پارتی پشتیوانێكی سەرەكی سەرپێكەوتنی پەكەكە بووە

پارتی پشتیوانێكی سەرەكی سەرپێكەوتنی پەكەكە بووە

سوبحان شكۆ- سۆران: تەها ناوندی، كارگێری لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكدا تایبەت بە زاری كرمانجی رایگەیاند " كەركووك لە شارێكی كێشە لەسەری نێوان عێراق و كوردستانی ئاساییدا دەرچووەو فۆرمێكی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، شارێكی هەستیارە و چاوی زۆری لەسەرە، هەر دەستكاری كردنێك بەهێز چارەسەر نییە".
لە دەستپێكی دیمانەكەدا، تەها ناوندەی لەبارەی سێ‌ حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتی هەرێم گووتی: " ئەوانە سێ‌ هێزی كاریگەری گۆڕەپانی كوردستانن، رابردوویەكی پێكەوەیان لەگەڵ یەكتردا هەیە. ئەو قۆناغە گرنگ بوو پێكەوە ئەركە تەواو نەكراوەكان كاری لەسەر بكەن. ئەگەر بگەرێینەوە بۆ دوای ئازادی عێراق لە نووسینەوەی دەستوور و رێكەوتنەكانی تر لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ هەرسی حزب نەخشەیان بۆ كێشاوە، كەم و زۆر كاریگەرییان بەسەر هاوپەیمانەكانەوە هەیە، لە لایەكی تریش دوای قوڵبوونەوەی كێشەكانی هەرێم لەگەڵ دەورووبەر و عێراق، بۆ ئەم قۆناغە پێویستی بە حكومەتێكی بەهێز هەبوو ئەمەش بە بەشداری پێكردنی زۆرترین نوێنەری هەرێم دێتە بوون. خەڵكی كوردستان چوار ساڵی ناخۆشی لە شەر و بێ مووچەیی و نائارامی سیاسیدا تێپەڕاند، چاوەروانییەكی زۆر لەسەر كابینەی نۆیەمە، هۆكاری چاوەروانییەكانیش خودی سەرۆكی حكومەت و ستافەكەیەتی، چونكە ئەزموونێكی باشی لە بە دامەزراوەییكردنی دەوڵەت هەیە، باشتر بوونی پەیوەندی هەرێم و بەغدا و چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكان دەرفەتێك و ئومێدەكە كە كابینەیەكی ئاوەدانی و ئارامی زیاتر بێت".
ناوندەیی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بۆ رێككەوتنی نێوان حزبە حكومڕانەكانی ئێستا كرد و گومانی دەسەڵاتی رۆژ و ئۆپۆزسیۆنی شەویشی ڕوونكردەوە " گرنتی مانەوەی رێككەوتنەكە جێبەجێكردنی خاڵەكانی ناو كارنامەی حكومەتە كە پێكهاتووە لە گەڕانەوەی شكۆی هەرێم بە چاكسازی و خزمەتگوزاری و كەمكردنەوەی گەندەڵی و بەهەدەر نەدانی موڵكی گشتی. بە ئۆپۆزسیۆن بوونیش شێوازێكی نوێ و دەستهەڵاتیكی نوێ بوو لە هەرێم، بە هۆی كێشە ئاڵۆزەكانی هەرێمیش دەستەڵات كەمتر دەیتوانی وەڵام گۆی خەڵكی كوردستان بێ، ئۆپۆزسیۆنیش زیاد لە پێویست پەیامی خۆی بڵاو دەكردەوە، بەڵام لە كۆتاییەكانی حكومەتدا بە یاسا هەڵسوكەوتی لەگەڵ كرا، ئەوەی پێشێلی رێككەوتنی كرد لە بەڕێوەبەردنی دەستهەڵات خرایە دەرەوە، بۆیە پێمان وایە ئێستا ئەوانەی رێككەوتوون رێز لە واژووی خۆیان دەگرن، هەست بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆیان دەكەن، ئەوانەشی ئۆپۆزسیۆنن شێوازی مەدەنی و عەقڵانی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان دەگێرن واتە خەڵك گوێ بە وانە نادا كە لە حكومەتن رەخنە بگرن و گوێش لە ئۆپۆزسیۆن ناگرن رەخنەی رووخێنەر بگرن".
