یەكەم هەنگاو لە فینلەندا بریتی بوو لە ڕزگاركردنی فێربوون و پەروەردە لە میكرۆبەكان

یەكەم هەنگاو لە فینلەندا بریتی بوو لە ڕزگاركردنی فێربوون و پەروەردە لە میكرۆبەكان

لەدیمانەێكی تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا،بێریڤان محمود عەزیز بەگ ،كە پێشەكەی وەرگێری زمانی فینلەندی كوردی عەرەبیە،لە ساڵی 1997 لە وڵاتی فینلەندا جێگیر بووە ،قۆناغی ناوەندی لە ساڵی 2000 تەواو كرد و دوواتر پەیمانگای وەرگێڕی تەواو كردووە نزیكەی 17 ساڵە كاری وەرگێڕی دەكات ئێستاش لە بەشی ڕەسم هەندەسە ئەخوێنێت و ئەندامی سەندیكای مافی مرۆڤە وكاری خۆبەخشیشی كردووە بۆیارمەتی دانی پەنابەران بۆزاری كرمانجی ،باسی سیستەمی خوێندنی وڵاتی فینلەندامان بۆدەكات ئەو وڵاتەی لە پێش هەموو وڵاتانی دونیایە لەرووی پەروەردەو فێركردنەوە ، چی وایكردووە ئەم وڵاتە ئاوا پێش بكەوێت؟سیستەمی خوێندنیان چۆنە ؟ قوتابی خێزان و قوتابخانە چۆن ڕەفتار دەكەن ؟ بۆچی گەیشتونەتە لووتكە لەبوراری سیستەمی پەروەردە بۆئەوەڵامی ئەو پرسیارنەو زیاتر بێریڤان مەحموود بەم جۆرە بۆزاری كرمانجی دەدوێت.
دیمانە: محەممەد مەحموود
*ئەوهۆكارانە چین كەوای لە سیستەمی پەروەردەی فینلەندا كردووە لە ریزی پێشەوە بێت لە جیهاندا؟
چەند هۆكارێكی تایبەت هەن وایانكردوە كە وڵاتی فینلەندا لەرووی سیستەمی خوێندنەوە ئاوا لەجیهان ناو دەربكات و لەریزی پێشەوە بێت لەوانە :
یەكەم: نەبوونی تاقیكردنەوەی یەكشێوە بۆ هەمووان، بەڵكو هەركەسەو بە پێی ئاست و تواناكانی خۆی بەشداردەبێت.
دووەم: لێپێچینەوە لە لە مامۆستاكان،داواكراو نییە، چونكە بە مەرج و پێداویستی زۆر گران مامۆستا لە شوێنی بەرپرسیارێتیدا دائەنرێت.
سێیەم:رێسای هاوكاریكردن نەك پێشبركێكردن لە نێوان فێرخوازەكاندا.
چوارەم:بە پلەی یەكەم گرنگی بە شتە بنەڕەتییەكان ئەدرێت.
پێنجەم:چونە خوێندنگا لە تەمەنێكی درەنگتر.
شەشەم:بژاردەی پیشەیی جۆراوجۆر ئەخرێتە بەردەمی دەرچووی زانكۆ.
حەوتەم: ماوەی فێرخواز لە ناو خوێندنگادا تاقت پروكێن نییە.
هەشتەم: فێركردن و رێنمایی هەماهەنگ و بەردەوام لە لایەن هەمان مامۆستاوە (مامۆستای پۆل)
نۆیەم:هەبوونی كەشێكی ئارام ودڵ ئاسوودە.
دەیەم:ئەركی ماڵەوە كەمترە بەڵام كاری دەرەوەی خوێندنگا داواكراوە.
*كەمكردنەوەی وەرزی خوێندن و كاتژمێرەكانی حەفتانەی خوێندن، نەهێشتنی تاقیكردنەوەكانی بەكالوری، یان وەزاریی، ڕزگاركردنی منداڵ لە ئەركەكانی ماڵ و خوێندنە تایبەتەكان بە واتای چی دێت؟
باوكی ڕۆحی فێربوونی فنلندیی: دكتۆر «باسی ساڵبرگ»ە.
