كۆپی كردنی سیستەمی پەروەردە هەڵەیە

كۆپی كردنی سیستەمی پەروەردە هەڵەیە

لەدیمانەێكی تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا، فەرمان سەدرەدین عەبدولعەزیز توێژەری كۆمەڵایەتی ، ئەم توێژەرە كە بەشی كۆمەڵناسی تەواو كردوە لە زانكۆی سەلاحەددین – كۆلێژی ئاداب، بەشدای چەندین خوولی جۆراوجۆر كردووە بڕوانامەی تێدا وەرگرتووە ، لەوانە ڕێگاكانی وانە وتنەوەو راهێنانی راهێنەران (TOT) و بڕوانامەی خوولی ( CBT) و خوولی ( رێنماییكردن ) لە پرۆژەی هاوبەشی وەزارەتی پەروەردە و ئەنجوومەنی رۆشنبیری بەریتانی، زاری كرمانجی لەسەر رەوشی پەروەردە و فێركردن لەكوردستان چەند پرسیارێكی ئاراستەی ئەم توێژەركردوو ئەویش بەم جۆرە وەڵامی داینەوە.
دیمانە: محەممەد مەحموود
* چۆن پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە وڵات پێشدەكەوێت؟
- بە بۆچوونی من پرۆسەی پەروەردە بەو شێوەیە پێشدەكەوێت كە لەگەڵ بارودۆخ و راستی ئێستای كۆمەڵگە بگونجێت، چونكە ئەو پرۆسەیە پرۆسەیەكی كۆنە، دارێژراوی وڵاتانی ئەوروپایە، كە بە سیستەماتیك نەكراوە لە هەرێمی كوردستان، مومارەسەیەكی باشتری دەوێت، واتە پێویستە پرۆسەی پەروەردە لەگەڵ شێوازی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە بگونجێت، ئەویش لەڕێگای گرنگیدان بە پێداویستەكانی مامۆستاو دامەزراندنی مامۆستای پسپۆڕو هەروەها رەخساندنی كەشێكی گونجاو لەڕووی (بیناو و كەل وپەل و ژینگەوە) جگەلەوەش سیستەمی پەروەردە پێویستە بەرەدەوام پرۆگرامسازی بۆ بكرێت،‌ ئەویش بەكردنەوەی خولی پەروەردەیی دەربارەی پرۆسەی پەروەردە.
*كوردستان توانیوویەتی گرنگی بەكەرتی پەروەردە بدات؟
- تا ئێستا هەوڵەكان گرنگ بوونە لەبارەی پەروەردە، بەڵام دەكرێ بەبەردەوامیش هەولێ باشتر و زیاتریشی پێبدرێت بۆ پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە، چونكە پەروەردە گرنگترین پێگەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگایە.
*چۆن وابكەین لە رێگەی خوێندنەوە تاكێكی هۆشیار درووست بكەین؟
-جگە لە خوێندنی پڕۆگرامەكانی خوێندن لە قوتابخانەكاندا كە ئەركێكە و قوتابی پێوەی پابەندە، بەڵكو پێویستیشە قوتابی فێری زانیاری دەرەكیش بكەین واتە جگە لەو وانانەی كە بۆی دانراوە لە پڕۆگرامەكانی خوێندن، هەروەها پێویستە پڕۆگرامەكانی خوێندن بەپێی ئاستەكان و هاوكاری دایك و باوكان لەگەڵ قوتابخانە و كردنەوەی خوولی هۆشیاری تاك و دامەزراندنی توێژەری كۆمەڵایەتی توێژەری دەروونی لە سەرجەم قوتابخانەكان بۆ روونكردنەوەی گرنگ بوونی تاك لە كۆمەڵگەدا، هەروەها پێویستە بیر لە دانانی پرۆگرامێكی تایبەت بە هۆشیار كردنەوەی تاك بكرێت لە ناوەندەكانی خوێندن.
