لەبارەی نەوت و بودجەوە قسەیەكیش بۆ كوردستان بكەن

بەهرۆز جەعفەر

دامەزرێنەر و سەرۆكی ئینستیتیوتی مێدیتریانە یە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی
خوێندكاری دكتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەكان
ململانێكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئەوە نییە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدادو ئەوانیش بودجەی هەرێم ڕەوانە بكەن، ئەگەر ئەوە بێت، ئێستا تەنها كێڵگەی خورمەلە بە پێی وود مەكەنزی– Wood Mackenzie بەرهەمی ڕۆژانەی لەنێوان 180 بۆ 210 هەزار بەرمیلدایە. ئەوە ماوەیەكە بەشێكی زۆر لە بەرپرس و پەرلەمانتار! ە كوردەكان (ڕێز بۆ یەك دوانێك لەو پەرلەمانتارە خەمخۆرانە) گوایە خەمی نانی میللەتیانە پتر لە شیعەو سووننەی عێراق لە میدیا عەرەبییەكانەوە قسە لەسەر ئەم پرسە ئەكەن، لێرەدا:
یەكەم/ بودجەی عێراق ساڵی 2019 بڕی 135 تریلیۆن دینارە، 1 تریلیۆنیش بودجەی حاڵەتی لەناكاو ئەمە 136 تریلیۆن دینار ( جگە لەوەش لە بودجەدا حیساب بۆ ئەو ملیارەها دۆلارە نەكراوە وەك یارمەتی دەرەكی ئەدرێ و دراوە بەعێراق بۆ ئاوەدانكردنەوەو بەشی زۆری لووش ئەدرێ)، لەكۆی ئەم هەمو بڕە تەنها 10 دە تریلیۆنی دراوە بە حكومەتی هەرێم. بۆچی هیچ كەسێك بەدواداچوون بۆ 126 تریلیۆن دینارەكەی تر ناكات، چی لێ دێت؟ بۆ كوێ ڕۆیشتوە لەكاتێكدا بە پێی هیومان ڕایتس ووچ ڕێژەی بێكاری لە عێراقدا 33٪ ەو قەرزە دەرەكیەكانی ئەم وڵاتە 132 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوەو، 200 هەزار خانوی خاپوركراوی پاش جەنگی داعش هەیە؟. ئیتر ئەم عێراقە وێرانە هەیە كەچی ڕای گشتی و ناوەندی سیاسی سەرقاڵكراون بە هەرێمی كوردستانەوە كە هەرگیز كورد مەترسی سیاسی و ئەمنی و دارایی نەبوە بۆ عێراق، بودجەی دە ساڵی هەرێمی كوردستان هێندەی بودجەی دوو ساڵی شەڕی داعش نەبوە كە لە ڕۆژئاواو ناوەڕاستی عێراقەوە هەڵقوڵان و ئێستاش بونیان هەیە!. ئینجاش لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هێشتا چاوەڕێ ئەكرێت بودجەی ساڵی 2020 ی عێراق نزیكەی 70 حەفتا تریلیۆن دینار كورت بهێنێت!. ئەی باشە خۆ ئەو كورتهێنانە تاوانی هەرێمی كوردستان نییە، ئەو كورتهێنانە كورتهێنانی ساڵانی پێشوترە كە ساڵی دارایی (سنە ی مالی) تەواو بوەو (حیسابی خیتامی) سالانی پێشوو داخراوە كەچی هێشتا ئەوانە چارەسەر نەكراون، تەنانەت كە عێراق لە ڕووی داراییەوە كورتی هێناوە خۆ- ئەو ساڵانە عێراق دینارێكی بە هەرێم نەداوە تا لەسەر كوردی هەژماربكەن!.
