ساڵ لە دوای ساڵ گوندەكان بەرەو چۆڵ بوون دەچن

ساڵ لە دوای ساڵ گوندەكان بەرەو چۆڵ بوون دەچن

دیمانە ــ یونس ئەمین: شارەدێی سمیلان لە رووی كارگێرییەوە سەر بە قەزای چۆمانە لە دڤەری باڵەكایەتی، سمیلان پێكهاتووە لە 36 گوند ناوچەیەكی گەشتیاری و كشتوكاڵییە، دانیشتووانی زیاتر بە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری سەرقاڵن، لە ساڵی 2002 بۆتە ناحیە، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ زاری كرمانجی، فەیسەل حوسێن عەوڵا بەڕێوبەری ناحیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
*بۆ بەردەوام لە سنووری سمیلان كێشەی نەبوونی ئاو هەیە ؟
- پێش من دەست بەكار بم، سمیلان كێشەی ئاوی هەبووە، زۆریش هەوڵدراوە لە پێشدا بینای ناحیە ئاویان بۆ دابینكرد بوو، بەڵام بۆرییەكەیان شكاند گرفتیان بۆ دروستكرد، كارەساتەكانی لافاویش هۆكارێكی سەرەكی بوو كە هەرچی سەرچاوەی ئاوە هەمووی تێكداوە، چەندینجار نۆژەنمان كردێتەوە، دووبارە لافاو تێكی داوە، بەڵام ئێمە وامان نەكردووە خەڵك بێ ئاو بن، لە رێگای پڕۆژەی وشكە ساڵییەوە بە تانكەر ئاومان بۆ خەڵك دابینكردوە، هەموو رۆژێك ئاو بۆ بینای ناحیە و خەڵك دێت، سمیلان لە زۆر شوێنیتر باشترە بۆ ئاو.
*زۆرجار كێشەی كارەباش هەیە، نەبوونی مۆلیدە ئەهلییەكان كێشەی بۆ خەڵك دروست نەكردووە؟
- ئێستا كارەبای نیشتمانی باشە و كارەبای سمیلان لە چاو شوێنەكانی دیكە باشترە، كارەبایی نیشتیمانی بۆ هەموو گوندێكی ئەم سنوورە چووە، هەتا هاوینە هەوارەكانیش، بێگومان نەبوونی مۆلیدە ئەهلییەكان كێشەیە، زۆرجار خەڵك و كەسانی بازرگانمان ئاگادار كردۆتەوە بۆ دانانی مۆلیدە، هەر كەسێك بیەوێت مۆلیدەیەكی ئەهلی دابنێت هاوكاری دەكەین.
*لەم سنوورە زۆرجار لافا و كارەساتی سروشتی ڕوودەدات، خەڵك بۆ قەرەبوو نەكراونەتەوە؟
- ساڵی ڕابردوو بە هێزترین لافاو لە سنووری سمیلان هات زیانی زۆری گەیاند بە خەڵك و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی میری، ساڵانە لافاو لەم سنوورە دێت، پار ساڵ دووجار لافاو هات، زوو لێژنەیەكمان پێكهێنا بۆ ناونووسینی خەڵك و ئەو زەرەرەی بەر ئەم دڤەرە كەوتووە، هەرچی زیانە دەرخستەی بۆ كراوە و بەرزمان كردۆتەوە بۆ سەرووی خۆمان، بێگومان لە نزیكەوە پارێزگاری هەولێر ئاگادار بووە، جێگری پەرلەمانی بەغدا دكتۆر بەشیر حەداد خۆی هات و دۆخەكەی بینی و بەڵێنیدا كاری لە سەر بكەن، زیانەكان زۆر بوون.