* هێنان و تێكەڵكردنی ئەو سیستەمانە بۆكوردستان بەگونجاو دەزانیت؟
- هەر سیستەمێكی پەروەردە لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە بهێنرێت گونجاو دەبێت بەڕەچاوكردنی ڕەوشی كۆمەڵگە، بەڵام دەبێت پێش هێنانی هەر سیستەمێكی پەروەردەیی بۆ هەر كۆمەڵگایەك پێویستە پێش وەختە پلان دابرێژرێت، بۆ ئەوەی سیستەمەكە بە شێوەیەكی ئەكادیمی لەسەرجەم قوتابخانەكان جێبەجێ بكرێت بەیەكسانی.
پێش هێنانی ئەو سیستەمە پەروەردەییانە بۆ كوردستان دەبێت ڕەچاوی شێوازی كۆمەڵایەتی خەڵك بكرێت.
*سیستەمی پەروەردە كۆپی دەكرێت؟
- نەخێر كۆپی كردنی سیستەمی پەروەردە هەڵەیە، چونكە كۆپی كردنی سیستەمی پەروەردەی وڵاتێكی ئەورووپی و هێنانی ئەو سیستەمە لە بۆ وڵاتێكی وەكو عێراق و بەتایبەت هەرێمی كوردستان، ئەوە سیستەمێكی هەڵەیە و جێبەجێكردنیشی هەر هەڵەیە، وەناشكرێت كۆپی بكرێت، چونكە سیستەمی پەروەردە لە كۆمەڵگەیەك لە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر جیاوازە، پێش هێنانی هەر سیستەمێكی پەروەردە دەبێت لایەنی كۆمەڵایەتی و دەروونی وڵاتەكە لەبەرچاو بگیرێت ئینجا هەوڵی داڕشتنی پلانەكە بدرێت.
* پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە ئێستادا پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە كوردستان بە باش نابینم، ئەوەش بەهۆی لاوازی ئاستی زانستی مامۆستاو تاكەكانی كۆمەڵگەوە.
* ئەوەی ئێستا دەخوێندرێت لە پڕۆگرامەكانی قۆناغی بنەڕەتی گونجاون؟
- ئەو پڕۆگرامانەی كە دانراون تاڕادەیەك پڕۆگرامی باش و گونجاون، بەڵام نایەكسانی دەكرێت لە پەیڕەوكردنی پڕۆگرامەكان و خوێندنی وانەكان ‌ جیاوازی هەیە لە نێوان ‌شارەكان و گەڕەكە میللیەكان، هەروەها جیاوازی هەیە لە نێوان گەڕەكە میللەكان و لادێ نشینەكان ، بۆ نموونە لە شاردا لە زۆربەی ‌ قوتابخانەكان كێشەی مامۆستایان نییە و هەروەها مامۆستای پسپۆریش بۆ سەرجەم وانەكان دابین كراوە، واتە قوتابی كێشەی نییە بەدەست كەمی مامۆستای پسپۆڕ و بینای قوتابخانە، بەڵام ئەگەر سەیری لادێكان و گەڕەكە میللیەكان بكەین دەبین زۆربەی لادێكان و بەشێك لە قوتابخانەی گەڕەكە میللەكان كێشەی كەمی مامۆستای پسپۆڕ و كەمی بینای قوتابخانە بەروونی دیارە ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی زانستی قوتابی.
* پێتوایە لە دانانی پڕۆگرامەكانی خوێندن رەچاوی تەمەنی قوتابی كرابێت؟
- لەدانانی پڕۆگرامەكان نەخێر ڕەچاوی تەمەنی قوتابییان نەكراوە، ئەویش بەهۆی زۆری بابەتی زانستی لە پەرتووك و پڕۆگرامەكانی خوێندن لایەنی پەروەردەیەكە لەبیركراوە.
