كازمی بەبێ هەرێم ناتوانێت چارەسەری كێشەكانی عێراق بكات

كازمی بەبێ هەرێم ناتوانێت چارەسەری كێشەكانی عێراق بكات

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" مستەفا كازمی بەبێ هەرێمی كوردستان ناتوانێت چارەسەری كێشەكانی عێراق بكات، بۆیە هەماهەنگی و پێكەوە كاركردنی هەولێر و بەغدا بۆ عێراق زۆر گرنگە.
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند :" مستەفا كازمی بەبێ هەرێمی كوردستان ناتوانێت چارەسەری كێشەكانی عێراق بكات، چونكە عێراق رووبەڕووی كێشەی یەكجار گەورە بۆتەوە لە ساڵی 2003 بەدواوە ئەوە یەكەمجارە كۆمەڵێك كێشەی گەورە رووبەڕووی عێراق ببنەوە، لە هەمان كاتدا عێراق لەرووی ئابوورییەوە كە پشت بە نەوت دەبەستێت لە دۆخێكی یەكجار خراپدایە، نرخی نەوت دابەزیوە، ڤایرۆسی كۆرۆنا كێشەیەكی گەورەیە نەك بۆ عێراق، بەڵكو بۆ هەموو جیهان، هەروەها رۆژانە داعش هێرش دەكاتە سەر هێزە ئەمنییەكان، لە هەمان كاتدا لەرووی سیاسییەوە كێشەی هەیە، شیعە لەنێوخۆیاندا ناكۆكن، شەقامی عێراقی دەكوڵێت، ئەگەر ئەو كێشانە چارەسەر نەكرێن، رەنگە عێراق بەرەو ئاراستەیەكی خراپتر هەنگاو بنێت، وە چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەبێت بە هاوكاری لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت، كازمی خۆشی رایگەیاندووە كە پشت بە دەستوور دەبەستێت، بۆیە ئەگەر پشت بە دەستوور ببەستێت هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ نابێت، بەڵكو كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر دەبن".
هۆشیار سیوەیلی، روونیشیكردەوە :" هەماهەنگی و پێكەوە كاركردنی هەولێر و بەغدا بۆ عێراق زۆر گرنگە، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگە لە عێراق، لە ساڵی 2003 بەدواوە هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گرنگی بینی لە بنیاتنانەوەی عێراق، ئێستاش رۆڵێكی گرنگی هەیە، هەرێمی كوردستان لەرووی پەیوەندی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندییەكی یەكجار گەورەی هەیە، دەكرێت ئەو پەیوەندییە بەكاربهێنێت بۆ چارەكردنی بەشێك لەو كێشانەی كە لە عێراق هەن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی عێراق بەهێز دەبێتەوە، هەتا لەرووی ئابوورییەوە بەشێك لە نەوتی عێراق لە هەرێمی كوردستانەوە هاوردە دەكرێت، هەتا لەرووی ئەمنییەوە بەتایبەتی لەو ناوچانەی كە ئێستا داعش تێدایە، هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دەتوانن دەورێكی باش ببینن، بۆیە عێراق ئەو كاتە سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت كاتێك كە هەماهەنگیەكی رێكوپێك لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت، بەپێچەوانەوە عێراق سەقامگیر نابێت، ئەگەر پەیوەندییەكی تەندروستی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەبێت".

زۆرترین بینراو