*ڕێگاو بانەكانی سمیلان و گوندەكان زۆر ناخۆش و تێك چووینە، هیچ بەرنامەێك هەیە بۆ نۆژەنكردنەوەیان؟
- لەگەڵ لافاو رێگاكانی سمیلان زۆر وێران بوون، بە شێوەیەكی كاتی رێگاكەمان كردنەوە و پردەكانمان كردنەوە، ئەوەیتر دەرخستەی بۆ كراوە و بەرزمانكردۆتەوە بۆ سەروی خۆمان، رێگایەكانی سمیلان لە ڕێگای هاملتۆن خۆشترە، بێگومان بەرنامە هەیە لە كابینەی داهاتوو بە تەواوەتی رێگاوبانەكانی سمیلان چاكبكرێن و نۆژەنبكرێنەوە.
*ئەو پردانەی لافاو بردی بۆ چاك نەكراونەتەوە؟
- لە كاتی هاتنی لافاو نزیكەی شەش پرد دارمان و وێران بوون، بەڵام هەر زوو پردەكان بە شێوەیەكی كاتی كرانەوە، لێژنەیەكمان پێكهێنا و دەرخستە و زیانەكانمان نووسی، ئێمە داوامان كرد ئەم پردانە بگۆڕدرێن بۆ پردی ئاسنی هەوایی، بۆ ئەوەی هەموو ساڵێك لەگەڵ لافاو پردەكان دانەڕمێن و نەگیرێن، چاوەرێین پردی ئاسن دروست بكرێت و ئەم ئاسەوارانە نەمێنێت.
*هیچ ئومێدێك هەیە ئەو خەڵكەی زیانی پێكەوتووە لە لافاو قەرەبوو بكرێنەوە؟
- بێگومان ئومێدێك هەیە لە حكومەتی نوێی داهاتوو، ئەو كەسانەی زیانیان پێكەوتووە قەرەبووی مادیان پێبدرێت، هەر لە كاتی كارەساتەكەش هەندێك خەڵكی زیان لێكەوتوو لەلایەن رێخكراوە، خێرخوازان و دەزگای خێرخوازی بارزانی كەمێك قەرەبوویان پێدراوە، كە ئێمە بانگەوازیمان بۆ كردبوو.
*بۆ تا ئێستا رێگایەكانی ئەم سنوورە هیچ هێمایەكی هاتووچۆی نییە؟
- دەبوایە لە كاتی دروستكردنی رێگایەكان لە لایەن چاككردنەوەی رێگاوبانەكان و بەڕێوەبەراتی پۆلیسی هاتووچۆ نیشانە و هێماكانیان بۆ داندرابایە، بەشێكی كەم لە تابلۆكان هەیە، بەڵام لەلایەن خەڵك دزراوە و یا لە ناوبراون و شێوێندراون، لەبەر ئەوەی لە فافۆن و ئاسن دروستكراون لەلایەن خەڵكی نا رۆشنبیر دزراون و فرۆشراون.
*بەشێك لە گوندەكانی ئەم سنوورە رێگای قیریان نییە؟
- بەڵێ ئەم سێ چوار گوندە ماون لە بەرنامە دایە رێگای ئەم گوندانەش قیڕ بكرێت.
*زۆرێك لە گوندەكان گرفتی نەبوونی تۆڕی ئەنتەرنێت و موبایلیان هەیە، هیچ هەوڵێكتان بۆ نەهێشتنی ئەم كێشەیە داوە؟
- ژمارێكی كەم لە گوندەكان ئەم كێشەیان هەیە، لە پێشدا تەنها تۆڕی كۆڕەك هەبوو، ئێستا دوو هێلی ئەنتەرنێت هەیە، لەگەڵ ئاسیا و زین، كۆمپانیاكان دەبێ ئەم گرفتە بۆ گوندەكانی دیكە چارەسەر بكەن، ئەوەی هاتبێتە لامان نووسراومان بۆ كردووە.
