كوردستان شوێنی پێكەوەژیان و برایەتییە بۆ هەموو پێكهاتەكان

كوردستان شوێنی پێكەوەژیان و برایەتییە بۆ هەموو پێكهاتەكان

رائیب شێروانی- هەولێر: وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" ئەوە پێنج مانگە حكوومەتی هەرێم پێكهاتووە، لەو ماوەیەدا شتی زۆر باش كراوە، لە داهاتوودا شتی باشتریش دەكرێت، رێككەوتنی هەولێر و بەغدا شتێكی باشە و دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەر دوو لا، هەرێمی كوردستانیش مافی خۆیەتی كە لە چوارچێوەی عێراقدا مافەكانی خۆی وەربگرێت. دەشڵێ:" دانانی وەزارەتێك بۆ كاروباری پێكهاتەكان زۆر گرنگ بوو، ئەم وەزارەتە بووەتە پردێك لە نێوان دەسەڵات و پێكهاتەكاندا، لە ئێستادا پێكەوە ژیانێكی زۆر رێكوپێك هەیە لە هەرێمی كوردستان و دەبێت زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین، داواكاریی پێكهاتەكانیش ئەوەیە، مافەكانیان لە دەستووردا جێگیر بكرێن و لە یاساكاندا رەچاوی مافەكانیان بكرێت.
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" نزیكەی مانگێك دەبێت فەرمانی دەست بەكاربوونی من دەرچووە بۆ كاروباری پێكهاتەكان، دوای دەستبەكاربوونمان وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان، لە ئێستادا بە فەرمی كاری خۆمان ئەنجام دەدەین لە یەكەم هەنگاویشدا لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی و شەبەك و ئێزدی و كاكەیی و هەموو پێكهاتەكان كۆبووینەتەوە، ئەو جۆرە كۆبوونەوانەش بەردەوام دەبن، داواكاریی خۆیان ئاڕاستەی ئێمە كردووە، ئێمەش كردوومانە بە راپۆرتێك و داومانەتە حكوومەت بۆ جێبەجێكردن، حكوومەتیش وەڵامی ئەرێنیی بۆ داواكارییەكانمان هەیە، كە داواكاریی پێكهاتەكان ئەوەیە، مافەكانیان لە دەستووردا جێگیر بكرێن و لە یاساكاندا رەچاوی مافەكانیان بكرێت.
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی:" ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە پێكهاتەكان لەناو حكوومەت و پەرلەمان بەشدار بن، بە مافەكانی خۆیان بگەن، لە ئێستادا باشترین شت ئەوەیە كە وەزارەتێك بۆ پێكهاتەكان دانراوە، دانانی وەزارەتێك بۆ كاروباری پێكهاتەكان زۆر گرنگ بوو، ئەمە لە كارنامەی حكوومەتیش باس كراوە، كە دەبێت مافی پێكهاتەكان پارێزراو بێت، سەرۆكی حكوومەتیش دەورێكی باشی هەیە و بەردەوام پشتگیری لە پێكهاتەكان دەكات، لە عێراق و لە هەرێم ئەوە هەنگاوی یەكەمە، ئەویش لە هەرێمی كوردستانە، لە داهاتوودا زیاتر لە دەستووری هەرێم مافی پێكهاتەكان جێگیر دەكرێت و بەشداریان پێ دەكرێت، لە ئێستادا پێكەوە ژیانێكی زۆر رێكو پێك هەیە لە هەرێمی كوردستان و دەبێت زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین، هەموو پێكهاتەكانی هەرێم پێ خۆشحاڵ بوونە بە دامەزراندنی ئەم وەزارەتە تایبەت بە كاروباری پێكهاتەكان.
مەعرووف، دەشڵێ:" رۆژانە لەگەڵ پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا كۆ دەبینەوە باسی بارودۆخی ئەو ناوچانە دەكەین، چونكە كاتێك كە داعش هات پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە بوونە ئامانج، كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەین، سەردانی كەمپەكان دەكەین و هەوڵدەدەین رێگەیەك بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێكی نوێ بكەن.
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:"ئەوە پێنج مانگە حكوومەتی هەرێم پێكهاتووە، لەو ماوەیەدا شتی زۆر باش كراوە، لە داهاتوودا شتی باشتریش دەكرێت، گرنگ ئەوەیە كە ئیستقراری سیاسی وجودی هەیە، ئیستقراری ئەمنی هەیە، باشترین شتیش ئەوەیە كە مووچە هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا دەدرێت، ئەوانە زۆر گرنگن بۆ هەرێمی كوردستان، وەزیرەكان، جێگری سەرۆكوەزیران، سەرۆكوەزیران هەموو بە یەك تیم كار دەكەن، ئەوەش زۆر گرنگە، هەم بۆ حكوومەت، هەمیش بۆ هاووڵاتیان كاتیش زۆر ماوە، بەڵام لەو ماوەیەدا شتی زۆر باش كراوە، چەندین گۆڕانكاری لەناو حكوومەت دا كراون، هەروەها كار و تەنزیمی وەزارەتەكان لەناو حكوومەت رێكخراوە.
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" رێككەوتنی هەولێر و بەغدا شتێكی باشە و پێویست بوو، دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەر دوو لا، هەرێمی كوردستانیش مافی خۆیەتی كە لە چوارچێوەی عێراقدا مافەكانی خۆی وەربگرێت، بە رۆیشتنی عادل عەبدولمەهدی و هاتنی كەسێكی نوێ كاریگەری لەسەر رێككەوتنەكە نابێت، چونكە ئەو رێككەوتنەی كە كراوە لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە، نەك لە نێوان دوو كەس".

زۆرترین بینراو