هەڵبژاردنی پێش وەختە لە عێراق... مەترسی وتەحەدیاتەكان

یاساناس: دانا دارا حسین

ڕاوێژكاری پەرلەمانی كوردستان

گەڕانەوە بۆ ڕای گەل و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆئەنجومەنەكان كارێكی باش و نیشاندەری زیندوێتی دەسەڵاتی سیاسیە، بەڵام هەڵبژاردنی پێش وەخت ئاماژەیەكە بۆ بوونی نەخۆشیەك لەجەستەی سیستمە سیاسیەكە كە پاش بوونی قەیران و جۆرێك لەپاوانكاری سیاسی لەلایەن چەند حزبێكەوە پەنای بۆ دەبردرێت.
سەرۆك وەزیرانی عێراق بەروارێكی جێگیر كرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پێش وەخت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (6/6/2021) بەیاسایەك كە تا ئێستاش لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرنەچوێندراوە.
ئەم پرسە زۆر سەرنج هەڵدەگرێت، هەروەها چەندین مەترسی و جۆرێك لەئالنكاری(تحدیات)ی یاسایی و دەستوری و سیاسی لەخۆ دەگرێت كە لەم نووسینەدا ئاماژەیان پێ‌ دەكەین:
ئەوەی ڕوونە لە پرسی هەڵبژاردنی پێش وەخت لەعێراقدا ئەم نیشاندەرانەیە:
1. پەنابردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت یەكەمین جارە لەعێراقدا ئەنجام دەدرێت لەدوای (2006)ەوە.
2.لەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ژمارە (45)ی ساڵی(2013) و ئەم یاسا نوێ‌ یەی كە لە ساڵی (2019)ەوە وە تیایدا بەردەوامە هیچ یەكێكیان جیاوازی نەكردووە لەنێوان هەڵبژاردنی پێش وەخت لەگەڵا هەڵبژاردنی ئاسایی كاتی خۆی.
3. ئەوەی مەترسی لەسەر پڕۆسەكەیە ئەوەیە ئایا ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە چارەسەر بۆ دەرچوون لەم قەیرانە قوڵەی كە عێراقی تێكەوتووە و پڕۆسەی سیاسی خستۆتە بەردەم ژمارەیەك ئەگەری نادیار؟!
4. ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەش ئایا دەبێتە دووبارە كەرەوەی هەمان ئەنجامی ساڵانی پێشوو، یاخود داڕشتنەوەیەك دەكات بۆ سەر لەنوێ‌ دیزاینی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا؟
5. هەمیشە لەعێراقدا گرفتی خاوێنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن گرفت وناونیشانی زەقی هەڵبژاردنەكان بووە.
ئەوەی پرسیاری جددیە لەسەر پڕۆسەكە ئایا هەڵبژاردنی پێش وەخت هەمان شێوازی حوكمڕانی و سیاسەت كردن دووبارە دەكاتەوە یاخود جۆرێك لەگۆڕانكاری دروست دەكات.
*تەحەدیاتەكان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت لە عێۆاق
1. ڕێژەی یاسایی (النصاب القانونی) لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تێكچووە، چونكە بەپێ‌ ی بڕگەی حەوتەم لە ماددەی (93)ی دەستوری عێراق ئەركی ئەم دادگایەیە كە پەسەند و ڕاستاندن بكات بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
2. یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە مانگی (12)ی ساڵی(2019 ) دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام تا ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەرنەچوێندراوە و نەش نێردراوە بۆ سەرۆك كۆمار بۆ ئیمزا كردن و پاشان بڵاوكردنەوەی لە وەقایعی عێراقی دا،
ئەمە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت كە: هەڵبژارد ناكرێت و بۆ ژمارەی كورسی ئەنجومەنەكە، و دیاری كردنی بازنەی هەڵبژاردن لەعێراقدا و شێوازی دیاری كردنی براوەی یەكەم، تا ئێستا كێشەیە ویەكلا نەبۆتەوە.
3. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەناڵێنێت بەدەست كۆمەڵێك گرفتی جددیەوە لەوانە:
ژمارەی یاسایی ئەنجومەنەكە كە دەبێت تاك بێت و پێك بێت لە (11)كەس بەپێی یاسای ژمارە (31)ی ساڵی (2019) تا ئێستا ئەو هاوكێشەیە ڕێك نەكراوەتەوە، هەروەها بۆ ڕێگەگرتن لەئەنجامدانی گزی كاری لە هەڵبژاردنەكاندا كۆمسیۆن چۆنیەتی پارستن و ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵا لایەنە پەیوەندیدارەكانی پرۆسەكەی ئەنجام نەداوە.
4. ئایا نەخشەی هۆشیار كردنەوەی هەڵبژاردن تەنها حزبە سیاسیەكان دەگرێتەوە یاخود ناوەندە مەدەنی و چاڵاكەكان لەو بوارەدا دەگرێتەوە ئەمەش بۆ ئەوەی كە زۆرترین دەنگدەر بەشدار بن لە پڕۆسەكەدا.