*ئێستا سەنتەرێكی رۆشنبیری پاركێك، كتێبخانەیەك دروست نەكراوە؟
- نەبوونی سەنتەرێكی رۆشنبیری و كتێبخانە و پارك كێشەیە بۆ گەنجان، لە پێشتر فەرهەنگخانەیەك هەبوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابووری نەیتوانی بەردەوام بێت، بەڵام دڵنیایی بە گەنجانی سمیلان دەدەم لە ئایندیەكی نزیك لەگەڵ باشبوونی بارودۆخی كوردستان فەرهەنگخانەكە دەكەوێتەوە كار، نەبوونی پارك ئەوەندە كێشە نیە، چونكە ناوچەكە خۆی پارك و پڕسەوزاییە، هەر وەها یاریگا و سەنتەری لاوان لە سنوورەكەمان هەیە.
*لەم سنوور چەند گرنگی بە ژینگە دراوە؟ بۆ لێرە بە ئاشكرا ڕاودەكرێت؟
- تا ڕادێكی باش خەڵك ژینگە دەپارێزین، ئێمەش گرنگی زۆر بە ژینگە دەدەین، سمیلانیش ژنگێكی جوان و تەندروستی هەیە، لەبارەی دیاردەی ڕاوكردن لەم سنوورە هەندێك خەڵك و هەندێك راوچی لا بە لا دێن و راو دەكەن. ئەوەی كێشەی بۆ ئێمە دروست كردووە نەبوونی پێشمەرگەی ژینگەیە نەبوونی پۆلیسی ژینگەیە، لە پێشدا هێزێكی پێشمەرگە لە سمیلان هەبوو تایبەت بە پاراستنی ژینگە بوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێكی شەڕی داعش بردرانە بەرەكانی جەنگ‌و نەهاتوونەتەوە، لەم بۆشاییەدا راوچیەكان بە دەرفەتیان زانی و بەدوای راوكردن و تێكدانی ژینگە بوون، بەڵام ئێمە بەردەوام چاودێری سنوورەكەمان دەكەین بە پۆلیس و ئاسایش.
*لەم سنوورە چەند گرنگی بە بواری گەشت و گوزاری و كشتوكاڵ دراوە ؟
- دڤەرەكەمان خۆی هەمووی شوێنی گەشتیاریی و خۆشە، بەڵام تا ئێستا لەو ئاستە نییە وەك شوێنەكانی تر بڵێن كەپڕ دروست بكرێت یا لە ڕووبار سەدەی بچووك بچووك دروست بكرێت بۆ گڵدانەوەی ئاو لە شوێنی سەیرانگایی، خەڵكەكە خۆی ئەم كارەی نەكردووە، سەرمایەدارانیش نەهاتوون بڵێن لێرە شوێنی گەشتیاری بنیاد بنێن و شوێنی كەپڕ و شوێنی حەوانە دروست بكەن، ئەم سنوورە بۆ گەشت و گوزار زۆر گونجاوە و ئەمن و ئاسایشی باشە. لەبارەی كشتوكاڵیشەوە خەڵكی ئەم دڤەرە هەر بۆ بژێوی خۆیان كشتوكاڵ دەكەن و ئاژەڵداری دەكەن، لە ئاستێكی زۆر بەرزدا نییە، زەویی و دەشتای زۆریشی نییە، خەڵك بیكات بە كشتوكاڵی زۆر.
*بۆ شارەوانی خاوەنی شۆفەڵ و گلێدەرو هیچ ئامێرێكی ئەوتۆ نیە بۆ خزمەتی خەڵك ؟
- زۆر ڕاستە خۆی بوونی ئامێر و شۆفەڵ و گلێدەر زۆر گرنگە بۆ سمیلان، چونكە بەردەوام كارەساتی سروشتی لەم سنوورە هەیە. ئەگەر بۆ قەزاكانیش دابین بكرێت هەر باشە، بۆ نموونە هەر قەزایە و خاوەنی سەرجەم ئامێرەكانی خۆی بووایە، وەك شۆڤەڵ و گلێدەر و ئامێرەكانی پێویست بۆ خەڵك.
