لەمەودوا رێگە بە هەموو كەسێك نادرێت كاری تاكسی بكات

لەمەودوا رێگە بە هەموو كەسێك نادرێت كاری تاكسی بكات

دیدار-محەمەد هەسنانی: بەرپرسی نووسینگەی گواستنەوەی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا، ئەو رێنمایانە ئاشكرا دەكات " كە رێگە پێدراون بەو كەسانەی كە لەمەودوا دەتوانن كاری تاكسی بكەن و دەشڵێت " تاكسی هەر پارێزگایەو رەنگ و لۆگۆی تایبەت بە خۆیان هەیە.
لەبەردەوامی قسەكانیدا، عەلی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی نووسینگەی گواستنەوەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند " پێشتر وەك بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سۆران، سەرپەرشتی سێكتەرەكانی گواستنەوەی سنووری هەرچوار قەزاكانی دەڤەری سۆرانمان دەكرد، كەچی دواتر بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بچوكرایەوە كراوەتە نووسینگەو لە ئێستا ئەركی سەرەكی ئێمە رێكخستنی سێكتەرەكانی گواستنەوەو گەراج و كۆمپانیاو نووسینگەی گواستنەوەی هاووڵاتییانە لە سنووری قەزاكانی سۆران و رواندز، كە رۆژانە بۆ رایی كردنی ئیش و كارەكانیان و كاری رێكخستنەوەی گواستنەوە شۆفێران و خاوەن گەراج و كۆمپانیاكانی سنووری ئەم دوو قەزایە سەردانمان دەكەن".
لەبارەی رێنمایی نوێ‌ بۆ ئەم كەسانەی كە لەمەودوا رێگە پێدراون كاری تاكسی بكەن، بەرپرسی نووسینگەی گواستنەوەی سۆران، ئاشكرای دەكات " بۆ مەبەستی رێكخستنەوەی كاری تاكسی و گواستنەوە لە شارو شارۆچكەو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، چەند رێنماییەك دەرچوونە، بۆ نموونە ئەو كەسەی كە دەیەوێت لەمەودوا كاری تاكسی بكات و مووچە خۆری حكوومەت بێت، بۆ رێگە پێدانی لەسەرتاوە دەبێت بایۆمەتری بۆ بكرێت و رێزبەندی پلەبەندی مووچەكەی حەوت بەرەو خوارەوە نەبێت، واتە پێوەرێك دیاری كراوە كە ئەوانەی مووچەكانیان بەرزە لەمەودوا رێگەیان پێنادرێت كاری تاكسی بكەن، دوای ئەوەی كە بایۆمەتریشیان بۆ ئەنجامدرا، دەبێت شۆفێرەكە بچێتە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، بۆ ئەوەی پەنجەمۆریان وەربگیرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ناوبراو پێشینەی تاوانی هەیەو لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت، ئەگەر هیچی نەبوو دواتر بۆ پشتگیری پێویستی بە ئاسایش هێزە ئەمنییەكان دەبێت".
عەلی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی نووسینگەی گواستنەوەی سۆران، گووتیشی " دوای تەواو كردنی ئەو رێكارە یاساییەكانی سەرەوە، مامەڵەی شۆفێرەكە دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی گواستنەوە لە شارو شارۆچكەكاندا، لەوێ‌ كۆدی زانیاری كەسی لەسەر لۆگۆكە تۆماركراوە، هەروەها جیاوازیش لەنێوان كارت و لۆگۆكان دەكرێت، بۆ جیاكردنەوەی تاكسی ناوەخۆ و دەرەوەی شارەكان، چونكە هەر پارێزگایەو رەنگی تایبەت بەخۆیان هەیە، دوای ئەوەو بوونی تایبەتمەندییەكان لەو كەسەی كە دەیەوێت تاكسی لێبخوڕێت رێگای پێدەدەرێت كە كاری گواستنەوە بەتاكسی تایبەت بكات".
بەرپرسی نووسینگەی گواستنەوەی سۆران، ئەوەشی ئاشكرا كرد " دوای ئەوەی كە سیستەمی لێخوڕینی تاكسی لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان بە لۆگۆ و رەنگی تایبەت رێكخرا، هەر شۆفێرەو دەتوانێت لە سنووری خۆی كاری تاكسی بكات، هەروەها ئەوكات رێگریش لەو كەسانە دەكرێت كە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت كاری تاكسی و گواستنەوەی هاووڵاتییان دەكەن، ئەمەش ئەركی هێزەكانی ناوەخۆ و هاتووچۆیە كە بەم كارە هەڵبستن، بۆ رێكخستنەوەی سیستەمی هاتووچۆ، لە شارو شارۆچكەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا.

 

زۆرترین بینراو