نێچیرڤان بارزانی و نوێنەری سكرتێری گشتیی یو ئین دۆخی عێراق تاوتوێ دەكەن

نێچیرڤان بارزانی و نوێنەری سكرتێری گشتیی یو ئین دۆخی عێراق تاوتوێ دەكەن

 

ئەمڕۆ 9-9-2019، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هەولێَری پایتەختی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە نوێنەری سكرتێری گشتی (U.N) كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا، جەختی لەوە كردەوە" دیالۆگی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ چارەسەر كردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا و چۆنییەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكاندا، پێویستی بە میكانیزمێكی گونجاوی باشتر هەیە".
سەرۆكی هەرێم ڕوونی كردەوە" مەرج نییە لیژنەكانی نێوان هەر دوولا سیاسی بن، بەڵكو لە زۆر بواردا لیژنەكان دەكرێ تەكنیكی بن".

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، ستایشی ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكانی لە عێراق كرد و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی ڕۆڵی یوونامی بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی حكوومەتی فیدرالی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بەردەوامیی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان كردەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، پرسی بودجەی گشتیی ساڵی داهاتووی عێراق، بارودۆخی پارێزگای كەركووك و چۆنییەتی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا، ناوچە جێناكۆكەكان و ماددەی (140)، پرۆسەی سیاسیی عێراق و دۆخی ئەمنیی وڵات، ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و چۆنییەتی گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان، دۆخی ئاوارە ئێزدییەكان و ناوچەی شەنگال و چەند پرسێكی دیكەیان تاوتوێ كرد.

زۆرترین بینراو