*زۆرێك لە جۆگە ئاودێرییەكانی گوندەكان وێران بوونە هیچیان بۆ دەكرێت؟
- بەڵێ لەگەڵ ئەم لافاوە بە هێزانە زۆرێك لە جۆگە ئاودێرییەكان وێران بوون، ئێمە ساڵی ڕابردوو هەر زوو بۆمان چاكردنەوە، ئەو خەڵكانەشی لەسەر ئەركی خۆیان چاكیان كردبوو پارەكەمان بۆ گەڕاندنەوە، بەڵام بە داخەوە جارێكی تر لافاوێكی بە هێزتری لێدا و ئەم جارە هەر بە دوای وێرانی كرد. بەشێكمان چاككردۆتەوە، ئێستاش دەرخستەی بۆ كراوە، ئەوەی ماوە لە ماویەكی نزیك چاك دەكرێنەوە.
*ئایا ئەم سنوورە پێویستی بە نەخۆشخانەیەكی گەورە نییە ؟
- بێگومان كەرتی تەندروستی نەك لە سمیلان، بەڵكو لە تەواوی هەرێم لە ئاستێكی باشدا نییە، بەڵام وەك سمیلان باشە خراپ نییە، شەش بنكە و بەڕێوبەرێكی هەیە بە تەواوی سنوورەكەمان، ئەوانەی هەن خزمەت بە نەخۆش و خەڵك دەكەن، هەر لە سەنتەری سمیلان فریاكەوتن و پزیشكی ددان و پزیشكی گشتی هەیە، بە شێوەیەكی گشتی هیچ كێشەیان نییە.
*بۆ قوتابخانەی بەشێك لە گوندەكان داخران واتە هیچ دەوامێكیان تێناكرێت؟
- كەرتی پەروەردە زۆر باشە، لە ساڵانی رابردوو لە گەڵ هاتنی قەیرانەكان بەشێك لە قوتابخانەی گوندەكان داخران، ئەمەش بە هۆی كەمی ژمارەی قوتابی، زۆرێك لە گوندەكان چۆڵكران و قوتابی كەم بوون، بۆیە بە دوو یا سێ گوند لە قوتابخانەیەك دەخوێنن، هەوڵمان هەیە بۆ كردنەوەیان، بەڵام قوتابی نییە گوند هەیە دوو قوتابی یا پێنچ قوتابی لێیە، ئەمەش خەرجێكە بۆ حكومەت، یان گوند هەیە بە تەواوەتی چۆڵە قوتابخانە بۆ كێ بكەینەوە.
*بۆ ساڵ لە دوای ساڵ گوندەكانی باڵەكایەتی چۆڵ دەبن ؟
- هۆكار زۆرن كە وایكرد گوندەكان چۆڵ بن، سنوورەكەشمان لە زۆر شوێنی تر باشترە واتە كەمێك قەڵەباڵغی ماوە. هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە حكومەت خەڵكێكی زۆری كرد بە مووچە خۆر، بوون بە پێشمەرگە، بوون بە فەرمانبەری میری، هۆكارێكی تر ئەوەی خەڵك خۆی حەز بە ژیانی لادێ ناكات بە دوای خۆشگوزەرانی خۆیەتی، چۆڵبوونی لادێیەكان بە گشتی بۆ خۆشگوزەرانی هەرێمی كوردستان دەگەرێتەوە، ئەگەرنا لەم سنوورە ئەمنییەت زۆر باشە، حكومەت پێشینەی خانووبەرە، پێشینەی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری، قەرزی بچووك و پێشینەكانی هاوسەرگیری داوە، بەڵام خەڵك هەر بەردەوام بووە لە چۆڵكردن، دەتوانم بڵێم سەرجەم گوندەكان خزمەتگوزاریان بۆ چووە لە هیچ شتێكیان كەم نییە، ئاو، كارەبا، قوتابخانە، نەخۆشخانە، مزگەوت و ڕێگاوبان، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ حكومەت بەرنامە و پلانی تایبەتی هەبێت.

 

زۆرترین بینراو