رۆژئاوای كوردستان بە بارودۆخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت

رۆژئاوای كوردستان بە بارودۆخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت

رەمەزان هەرنی – رۆژئاوا : هاوسەرۆكی پارتی تێكۆشینی دیموكراتی لە رۆژئاوای كوردستان ، بە زاری كرمانجی گووت" رۆژئاوای كوردستان بە بارودۆخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت، رۆژانە رۆژئاوا لەلایەن توركیاوە بۆردومان دەكرێت، بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە زیاتر لە 3 هەزار شەهیدمان داوە، هەمووان پشتیان داوەتە رۆژئاوا، تەنیا هەرێمی كوردستان نەبێت".
دەشڵێ:" داواكارین سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم بەپەلە چارەیەك بۆ دۆخی رۆژئاوا بدۆزنەوە، داوا دەكەین سەرۆك بارزانی پارتە كوردییەكانی رۆژئاوا كۆ بكاتەوە، بۆ ئەوەی یەكگرتوو و یەكڕیز بین".
خناف محیەددین, هاوسەرۆكی پارتی تێكۆشینی دیموكراتی لە رۆژئاوای كوردستان بە زاری كرمانجی دەڵێ:" رۆژئاوای كوردستان لە بارودۆخێكی نالەباردا تێدەپەڕێت و رۆژانە ناوچە كوردنشینەكانی رۆژئاوا لەلایەن توركیاوە بۆردومان دەكرێن، هەمووان پشتیان داوەتە رۆژئاوا، تەنیا هەرێمی كوردستان نەبێت, ئەمریكا و رژێمی سوریا رازین لەسەر ئەوەی توركیا لەسەر هێرشەكانی بەردەوام بێت، لە هەمانكاتدا پارتە كوردیەكانی رۆژئاوا یەكگرتوو نین, هەمووان دژی ئێمەن، ئێمەش لە رۆژئاوا دژی یەكترین.
خناف، گوتیشی:" رۆژانە خەڵك پەنابەر دەبن، شەهید و بریندار دەبن، زۆر جار هەندێك كەس شەهید دەبن لاشەكانیشیان نابینین تەنها ناوەكان بۆمان دێنەوە, لەسەرەتای هێرشەكانی سەر رۆژئاوا ژمارەیەكی یەكجار زۆر شەهید و بریندارمان هەیە ئەمانە تۆماركراون, لە دوای هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا لە سەرێكانی، گرێسپی و تل تەمەر زیاتر لە سێ هەزار شەهیدمان داوە.
خناف ئەوەشی گۆت:" رۆژئاوای كوردستان رۆڵی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا بەرزدەنرخێنێت و رۆڵێكی زۆر گەورەیان هەبوو، فەرماندە مەزڵوم كۆبانێ و نێچیرڤان بارزانی بەردەوام گفتوگۆ دەكەن بۆ چارە كردنی رەوشی رۆژئاوا، ئەگەر چارەسەری رەوشی رۆژئاوا نەكرێت مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دروست دەبێت، ئێمە هاواری خۆمان نەگەیاندۆتە ئەمریكا و مافی مرۆڤ، بەڵكو هاواری خۆمان گەیاندۆتە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی كوردی لە هەرێمی كوردستان، داواكارین سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی سیاسی كوردستان بەپەلە چارەیەك بۆ دۆخی رۆژئاوای كوردستان بدۆزنەوە و پارتە كوردیەكان لە رۆژئاوا پێویستە لە ژێر فەرمانەكانی سەرۆك بارزانی كۆ ببنەوە و یەكگرتوو بن، بۆ ئەوەی بەرامبەر ئەو هێرشە دڕندەی توركیا سەركەوتنی بێ وێنە تۆمار بكەین.
هاوسەرۆكی پارتی تێكۆشین روونیكردەوە:" پێویستە پێش ئەوەی داوای یارمەتی بكەین دەبێت پارتە كوردییەكان لە رۆژئاوای كوردستان یەكگرتوو بن، بۆ ئەوەی زاڵ بین بەسەر دوژمنەكانماندا بەهۆی ئەوەی دوژمنی ئێمە یەك ئامانجی هەیە و ئەویش لەناوبردنی كوردە بێ گوێ دانە لایەنی سیاسی، بۆیە پێویستە پێش هەموو شتێك یەكگرتوو بین بۆ ئەوەی سەركەوتن بەدەستبێنین، بۆیە ئێستا كاتی هیچ شتێك نیە جگە لە یەكگرتن نەبێت".

زۆرترین بینراو