هەولێر و بەغدا پێویستیان بەرێككەوتنێكی كۆنكریتی هەیە

هەولێر و بەغدا پێویستیان بەرێككەوتنێكی كۆنكریتی هەیە

رەمەزان هەرنی – بەغدا: دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق رێككەوتن. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ:" رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بابەتی بودجە و مەلەفی نەوت زۆر گرنگە و بارودۆخی ناوچەكە بەم رێككەوتنە باش دەبێت و رەوشی ئابووریش باشتر دەبێت. دەشڵێ:" نابێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پەیوەست بكرێت بەهیچ پرسێكی سیاسییەوە, بۆ ئەوەی بەیانی هەر بابەتێكی سیاسی بێتە پێشەوە كاریگەری لەسەر ناردنی بودجە و موچە دروست ناكات ئەمەش یەكێكە لە خاڵە گرنگەكانی ناو رێككەوتنەكە.
د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە زاری كرمانجی راگەیاند:" رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بابەتی موچە و بودجە و مەلەفی نەوت زۆر گرنگە بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا كە موازنە لەم چەند رۆژەدا دێتە ناو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران.
د. ڤیان، گوتیشی:" دوای رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەبێت هەموویان پێكەوە یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن كاربكەن و لوبیەك دروست بكەن لە عێراق، بۆ ئەوەی یەكدەنگی فراكسیۆنە كوردیەكان كاریگەری هەبێت.
د. ڤیان ئەوەشی خستەروو:" تا ئێستا هیچ لایەنێكی عەرەبی دژی ئەم رێككەوتنەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق نیە، بەڵام هەولێر و بەغدا پێویستیان بە رێككەوتنێكی كۆنكریتی هەیە ئەوەش بۆ هەموو لایەك باشە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی دركاند:" نابێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پەیوەست بكرێت بە هیچ پرسێكی سیاسییەوە, بۆ ئەوەی بەیانی هەر بابەتێكی سیاسی بێتە پێشەوە لە عێراق هیچ كاریگەری لەسەر ناردنی بودجە و موچە دروست ناكات ئەمەش یەكێكە لە خاڵە گرنگەكانی ناو رێككەوتنەكە, پێشتر ئەزموونمان هەیە مووچەیان دەنارد، بەڵام بەهۆی بریارێكی سیاسییەوە لە سەرۆك وەزیران موچەیان راگرت، بەڵام لە ئێستادا پێویستە رێككەوتنێكی كۆنكریتی هەبێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر هەموو بابەتەكان زۆر سودی دەبێت بۆ هەمووان بەتایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان.
د. ڤیان سەبری , سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوەش كردەوە:" بابەتی گۆڕین و نووسینەوەی دەستوور كاتی زۆری دەوێت ماوەی مانگێكە زیاتر كار لەسەر دەكرێت، بەتایبەتی كە چەندین بابەت هەن پێویستیان بە راستكردنەوە هەیە هەندێك بابەتیش دەمێننەوە, بەڵام بە شێوەیەكی گشتی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق زۆر گرنگە و كاریگەری لەسەر هەموو بابەتەكان دەبێت".

بیروڕا

زۆرترین بینراو