەممە دانیشتنی لیژنەی پزیشكی رۆتینێكی ئیداری ناپێویستە كە لە لایەن بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچوو سوران سەپێنراوە. بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچوو هاووڵاتییان ناچار كردووە كە تەنها لەرۆژێكی دیاریكراودا لە دائیرەكەیان بۆ پشكنینی پزیشكی پشتگیری وەربگرن. هەر هاووڵاتییەك كە بیەوێت مۆلەتی شۆفێرییەكەی نوێ بكاتەوە یان مۆڵەتی نوێ دەربهێنێت، ئەگەر ناچار بكڕێت كە لە رۆژێكی دیاریكراو نووسراوی پشتگیری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچوو بهێنێت، ئەوا لەم رۆژە دیاریكراوەكەدا گوشار و بارگرانی و قەرەباڵغی زۆر لەسەر هەردوو ئیدارەی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سوران و بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچووی سوران دروست دەبێت كە هۆكاری سەرەكییە لە جەنجالی رۆژانی دووشەممەی پشكنین لە لیژنەی پزیشكی سوران. شایەنی ئاماژە پێكردنە كە لە شارەكانی دهۆك و هەولێر هاووڵاتییان ناچار ناكرێن كە بۆ ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی لە بەرێوەبەرایەتی هاتووچوو پشتگیری بهێنن. هەروەها ئەم هاووڵاتییانەی كە مۆڵەتی شۆفێرییان لە هەولێر وەرگرتووە لەكاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتەكەیان، لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچووی هەولێر پابەند ناكرێن كە بۆ ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی نووسراوی پشتگیری لە بەرێوەبەرایەتییكەیان بهێنن. بە زمانێكی روونتر ئەگەر هاووڵاتییەك بیەوێت مۆلەتی شوفێری خوی لە هەولێر نوێبكاتەوە بە بێ هیچ نووسراوی پشتگیرییەك سەردانی لیژنەی پشكنینی پزیشكی سۆران دەكات وە ئەنجامی پشكنینەكە بۆ بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچووی هەولێر دەبات وە كارەكانی رایی دەكرێن. بەڵام ئەگەر هاوسێیەكی هەمان هاووڵاتی بیەوێت مۆلەتی شوفێری خوی لە سۆران نوێ بكاتەوە، ناچار بە هێنانی پشتگیرییەك لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچوو سۆران دەكرێت، پێش ئەوەی سەردانی لیژنەی پشكنینی پزیشكی سوران بكات، كە ئەمەش رۆتین وهەنگاوێكی زیادكراوی ناپێویستە كە لە لایەك هاوشارییانمان بێزار دەكات وە لە لایەكی دیكەوە تەنها لەبەر ئەوەی كە لە رۆژێكی دیاركراودا ئەم پشتگیریە دەدرێت بە هاوشارییانمان، دەبێتە هۆی بارگرانی و جەنجاڵی لە هەمان رۆژدا لە بەر دەرگای لیژنەی پشكنینی پزیشكی سۆران.

 

 

زۆرترین بینراو