* پڕۆگرامەكانی خوێندن لەو ئاستەن بەباشی بگەنە قوتابی؟
- نەخێر قوتابی زۆر لەو پڕۆگرامانە بێزارە، بەهۆی توندی و وشكی بەشێك لە بابەتەكان و هەروەها بەهۆی نالەباری ژینگەی قوتابخانە.
* وشكی پڕۆگرامی خوێندن بێزاری لای قوتابییان درووست ناكات؟
- بێگومان وشكی پڕۆگرامەكان، تاڕادەیەكی زۆر كێشەی بۆ قوتابی دروست كردووە، چونكە بابەتەكان كراوەتە دوو وەرز (وەرزی یەكەم و وەرزی دووەم )، ئەمەش‌ منداڵ یاخود قوتابی سەری لێ تێكدەچێت، جگە لەمەش زۆری كێشی پەرتووكەكان جۆرەها كێشەی تەندروستی بۆ قوتابی دروست دەكات كە لە دوارۆژدا كاریگەری دروست دەكات لەسەر قوتابی، بۆیە ئەگەر ناوەرۆكی پەرتووكەكان و كێشی كتێبەكانیش كەمتر بكرێتەوە باشترە ، چونكە هەم قوتابی حەزو ئارەزووی زیاتری دەبێت بۆ خوێندن و هەمیش كێشەی تەندروستی بۆ دروست ناكات .
*وشكی پڕۆگرامەكان بێزاری لای قوتابی درووستناكات لەبەرامبەر خوێندن و قوتابخانە؟
- بێگومان وشكی پرۆگرامی خوێندن بێزاری لای قوتابییان دروست دەكات، بەڵام لەهەمان كاتیشدا لەسەر مامۆستا پێویستە ئەو وانانەی كە وشكن لە پڕۆگرامەكانی خویندن زیاتر بۆ قوتابییان روونیان بكاتەوە، بۆ ئەوەی قوتابی هەست بەبێزای نەكات و ئارەزووی زیاتری بۆ وانەكە هەبێت.
* قوتابخانەبەتەنها دەتوانێت كرداری پەروەردەو فێركردن بەیەكەوە ئەنجام بدات؟
- نەخێر قوتابخانە بەتەنها ناتوانێت كرداری پەروەردەو فێركردن لەیەك كاتدا ئەنجام بدات، بەڵكو قوتابخانە لەگەڵ خێزانی قوتابی تەواوكەری یەكترن ،واتە دەكرێ پەیوەندیەكی پتەویان لەگەڵ یەكدا هەبێت.
* بێنە سەر نمرە، هێنانی نمرەی بەرز نیشانەی زیرەكی قوتابییە؟
- بەدەست هێنانی نمرەی بەرز بەتەنها ناگەڕێتەوە بۆئاست و زیرەكی قوتابی بەڵكو بۆ چەند لایەنێك دەگەڕێتەوە لەوانە: زیرەكی خودی قوتابی، هەروەها لایەنی دەروونی قوتابی و هاوسەنگی كۆمەڵایەتی و هەندێ جاریش دەگەڕێتەوە بۆ غەش كردنی قوتابی لەوانە.
* چۆن بتوانین پەرەردەیەكی تەندرووستمان هەبێت لەرێگەی ناوەندەكانی خوێندنەوە؟
- پەروەردەی تەندروست لە ڕێگەی پلانی تەندروستەوە دەكرێت، هەركاتێك ویستمان هەر پڕۆگرامێك لە پڕۆگرامەكانی خوێندن پڕۆگرامێكی باش و ئەكادیمی هۆشیارانە بێت، دەبێت بیر لە پلانێكی تەندروست و تۆكمە بكەینەوە بۆ دارشتنی، ئەمەش بە هۆی هۆشیار كردنەوەی مامۆستایان و پسپۆڕان و بە هاوكاری دایك و باوكان و كردنەوەی خول دەكرێت، تاوەكو ژینگەیەكی تەندروست لە قوتابخانەكان دروست ببێت.

زۆرترین بینراو