گرنگە پەیمانگەی گەشەپێدان بكەینە دەزگایەكی نیشتمانی پەروەردەیی

گرنگە پەیمانگەی گەشەپێدان بكەینە دەزگایەكی نیشتمانی پەروەردەیی


بەكر كەریم حەسەن

پیاوی بۆكسێنی بەناوبانگی ئەمریكی محەممەدعەلی كلای دەڵێ" هەموو چركەیەك رقم لە مەشق و راهێنان دەبووە وە، بەڵام هەردەم دەمگووت سازش مەكە دەست بەردار مەبە، با ئێستا ماندوو بیت دواتر بەدرێژایی ژیان وەكو پاڵەوان دەژی".
لەوانەیە زۆر لە مەشق و راهێنان كردن بە گشتی ماندوو بین و بێزار بین، بەڵام بەردەوامیمان و دەست بەردار نەبوونمان لە سەریان لە كۆتاییدا سەركەوتن بەدەست دەهێنین، بۆیە گرنگە بە ئیرادەو توانای پۆلاینەوە پێشوازی لە هەموو مەشق و راهێنانێك بكەین، چونكە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر چاوەڕوانە، بۆیە كاركردن لە سەر ئەنجامدانی چەندەها خولی راهێنانی جۆراوجۆر بۆ مامۆستایان لە پشووی هاوین، یانیش لە كاتی ساڵی خوێندن لە ئێواران بە بەردەوامی مسۆگەر كردنی پەرەپێدان و گەشەپێدانی تواناكانی مامۆستایانە لە هەموو روویەكەوە، جگە لەوەش بریتییە لە گرنگترین گەشەپێدانی پەروەردەیی، بۆیە كاركردن لە پێناو بەرزكردنەوەی گرنگی بایەخی شكۆی پیشەی فێركردن و وانەگوتنەوەیە لە ئەنجامی ئەو خولانەدا.
شك لەوەدانییە هەموو وڵاتانی پێشكەوتوو لە بواری پەروەردە و فێركردن بەردەوام گرنگی بە خول و مەشق و راهێنان دەدەن بۆ مامۆستایان بۆ ئەوەی بەردەوام دانەبڕێن لە زانست و زانیاری نوێ وەكو(سەنگاپورە و كۆریای باشور و ژاپۆن و ئەمریكا و ووڵاتانی پێشكەوتوو) لە پەروەردە و فێركردن كە هەردەم چاویان لە سەر پەرەپێدانی مامۆستاكانیانە كە بەردی بناغەی هەموو پێشكەوتن و پەرەسەندنێكی پەروەردە و فێركردنن.
گەر تەماشای وڵاتانی عەرەبی بكەین بە گرنگییەوە لە رێگای پەیمانگەی مەشق و راهێنان پەرە بە تواناكانی مامۆستایان دەدەن، بۆ نموونە لە ئەردەن (ئەكادیمیای مەلیكە رانیا) لە حوزەیرانی ساڵی (2009) كراوەتەوە ، ئەكادیمیای مەلیكە رانیا بۆ راهێنانی مامۆستایان دەزگایەكی نیشتمانی سەربەخۆی بێ قازانجە لە ژێر چاودێری مەلیكە رانیا كارەكانی ئەنجام دەدات بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و فێركردنی ئەردەن كار دەكەن لە پێناو گەشەكردنی بەرنامەی پەرەپێدانی پیشەی مامۆستایان و سەركردەكانی قوتابخانە و پڕ كردنەوەی پێداویستییەكانی پەروەردە و فێركردن لە وڵاتی ئەردەن بە تایبەتی و لە جیهانی عەرەبی بەگشتی، كە دیدگای ئەو دەزگایە بریتییە لە هەڵكشان و پەرەپێدانی چۆنیەتی فێركردن لە ئەردەن و وڵاتانی عەرەبی بە ئەنجامدانی خولی راهێنانی بەردەوام بۆ مامۆستایان و پێشخستنی تواناكانیان، هەر لە رێگای ئەو ئەكادیمیایە بەردەوام گرێبەست لە گەڵ وەزارەتی پەروەردە و زانكۆكان ئەنجام دەدات بۆ بەشداری كردنی مامۆستایان و دەرچووانی زانكۆكان بۆ پەرەپێدانی پسپۆڕی و تواناكانیان لە رێگای خولی راهێنانی بەردەوام. بە هەمان شێوە لە ووڵاتی سعودیە پەیمانگەی راهێنانی مامۆستایان دامەزراوە وەكو مەڵبەندێكی نیشتمانی بۆ گەشەكردنی پیشەیی پسپۆری مامۆستاكان و پەرەپێدانی كارامەییەكانیان.
هەروەها لە ئیمارات پەیمانگەی سەربەخۆ هەیە بۆ راهێنان و مەشقی مامۆستایانی قوتابخانەكانی حكومی و ناحكومی، بۆ بەهێزكردن و پێش خستنی پسپۆڕی و تواناكانیان بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەی تەندروست و پەروەردەیی وانەكان بلێنەوە.
ماوەتەوە بڵێم ئێمە لە هەرێمی كوردستان (3) سێ‌ پەیمانگەی گەشەپێدانی پەروەردەییمان هەیە كە لە ساڵی (2013) چۆتە بواری جێ بەجێ كردن بۆ مامۆستایانی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم و پەرەپێدانی پسپۆڕییەكانیان، بۆیە گرنگە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە و بەدواداچوونەوە بۆ ئەو پەیمانگەیانە بكاتەوە لە ساڵی دامەزراندن یانەوە تا ئێستا لە هەموو روویەكەوە ئەو پەیمانگایانە چیان بۆ كراوە و ئەوان چیان بەخشیووە گرنگە بزانرێ، لەوەش گرنگتر پێویستە گرنگی و بایەخی زیاتریان پێ بدرێت، بەڵام پێداچوونەوە بە كۆی هەیكەلیەت و دەستەی كارگێڕی و ژمارەی مامۆستاكانیان بكرێتەوە، هەروەها لەلایەن لیژنەیەكی باڵای وەزارەت بەرێوەببڕێن و سەرپەرشتیان بكرێت و پلان و بەرنامە و دیدگا و پەیامیان روون بكرێتەوە، وەكو پەیمانگەیەكی باڵا بۆ مەشق و راهێنانی مامۆستایان بناسرێت كە بتوانێ پێداویستییەكانی قوتابخانەكان و پەروەردەكان پڕ بكاتەوە و جێ بەجێ یان بكات و بە بەردەوامی (بەیانیان و ئێواران) خولی راهێنان و مەشقی جۆراوجۆری لێ ئەنجام بدرێت و ببێتە دەزگایەكی نیشتمانی پەروەردەیی، هەموو مامۆستایانی قوتابخانەكانی حكومی و ناحكومی بەشداری لە خولی راهێنان و مەشق بكەن لەو پەیمانگەیە بڕوانامەی دەرچوونیان پێ بدرێت و مامۆستایانی ئەو پەیمانگەیەش بە پێی پسپۆڕی پێویست میلاكیان بۆ دابنرێت و رێك بخرێنەوە، هەموو جۆرە پسپۆڕیەك هەبێت تا بتوانن هەر لەو پەیمانگەیە جۆرەها خولی جیاواز ئەنجام بدرێت بۆ فەرمانبەرانی وەزارەت و پەروەردە و قوتابخانەكانیش بە شێوەیەك بە پێی پلان و بەرنامەیەكی تۆكمە سەرجەم مامۆستا و بەرێوەبەر و سەرپەرشتیار و یاریدەدەر و فەرمانبەران بڕوانامەی پەیمانگەی راهێنان و مەشقیان هەبێت بۆ پەرەپێدانی پسپۆڕی و تواناكانیان.

زۆرترین بینراو