پێوەری خوێندنەوەی ئاو هاووڵاتیانی سۆرانی نیگەران كردووە

پێوەری خوێندنەوەی ئاو هاووڵاتیانی سۆرانی نیگەران كردووە

محەمەدباڵەك – سۆران : چەند ساڵێك بەر لە ئێستا، پێوەری خوێندنەوەی ئاو بۆ دووكان و ماڵەكان دانران بەمەبەستی رێگری كردن لە زێدەڕۆیی ئاو و دانانی نرخ بەپێی بەكار هێنان، بەڵام ئەو سیستەمە بەهۆی نزمی كواڵێتی پێوەرەكان و چەند هۆكارێك كاری پێنەكرا .
ساڵی رابردوو لەلایەن وەزارەتەكانی شارەوانی و كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانییایەكی جێبەجێكاری پرۆژەی كارپێكردنی ئاو سیستەمێكی نوێیان هێنایە كوردستان لەرێگای دانانی داتا بەیسێك بە شێوەی باركۆد بۆ دوكانەكان و ماڵەكان، بڕی پارەی بەكارهێنان بۆ هاوبەشان دیاری دەكات، بەڵام بە گووتەی هاووڵاتییان و بەكارهێنەران ئَێستا سیستەمەكە بەشێوەیێكی هەڕەمەكی پێوەری ئاو دەخوێنێتەوە، كەبڕێكی زۆری پارە بۆ دوومانگ دەگەڕێتەوە، ئەمەش بۆتە ماییەی نیگەرانی دانیشتوانانی سۆران و لەرێگەی زاری كرمانجیەوە داوای چارەسەر دەكەن.
یاسین عەلی دانیشتووی شاری سۆرانە و بۆ زاری كرمانجی گووتی" بەر لە بەستنی پێوەر، حكومەت و فەرمانگەی ئاو مانگانە لە هەر ماڵێك بڕی 10 دەهەزار دیناریان لە هاوبەشانی ئاو وەرئەگرت، كاتێك ئەم سیستەمە دانرا زۆر دڵخۆش بووین، چونكە وامانزانی ئەم پێوەرە هێندە پارە ئەخوێنێتەوە كەبەكاری دێنی، بەڵام وا نەبوو، ئێستا ئەو بڕەی لە مانگێك بۆت دێتەوە كرێی زیاتر لە ساڵێكە، ئەمەش ناهەقیە بەرامبەر ئێمە دەكرێت و هیوادارین چارەسەرێكی جددی و خێرا بكەن و ئەم سیستەمە رەت بكەنەوە".
ئامینە رزگار ئافرەتێكی ماڵەو بەنیگەرانیەوە بۆ زاری كرمانجی گووتی" كارمەندانی وەرگرتنی پارەی ئاو هاتونەتە ماڵەكەمان و لە بەرامبەر مانگێكدا داوای 65 هەزار دیناری ئاویان لێكردم، نازانین باوەڕ بەكام سیستەمە بكەین، جاران بۆ هەموو مانگێك تەنها 10 دە هەزار دیناریان وەرئەگرت، بەم شێوەیە زۆر باشتر بوو نەك وەك ئێستا هەر مانگەو بڕێكی زۆری دیاری نەكراو پارە بهێتەوە، چونكە ئەمە گومان لای ئێمە دروست دەكات، ئەگەر وابێت كەس ناچار نیە ئەم پارەیە بدات و هەر ماڵەو بۆخۆی ئاو بەتانكەرەكان ئەكڕێت".
محەمەد نیعمەت دوكاندارێكە و بۆ زاری كرمانجی گووتی" دوو مانگ بەر لە ئێستا تیمە گەڕۆكەكانی خوێنەری پێوەری ئاو هاتنە دووكانەكەم و بەو ئامێرەی پێیانە پێوەری ئاوەكەیان خوێندەوە بڕی یانزە هەزارم بۆ هاتبۆوە، بەڵام چەند رۆژێك پێش ئێستا هاتن و گووتیان بڕی 115 هەزار دینار هاتۆتەوە، دەبێت سەردانی فەرمانگەی ئاو بكەیت، من دەپرسم ئایا ئەوان خۆیان باوەڕ بەوە دەكەن لەماوەی مانگێك ئەم هەموو بڕە ئاوە سەرف كرابێ‌ لەكاتێكدا رۆژێك نا رۆژێك ئاو بەر ئەدرێتەوە؟، ئەگەر ئەشڵێن ئەم سیستەمە هەڵەیە، كە هەڵەیە بۆچی خستیانە كار؟ بۆ دەبێ‌ گاڵتە بەخەڵكی بكرێت و ئەم هەموو پارە لە سیستەمێكی وەها سەقەت خەرج بكرێت، من وەڵامەكە بۆ ئەوان بەجێدەهێڵم هیوادارم وەڵام بدرێنەوە".