ناوبراو سەبارەت بە بوونی سەرۆك نێچیرڤان لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و بانگێشتكردنی بۆ فەرەنسا، ئاماژەی بەوەدا :" دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بیروڕا و فكری جیاواز نەبوو لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەڵكو لەسەر خواست و مافەكانی كورد بووە، تا ئێستاش مافەكانی كورد نەهاتوونەتە دی، هاتنە دی مافەكانیش بۆ هەمووانە، پێویستیشی بە هەمووان هەیە. بۆیە تا ئەو كاتەی مافەكان دێنە دی پارتی كار لەسەر یەكگرتوویی و تەبایی ناوماڵی خۆی دەكات، هەموو رێگەیەكیش ئەگرنە بەر تا بە ئەنجام بگات ئەگەر لەسەر حیسابی بەرژەوەندی لایەنگرانی خۆشی بیت، چونكە هیچ كات بە پەرتەوازەیی نەمانتوانیوە هیچ بە دەست بێنین، ئەگەر بگەرێینەوە بۆ مێژوو لە دروستبوونی بەرەی كوردستانییەوە تا ئازادی عێراق و نووسینەوەی دەستوور و شەری داعش بە یەكگرتوویی توانراوە هەرێم بپارێزرێت، بۆیە ئەولەوییەتی سەرۆك نێچیرڤان ڕێكسختنەوەی ناو ماڵی كوردە بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی نەتەوەیی و پشتیوانی حكومەت.
فەرەنسا یەكێكە لەو پێنج دەوڵەتەی كە كاریگەرییان لەسەر تەواوی ئاسایشی جیهان هەیەو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی جیهانە، بۆ ئێمەی كورد فەرەنسا تاكە هێزی گەورەی نێودەوڵەتییە كە ڕاستگۆیانە و بوێرانە لە هەموو قۆناغەكان پاڵپشتی هەرێمی كوردستانی كردووە، دواین جار لە ڕووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر هیچ هێزێك پشتیوان نەبوو بەڵكو بگرە ئەوانەی زۆریش دۆست بوون بێدەنگیان هەڵبژارد، تاكە هێز كە دەرگای كردەوە بە فەرمی پێشوازی لە سەرۆكی حكومەت كرد فەرنسا بوو كە جارێكی تر بەستەڵەكی سیاسی بەرامبەر هەرێم شكاند و دەرگاكان بەرووی هەرێم كرانەوە، ئەمجارەش دیسان لە بانگێشت كردنیدا پابەند بوون و پیشاندانی ئیعتیرافێكی نێودەوڵەتییە بەرامبەر هەرێم".
ئەم كادیرە پێشكەوتووەی پارتی، سەباسەت بە پرسی كەركووك و دیاریكردنی پارێزگارێك بۆی. ئەمەی گووت: " كەركووك لە شارێكی كێشە لەسەری نێوان عێراق و كوردستانی ئاسایدا دەرچووە و فۆرمێكی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، شارێكی هەستیارە و چاوی زۆری لەسەرە، هەر دەستكاری كردنێك بە هێز چارەسەر نییە، عێراق چەندین ساڵ بەهێز بەڕێوەی دەبرد، بەڵام نەیتوانی ناسنامەكەی بگۆڕێت، ئێمەش لە دەرفەتێكدا ئازادمان كرد بەڵام عێراق جاریكی تر بە پلانی ناوخۆیی و پشتیوانی دەوڵەتانی دەورووبەر داگیری كردەوە. واتە نە ئێمە بە هێز توانیمان بیستێنینەوە نە ئەوانیش دەتوانن بە هەمیشەیی بەهێز دەستی بەسەردا بگرن، باشترین چارەسەر ئەوەیە ڕێگە بدرێت خەڵكی ڕەسەنی ئەو شارە بڕیاری لەسەر بدەن، بڕیاردانی خەڵكیش دەبێ لە بارێكی ئاسایی و هێمندابێ تا بتوانن بە ئازادانە هەڵبژاردنێكی دروستی بۆ بكەن".