5. بێ‌ متمانەیی دەنگدەری عێراقی و كوردستانی لەبەشداری لەم پڕۆسەیەدا ئاستەنگێكی گەورەیە دەبێت حسابی بۆ بكرێت.
6. ناكۆیی قوڵا هەیە لەنێوان لایەنە عێراقی و كوردستانیەكان لەسەر خشتەی هاوپێچی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی عێراق كە باس لەچۆنیەتی بازنەكانی هەڵبژاردن و ژمارەیان دەكات، بەشێوەیك ئەم ناكۆكیە وای كردووە كە ژمارەیەك ئۆپشن لەبارەی چۆنیەتی ڕێكخستنی بازنەكان لەسەر بناغەی قەزاكان یاخود فرە بازنەیی لەسەر بناغەی پارێزگاكان یان لەسەر ئاستی كۆی عێراق دروست ببێت.
ئەمەش نیشان دەری ئەو ڕاستیەیە كە ئەگەر ئەم پرسە چارەسەر نەكرێت زۆر قوڕسە كە هەڵبژاردنەكە لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
7. دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان لەخراپترین دۆخ دایە، لەلایەك هەڵمەتی پاكتاو و دەستكاری دیموگرافیای ناوچەكانیان لەسەرە، وە لەلایەك كورد لەو ناوچانەدا متمانەی بەزۆرێك لەلایەنە سیاسیەكان لاواز بووە و ئەگەری زۆرە كە بەشداری لە هەڵبژاردن دا نەكەن
ئەم حاڵەتەش پێش هەر هەڵبژاردنێك چارەسەر نەكرێت دواجار ئەنجامێك دەدات بەدەستەوە كە كەس چاوەڕێی ناكات.
8. دامەزراوەی ئەنجومەنی نوێنەران تا ئێستا وەك خۆی ماوەتەوە و خولی ئێستا هەڵنەوەشاوەتەوە، كە وا پێویستی دەكرد سەرۆك كۆمار لەگەل سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێكەوە ئەم بڕیارە بدەن.
بەڵام نەزانراوە ئایا پەیوەندی بە ناكۆكی هەیە لەنێوان هەر یەك لەو دوو دەسەڵاتەدا یاخود هۆكاری دی تر، لەگەل ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بەبڕیاری وەها هەڵوەشاندنەوەیەك قایل نین و دژایەتی دەكەن بەلام لەبەر فشاری شەقان ناتوانن ئاشكرای بكەن.
9. تا ئێستا لە ئەنجام دانی پڕۆسەكەدا تەنها ڕۆژەكەی دیالای كراوەی وەهیچ بڕە بودجەیەكی بۆ بڕیار نەدراوە ئەمەش واتای تەحەدیەكی تەكنیكی گەورەیە لەبەردەم پڕۆسەكەدا.
10. دۆخی تەندروستی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە خراپە، ئەمەش جەستەی تاكی عێراقی و ژینگەی كۆمەڵایەتی و باری ئابوریان لەحكومەت و هاوڵاتی شێواندوە و قورس كردووە، ئەمەو ئایندەی چارەسەر و كۆتایی ڤایرۆسەكە تا ئێستاش نادیارە و كەس نازانێت بڵێیت كە كەی ئەم دۆخە تەندروستیە نالەبارە كەی كۆتایی دێت وە هاولاتی ئارام دەبێتەوە بۆ چوونە سەر سندوقی دەنگدان.
11. ئەو لایەنەی كە سەرپەرشتی وەها پڕۆسەیەك دەكات بریتی یە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە بەشێك لەگرفتەكانیانمان لەپێشتردا ئاماژە پێدا، وە گرفتی دیكەیان بریتیە لە: ڕانەهێنانی ئەندامان بۆ ئەنجامدانی وەها پڕۆسەیەك هەروەها خودی كۆمسیارەكان كە لەلایەن پەرلەمانەوە تا ئێستا پەسەند نەكراوە؟!.
- مەترسییەكان:
1. نەبوونی متمانەی شەقامی عێراقی و كوردستانی بۆ هەڵبژاردنە پێش وەختەكە لەڕووی ئەوەی كە ئەنجام دانی وەها پرۆسەیەك هیچ لە دۆخە سیاسیەكە ناگۆڕێت.
2. ئەگەر یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەشێوەی فرە بازنەیی بۆ قەزاكان یەكلا بكرێتەوە ئەوا نابێت حزبە بچوكەكان بەتەمای هیچ كورسیەك بن!
3. پەیوەندیەكانی هەرێم و ناوەند بەدۆخێكی ناجێگیر وپڕ لە هەوراز ونشێو لەئێستادا گوزەر دەكات، وە بێ‌ ئەنجام مانەوەی ئەم پرسە نیشای دەدات كە عێراق بەشێوەیەكی شاراوە ڕووی لەمەركەزیەتێكی تەندە و پەشیمانە لەسیستەمی فیدرالی.
4. بایەخی كورد و سەركردایەتیە سیاسیەكەی بەم پرسە نزیكە لەسفرەوە!
لەلایەك بەخەمی گەورەی خۆی نازانێت، وە لەلایەن هەردوو پارتی ویەكێتی ڕازیین ئەگەر لەپڕۆسەكەدا وەك تەنها دوو لایەنی سەركەوتوو بمێننەوە و كورسیەكانی هەرێم و ناوچە كوردستانیەكانیش تەنها بۆخۆیان مسۆگەر بكەن.
5. ڕۆڵی ئەندامە كوردەكانی ئێستای ئەنجومەنی عێراق بەلەبەرچاو گرتنی جیاوازیانەوە، لەئاستی چاوەڕوانكراوی شەقامی كوردیدا نیە، بۆیە ئەگەری دەنگ نەدانی زۆر هەیە لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا.

زۆرترین بینراو