هێزە عێراقییەكان هێزی نیشتمانی نین بەڵكو گرووپی چەكدارین

هێزە عێراقییەكان هێزی نیشتمانی نین بەڵكو گرووپی چەكدارین

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە 10 ی حوزەیرانی ساڵی 2014 لە سێ‌ قۆڵەوە هێرشی كردە سەر عێراق و توانی پارێزگای مووسڵ كنتِرۆڵ بكات و بكاتە بارەگای سەرەكی خۆی و بەو هۆیەوە بە هەزاران خێزان لەو شارە ئاوارەو دەربەدەر بوون و كۆتایی بە ژیانی ئاسایی هات لەو شارە، دوای شەش ساڵ داگی ركردنی مووسڵ و سێ‌ ساڵ ئازاد كردنی ئەو شارە ئێستا لە جیاتی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان بۆ سەرماڵەكانیان ئەوانەی لەسەنتەری شارن ئاوارە دەبن بۆ ناو كەمپەكانی هەرێمی كوردستان".
عەلی خەلیل بێتكاری، بەرپرسی لقی 14 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ بە زاری كرمانجی راگەیاند" دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر داگیركردنی مووسڵ لەلایەن رێكخراوی تیرۆرستی داعشەوە كە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 مووسڵ كەوتە ژێر چنگی گەورەترین رێكخراوی تیرۆرستی لە جیهان ،ئێستا هەمان مەترسی لەسەر ناوچەكە هەیە لە شنگاڵ تا دەگاتە مەخموور لە ناو مووسڵ مەترسی زۆر هەیە بەپێی زانیارییەكانمان شانە نووستووەكانی داعش لە مووسڵ كارەكانیان و كردەوەكانیان ئەنجام دەدەن، بەشێوەی گروپ كە هەر گروپێك لە چەند كەسێك پێكدێن لەگەڵ دووبارە رێكخستنەوەی خۆیان، ئەگەر لە توانایاندا بێت جارێكی تر شەڕی چەكداری دەست پێدەكەنەوە لەماوەی رابردوو لە چەندین شوێن تەقە كراوە مین و تەقەمەنی دانراون، دەست بە كاری تێكدەرانە كراوە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە دەتوانن بە ئاسانی كارەكانیان بكەن، لەبەر نەبوونی هێزێكی رێكوپێك كە بتوانێت كۆنتِرۆڵی مووسڵ بكات لە بواری ئەمنیدا لە ناوچەكەدا".
گووتیشی" ژمارەی هێزە چەكدارەكانی سوپای عێراق زۆرن كە چەندین گروپی حەشدی شیعی و حەشدی شەعبی و پۆلیسی ناوخۆیی وحەشدی عەشایری هەیە لەگەڵ چەندین هێزی دیكەی ئەمنی چەكداری ، بەڵام هێزە ئەمنییەكان هیچ هەماهەنگییەك لە نێوانیاندا نیە تا بتوانن ئەمنییەتی مووسڵ بپارێزن ، هەر رووداوێك لە مووسڵ دروست ببێت، هەر هێزێك هێزیكی تر تۆمەتبار دەكات و بەرپرسیارییەتی رووداوەكە لەخۆی دوور دەخاتەوە، ئەو هێزانەی ئێستا لە مووسڵدا تەنیا بەرژەوەندی خۆیان دەوێت، ئەو هێزانەی ئێستا لە مووسڵن بێگانەن، زۆربەیان هێزە میلیشیاكانی چەكدارن، پێویستە پاراستنی ناوخۆی مووسڵ بكەوێتە ئەستۆی پۆلیسی ناوخۆیی بۆ ئەوەی پارێزراو بێت و سنوورەكان و دەرەوەش بە هێزەكانی تری چەكداری دەدرێت، باشترین شێوە بۆ پاراستنی مووسڵ و قەزاو ناحیەكانی ئەوەیە كە پۆلیس بە ئەركی خۆی هەڵسێت، بە تایبەتی لە سنووری ماددەی 140 و باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای مووسڵ، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بێت هەرگیز مووسڵ ئارامی بەخۆیەوە نابینێت".
ئاماژەی بەوەشكرد " بەهۆی هەڵسوكەوتی خراپی هێزە چەكدارەكان و نەبوونی متمانەی ئەمنی لە شارەكە لەبەر كۆرۆنا نەبێت بەردەوام هاووڵاتییان ئاوارە دەبنەوە، بەڵام ماوەیەكە بەهۆی وەستانی جووڵەوە لەبەر كۆرۆنا كەمێك وەستاون هەركاتێ رێگا هەبێت ئاگادارین زۆر كەس خۆیان ئامادە كردووە بۆ ئاواربوونەوە بەتایبەت كەمپەكانی حەسەن شام پر بووە لە ئاوارەی نوێ‌ لە سنووری خازرو شنگاڵ هێشتا هیچ ئاوارەیەك نیازی گەڕانەوەی نیە بۆ مووسڵ" .
ئەوەشی خستەڕوو " هێزە عێراقییەكان هێزی نیشتیمانی نین، بەڵكۆ گروپی چەكدارین زیاتر كارەكانیان بازرگانی،ن تا ئێستا هێزێكی دروست لە مووسڵ نییە و زۆڵمێكی زۆر لە خەڵكی مووسڵ دەكرێت، بەربەرستی زۆر لەبەردەم ژیانی ئاسایی خەڵكی مووسڵ دا هەیە، ئەوانە رێگرن تا ژیان ئاسایی نەبێتەوە، دوای سێ‌ ساڵ ئازادكردنی مووسڵ لە داعش و وەخەڵكی ناوچەكەو مووسڵ ئەم هێزانە بەبەرژەوەندیخوازو بێگانە دەزانن" .

زۆرترین بینراو