سامان سەعید هاووڵاتیێكی تری دانیشتوی سۆرانەو بۆ زاری كرمانجی گووتی" جارێك پێوەری ئاو و جارێك پێوەری كارەبا، هەرجارەو بەزمێك بە ئێمە دەكرێت و بوینەتە خۆراكی ئەوان و ئەم پێوەرانەش بەخواستی ئەوان كار دەكات، هەرچەندە ئەم پێوەرانەی دانران و رەت كرانەوە چەندین جۆریان هەیەو هەمووشیان یەك ماڕكەن، بەڵام نرخیان جیاوازبوون دەرخەری ئەوەبوو مەبەستیان بازرگانی بوو، بەگیرفانی ئێمە، بەڵام دواتر لەپڕ رەتكرانەوەو ئێستاش بەهەمان شێوە سیستەمێكی ناڕێكیان هێناوەو هەرجارەو هەندێك پارە دێتەوە .
سامان زیاتر دەڵێت" هەموو دونیا بە سیستەم كار بە ئاوو كارەباو سەرچاوەكانی دیكەی ووزە دەكەن، بەڵام هیچ ووڵاتێك وەك كوردستان خەڵكەكەی ناچەوسێنرێتەوەو لە رێگای ئەم جۆرە پێوەرانە فێلێیان لێناكرێت، هیوادارین سیستەمێكی تازە بهێنن و چیتر فێڵ لەخەڵكی نەكەن".
ناهیدە عوسمان ئافرەتێكی تری شاری سۆرانە و بە زاری كرمانجی گووت " هێنانی ئەم سیستەمە كارێكی باش بوو، بەڵام كاركردنی سیستەمەكە هەڵەیەو فێڵی تێدایە، ئەمەش جێگای قبوڵ كردن نییە، چونكە بەشی زۆری هاووڵاتیان هەژارن و ئێستاش ئاسەواری قەیرانی دارایی بەسەرمانەوە ماوە، لە بەردەوامی قسەكانیدا ئەو ئافرەتە دەڵَێت" لەماوەی چوار مانگدا تیمەكانی كۆكۆدنەوەی پارەی ئاو دووجار هاتوون بۆ وەرگرتنی پارە هەرجارەی 1000 هەزار دینارمان بۆ هاتەوە، بەڵام ئەم جارە 48000 چل‌و هەشت هەزار دینارمان بۆ هاتۆتەوە، ئاخر بەم هەژاری و كرێچیاتیە چۆن ئەتوانرێ‌ ئەم پارەیە بدەین، لە كاتێكدا ئەو خانوەی تێیدان سەد هەزار كرێیەكەتی كەی ئەمە راستە پارەی ئاو نێو هێندەی كرێی خانوو بێت، بۆیە داواكارین لە لایەنە پەیوەندی دارەكان ئەم ئاریشەیە چارەسەر بكەن .
شایەنی ئاماژە پێكردنە كەلە كوردستان نزیكەی 800 هەزار هاوبەشی ئاو بەشێوەیەكی فەرمی هەیە و هەندێكیش هەیە تۆمارنەكراوە یاخود بە نهێنی ئاویان ڕاكێشاوە. بڕی زیاتر لە 700 هەزار پێوەر تائێستا بەستراوە بەڵام ئەم پێوەرانە ئێستا كار ناكەن و ئەو سیستەمەی شارەوانی دایناوە كاری پێ‌ دەكرێت، ئەو سیستەمەش وا بڕوات وەك پێوەرەكان دەوەستێرێن ‌و كاریان پێناكرێت، چونكە بە قسەی هاوولاتییان ئەو بڕەی پارەیەی دەیخوێنێتەوە زیاترە لەو بڕەی ئاوەی بەكار هاتووە.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" گەڕانەوەی پارەی ئاو بە شێوەیەكی زۆر بۆ هەموو هاوبەشان وەك یەك نییە، ئەو ماڵانەی ئاویان زیاتر خەرج كردووە بە دڵنیاییەوە پارەی ئاویان زیاتر بۆ گەڕاوەتەوە، ئەوانەی بە كەمیش خەرجیان كردووە بە كەمی پارەیان بۆ گەڕاوەتەوە .
ئەو سەرچاوەیە گووتیشی " هەر هاوولاتییەك و هاوبەشێكی ئاو گومانی لە گەڕانەوەی پارەكەی هەبێت، پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیمان بكات بەمەبەستی دڵنیابوون لە راست و درووستی گەڕانەوەی پارەكە و چۆنیەتی گەڕانەوەی پارەكەشی بۆ روون دەكرێتەوە .

زۆرترین بینراو