دووەم/ سێكتەری نەوتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای نەبونی شەفافیەتی تەواو و دامەزراوەی ئابوری نیشتیمانی، كەوتۆتە بەردەم هەڕەشەی ئێران و عێراق و ڕووسیا و توركیا لەلایەك، سكاڵای كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان لەلایەكی تر، بۆچی؟. چونكە بەغدا زیاتر لە 3 ساڵ یەك دیناری بەهەرێمی كوردستان نەدا، نرخی نەوت هەڵگەرانەوەی زۆری بەخۆیەوە بینی، ئابڵوقەی سیاسی و سەربازی و، وە كرێی هەقدەستی كۆمپانیاكان كەڵەگە بو لەسەر هەرێمی كوردستان. ئێستا ڕەنگە بڵێن سیاسەتی هەڵەی هەرێمی كوردستان بو كە ڕێگەی ئابوری سەربەخۆ و ریفراندۆم ی گرتە بەر « ئێمە لەكاتی خۆیدا تێ بی نی و ڕەخنەو ئارگیۆمێنتی خۆمان لەسەر ئەمانە خستوەتە ڕوو» بەڵام جێی بیر هێنانەوەیە خۆ لەساڵی 2008 هەرێم باسی ڕیفراندۆم و ئابوری سەربەخۆی نەكردبو كە نوری مالیكی هێزی دیجلەی ناردە سەر كەركوك و خانەقین!؟. ئەی ئەوكات بۆ بودجەی هەرێم كەوتە بەر مەترسی ؟ كێ ئەم ڕێگەیەی پێ نیشاندان؟!. بەكورتیەكەی وادیارە خەڵكانێك ئەیانەوێ هەرێمی كوردستان سەرقاڵ بكەن بە كێشەی داراییەوە.
سێهەم/ كات لە سیاسەتدا گرنگە، ئەمریكا ئێستا هەڵوێستەكانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە پاشەكشەدایە، بۆ؟. چونكە لە ڕۆژھەڵاتی دەریای سپی ناوەراست « مێدیتریانە» غازو نەوتێكی بێشومار دۆزراوەتەوە، بەمانایەكی تر هێزی ئابوری و جیو- ستراتیجی و سەربازیی گەورەی ئەمریكاو ئیسرائیل و ئەوروپا بە پلەی ئیمتیاز لە دەریای ناوەڕاستە لەمەولا نەك كەنداو. ئەمەش وا ئەكات ئەگەری گۆڕینی هێڵی ووزەی ناوچەكە بێتە ئاراوە، وەزیری نەوتی عێراق خۆی تێكداوە ئەڵێ هێڵێكی نوێ لە كەركوكەوە بۆ جەیهان دروست ئەكەین، لەكاتێكدا پێش هاتنی ئەو بۆ وەزارەت ئەو هێڵە ساڵو نیوێكە ئیشی لێ ئەكرێ و لە تەواوبوندایە، هەروەها ئەڵێ پلانمان هەیە 6 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بكەین؟. پێمان ناڵێ لە كوێوە؟. ئێستا عێراق ئەوەندەی نەوتی ئێران ئەفرۆشێ بە ئەوراقی عێراقی نیو هێندە سەرقاڵی نەوتەكەی خۆی نییە « لوتكەی بڕیاری عێراقی لەمەدا شەریكە». بە كورتیەكەی بەندەری بەسرە بەرەو ئەوە ئەچێت ئیتر ئەو شوێنە سەكوێرە نەبێت بۆ هەناردەكردنی نەوتی عێراق... بەچیدا بزانین بە پێچەوانەوە نابێت كە سبەینێك نایەت كە ئەبێت عێراق نەوتەكەی خۆی ڕادەستی هەرێم بكات بۆ هەناردەكردن. چونكە پێگەی هەرێم نزیكترە لە سنوری دەریای ناوەڕاست ەوە... مەگەر عێراق هێڵی بۆڕی كوردستان ی لە ماوەی شەڕی داعش دا بەكار نەهێنا بۆ هەناردەكردن، كەچی دوای ئەوە سكاڵای لەدادگای پاریس زیندوو كردۆتەوە بۆ داخستنی هێڵی نەوتی كوردستان !.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو