لە ترسی سزا هەزاران هاوبەشی كارەبا پێوەر دەبەستن

لە ترسی سزا هەزاران هاوبەشی كارەبا پێوەر دەبەستن

پشتیوان كەریم - سۆران: لە كۆتای ساڵی رابردوو، پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارەبای كوردستان بڕیاریاندا بە دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ كارەبای نیشتیمانی و نەهێشتنی زێدەڕی لە تۆڕەكان، بۆ ئەم مەبەستەش رێنمای تایبەت بڵاو كرایەوە.
بەپێی زانیاریەكانی دەست زاری كرمانجی كەوتوون، تەنها لە ماوەی دوو مانگدا، زیاتر لە چوار هەزار مامەڵەی بەستنی پێوەری كارەبا لە سۆران ئەنجامداراوە و رۆژانەش لە بەشی فرۆشیاری كارەبای ناوچەكە خەلكێكی زۆر سەرقاڵی مامەڵەیە بۆ بەستنی پێوەر و نەهێشتنی گرفتەكانی كارەبا، بەپێچەوانەوە هەر هاووڵاتییەك لە ماوەی دیاری كراودا گرفتەكانی كارەبا چارە نەكات رووبەڕووی یاسا و سزای دارایی دەبنەوە.
رێباز محەمەد هاووڵاتییەكی دانیشتووی ئازادی سۆرانە بە زاری كرمانجی گووت" ماوەی چەندین ساڵە كێشە لە پێوەری كارەبامان هەبوو و بەو هۆیەوە قەرزی زۆری كارەبای نیشتیمانیمان لەسەر كۆببۆوە، ئەوە دەرفتەتێكی باش بوو حكومەت بە ئێمەی هاووڵاتییانیدا، چونكە بەبێ سزای دارایی توانیم پێوەری كارەبا بگۆڕم و پارەی قەرزەكەش بە شێوەی قست مانگانە بیدەمەوە بەشی فرۆشیاری كارەبا .
زیاتر گووتی" پێویستە حكومەت ماوەكە درێژ بكاتەوە، چونكە لە گەڕەكەكەی ئێمەدا چەندین هاووڵاتی ماوە هێشتا پێوەری نەبەستووە و كێشەی كارەبای هەیە، لە فەرمانگەی كارەباش خەلكێكی زۆر خەریكی مامەڵەیە بۆ ئیش و كارەكان بە ئاسانی ئەنجام نادرێن و ماوەكەش تەنها چەند رۆژێك ماوە.
ئازاد ماهیر خاوەنی دوكانی پێوەرە و رۆژانە كاری فرۆشتنی كارەبایە بە زاری كرمانجی گووت" لەمانگی 12 ی ساڵی رابردوو كاتێك حكوومەت و وەزارەتی كارەبا بڕیاریاندا خەڵك پێوەری كارەبا ببەستن، بازاڕی فرۆشتنی پێوەر گەرم بووەو بەڕێژەیەكی زۆر بەرچاو پێوەرمان فرۆشتووە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت رۆژانە هاووڵاتییان بۆ كڕینی پێوەر دێنە لامان ".
ئازاد كە بریكاری سەرەكی پێوەری كارەبای كۆمپانیای پاڤالی پۆلەندییە لە سۆران، ئاشكرای دەكات، سێ جۆرە پێوەری كارەبامان هەیە كە نرخییان لە 30هەزار دینار دەست پێدەكات تا 45 هەزار دینار، تەنها لە ماوەی دوومانگدا بە تاك و كۆ 7 تا8 هەزار پێوەرمان فرۆشتووە، كە كڕیارەكانمان لە شارۆچكەكانی رواندز، مێرگەسۆر، مەسیف، شەقلاوە لای ئێمە بردوویانە، لەكاتی دەرچوونی ئەم بڕیارە رۆژانە100 تا 200 پێوەری كارەبامان دەفرۆشت، هەرچەندە ئێستە بازاڕی فرۆشتنی پێ وەر وەك دەستپێك نییە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر باشە، چونكە بەر لە دەرچوونی ئەو بڕیارە، رۆژانە كەمتر لە 10 پێوەرمان فرۆشتووە".
ئەو بریكارە، گووتیشی" تەنها لە شاری سۆران لە مانگی 12 تا ئێستا 5 هەزار پێوەرمان فرۆشتوە، بەو پێیە بێت بەشی زۆری هاووڵاتییان و هاوبەشانی دەڤەرەكە خاوەن پێوەری كارەبان".
لای خۆشیەوە، ئەندازیار فەیسەل حوسێن بەڕێوەبەری دابەش كردنی كارەبای سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە سنوری قەزای سۆران و دەوروبەری لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو تاكو ئێستا چوار هەزار مامەڵەی بەستنی پێوەری كارەبا بۆ هاووڵاتیان ئەنجامدراوە، وە ئێستاش بەردەوامی هەیە و هاووڵاتییان سەردانمان دەكەن و مامەڵەی خۆیان دەكەن بۆ بەستنی پێوەر".
زیاتر گووتی" بەستنی پێوەریش چەند رێكارێكی پێویستە و هاوبەشانی شارەدێییەكان فەرمانگەكانی كارەبا و بەشی فرۆشیاری بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندی دارەكانی دیكە، مامەڵەی بەستنی پێوەری كارەبا تەواو دەكەن، بۆ پێوەر بەستنیش لە كاتی مامەڵە كردندا 24هەزار دیناری لێ وەردەگرین گەر بەڵێننامەی هەبێت، وە گەر بەڵێنامەشی نەبێت ئەوا 15هەزاری لێ وەردەگرین بەپێی پسولەی ژمێریاری، ئەو پارەیەش دەچێتە داهاتی گەنجینەو خەزێنەی گشتی".
بەڕێوەبەری دابەش كردنی كارەبای سۆران، گووتیشی" پێنج چین بوونیان هەیە كە سودمەندی كارەبای نیشتیمانین، ئەوانیش پێكهاتوون لە ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، میری، كشتوكاڵ . بۆ ماڵان گەر قەرزی پێوەری كارەبایان لە1 ملیۆن زیاتر بێت ئەوا كارەباكەی لێ دەبڕدرێت، وە بازرگانی و پیشەسازیش قەرزی لە 10 ملیۆن لابدات و قەرزەكەی نەگەڕێنێتەوە كارەباكەی لێ دەبڕدرێت میریش بەشێكیان پێوەریان نەبەستوە هەیە پارەی نە داوە , كشتوكاڵیش كەمە بەرێژەیەكی زۆر كەمن".
دووپات لەوەدەكاتەوە، رۆژانە مامەڵەی هاووڵاتییان رای ناكەین گەر لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك ناحیە و شارەوانی پشگیری نەكەن، گەر بێ پشگیری بێت هیچ مامەڵەیەكی بۆ ناكەین، ئەو هاوبەشانەی كە قەرزی كارەبایان لەسەر كۆبۆتەوە، ئاسانكاری تەواومان بۆ كردوون، بۆ دانەوەی قەرزەكان بۆ ماڵان بە12 قست و تاكو بتوانن پارەكە بیدەنەوە وە بۆ بازرگانی و پیشەسازیش دەتوانن بە7 قست پارەكە بگەڕێنێتەوە".

زۆرترین بینراو