زیاتر گووتی " لە 16ی ئۆكتۆبەر هیچ شتێك نەما بەناوی كورد لە كەركووك ئەوانەشی لەگەڵی بوون و بەشدار بوون لە كەوتنی كەركووكدا. پارتی بە هەموو شێوەیەك بایكۆتی پرۆسەی لە كەركووك كرد و پارتیان بە شێواندن و تێكدانی ڕەوشی كەركووك تاوانبار كرد، بەڵام ئەوانەی لەوێ هاوبەشیان بوون و هاوكاریان بوون نەیانتوانی تەنیا پارێزگاری لە دۆست و لایەنگرانی خۆشیان بكەن، بۆیە پێم وایە باشترین بژاردە كە پارتی لە ڕابردوو بەرامبەر كەركوك كردی نەگەڕانەوە و بەشداری نەكردن و ئیعتیراف نەكردنی بوو بە ئیدارەی ئێستای كەركووك، دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و كەوتنی هێزە رەقەكان لە عێراق خەریكە ئاسۆیەكی رێككەوتن و لێكگەیشتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی دەردەكەوێت، حكومەتی عێراق لەوەی كە هیچ وەڵامێكی لەسەر كەركووك بۆ كورد پێ نەبوو ئێستا خەریكی دانوساندن و رێككەوتنە لەسەر كێشەكان و دابەشكردنی دەستهەڵاتەكان، ئەوەش هەمووی بەرهەمی خەباتی پێشمەرگەو پارتی دیموكراتی كوردستان و پێداگری سەرۆك بارزانییە كە دەبێت لە مێژووی هاوچەرخی كورد و نەتەوایەتیدا بە بەرزی بنووسرێتەوە".
لەكۆتایی دیمانەكەدا، تەها ناوەندی كارگێری لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبابەت بوونی هێزی پەكەكە و هێزەكانی تری نایاسایی لە هەرێم، هاوكات ئەگەری هێرشی ئەمریكا بۆسەر ئێران دیاریكرد :" یەكەم پەیامی راگەیاندنی خەباتی چەكداری پەكەكە لە ڕادیۆی دەنگی كوردستانی عێراقی زمانحاڵی پارتی دیموكرانی كوردستان بووە، واتە پارتی هاوكار و پشتیوانییەكی سەرەكی بووە بۆ سەرپێكەوتنی پەكەكە، بەداخەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە هیچ پشتیوانێكی بۆ هەرێم نەبووە بەڵكو هۆكارێكی سەرەكی و سەرئێشەیەكی زۆری باشوور بووە، وا باشە ئەوانیش نالەباری هەرێم لەبەرچاو بگرن و ناكرێت باروودۆخی هەرێمیش بە باری باكوور ببەن. بەڵام هێزەكانی تری ڕۆژهەڵات كەمتر كارتی فشاریان داوەتە دەستی دەوڵەتی نەیاریان بۆ ئەوەی هێرشی سەر باشوور بكەن، ئێمە لەگەڵ مافی هەموو گەلێكی سستەم لێكراوین چ جای كوردانی پارچەكانیتر، بەڵام كات و باروودۆخی ئێستا جیاوازە ئەو هێزە كاریگەرە لەبەر دەستی ئێمەدا نییە تا بتوانین كاریگەری زۆر لە ناو خۆی وڵاتان دروست بكەین، بەڵكو ئەوان لە ڕووی هەواڵگری و سەربازییەوە تەواوی پێویستییەكانیان لەبەر دەستدا و ئێستادا دەبێ لە هەوڵی لۆبی كردن بن تا بتوانن لە ڕووی دیبلۆماسییەوە كاریگەری لەسەر وڵاتان دروست بكەن كە ئەوە تاكە هۆكارە لە ئێستادا بتوانن تۆزیك لە مافەكانمان بە دەست بێنن.
جەنگی دژ بە ئێران زیاتر ئابوورییە، ئامانجیش ملكەچ كردنی دەستهەڵاتی سیاسی ئێرانە، ئەمجارە هەوڵەكان جددین ئامانجیش داروخانی پایەكانی دەوڵەتی ئێرانە، بەڵام سەردەستهەڵاتەكانی سیاسی ئێستای ئێران ئەزموونێكی زۆریان لە ئیدارەدانی قەیرانەكان هەیە، بۆیە ناگاتە جەنگ و دەگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنێكی جیاواز لەوەی رابردوو".

زۆرترین بینراو