دكتۆر (باسی ساڵبرگ) یەكەم كەسی دەستپێشخەرە بە فێربوون و پەروەردەی نوێ، لە كتێبەكەیدا بەناوی (Finnis Lessons) ڕەهەندێكی فێربوون و پەروەردەی نوێی دۆزیەوە، كە لە پێش ئەمدا هیچ كەس بیری لێ نەكردۆتەوە. هەندێك لە دەوڵەتانی دنیا سوودیان لە بیرۆكەكانی وەرگرت، لە پەرلەمانەكانیاندا گفتوگۆی لەسەر كرا، وەك دەوڵەتانی ئسكۆتلندا و ئنگلتەرا و ئوسترالیا و نیوزیلندا، هەندێك لە حكومەتەكانیش بەمەوە نەوەستان، بەڵكو یەكسەر داواین لە ئیدارەی فێرگەكانیان كرد كە هەرچی لە توانایاندایە ئەم بیركردنەوە نوێیانەی فێربوون و پەروەردە جێبەجێ بكەن،بیرۆكەی سەرەكی ئەم زانایە، بزووتنەوەیەكی چاكسازییە لە هەموو ئەو گەندەڵی و خراپیانەی لە پەروەردە نەریتیەكەدا هەیە.
ئامانجی فێربوون چییە؟
پێویستە هەمیشە ئەوەمان لە بیر بێت، كە ئامانجی فێربوون بریتیە لە:
یەكەم ئابوورییەكی باش.
دووەم پاراستن و پارێزگارییكردن لە كولتووری پێشكەوتووی دیموكراسیانە.
یەكەم هەنگاو لە فێربوون و پەروەردەی فینلندا دا بریتی بوو، لە ڕزگاركردنی فێربوون و پەروەردە لە “میكرۆبەكان”. دكتۆر ساڵبرگ هەموو گەندەڵی و خراپی پەروەردەی نەریتیی ناونا میكرۆبەكان.
دكتۆر ساڵبرگ گرنگیەكی زۆری دا بە بزووتنەوەی گەندەڵی و خراپیەكانی فێربوون و پەروەردە، كە بە ناوی چاكسازییەوە دەگوزەرێت، ئەمەشی لە كتێبەكانی و وانەكانیدا بە ناوی لە ناوبردنی میكرۆبەكان كورت و پوخت كردەوە، (میكرۆب) بە واتای ئەو دەردە كوشندەیە دێت كە تووشی فێربوون و پەروەردە بووە و هەموو فێرگەكانی جیهانی گرتۆتەوە.
*كەوابێت سیستەمی وڵاتی فینلەندا بەتەواوەتی پاككراوەتەوە لەو میكرۆبانەی دكتۆر ساڵبرگ باسی دەكات؟
بەڵێ‌ بە گوێرەی زانیاریەكان، سیستمی فێربوون و پەروەردە %99 لە سەدا نەوەت و نۆی پاكراوەتەوە لە میكرۆبەكان.
* سیستەمی پەروەردەی فینلەندا لە سەر ڕێنماییەكانی دكتۆر ساڵبرگ چ كارێكیان جێ‌ بەجێكرد؟
ئەو كارانەی پێی هەستان بریتی بوون لە چڕكردنەوەی بابەتەكان، زۆری تاقیكردنەوەكان، درێژكردنەوەی كاتژمێرەكانی دەوام، پێدانی ئەركی ماڵ و ئامادەكردنی دوای تەواوبوونی دەوامی فێرگە، هەروەها پێدانی وانەی تایبەت ئەویش وەك ئەركی ماڵ.
دكتۆر ساڵبرگ جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی ئەمانە هەموویان میكرۆبن و دەبنە هۆكاری كوشتنی تواناكانی فێربوون و پەروەردە و دەبن بە قورساییەكی زۆر لە سەر منداڵ، چونكە پراكتیكەكردنێكی ئەمانە نا پەروەردەییە و هیچ سوودێكی نییە جگە لە مامۆستا و منداڵ ماندووكردن.
پێویستە ئەوەمان لە بیر بێت، كە ئامانجەكانی فێربوون: یەكەمیان گەشەپێدان و پێكهێنانی ئابوورییەكی باشە، دووەمیان پاراستنی كولتوری دیموكراسیانە و مرۆڤییانە، سێەمیش لە بیرمان نەچێت، كە ئەمانە بە میتۆدە میكرۆباوییەكە بەدی ناهێنرێن.
*بەراورد بە ئەمەریكا، فینلەندا باشترین و گەشەسەندووترین سیستەمی فێربوون و پەروەردەیی هەیە؟
ئۆباما، لە ماوەی سەرۆكایەتیەكەیدا، ڕێگەیەیەكی ستراتیژیی لە فێربوون و پەروەردەدا گرتەبەر و ناوی نا(كێبڕكێ بەرەو لوتكە) پەیمانی دا بە ڕابوون و گەشەی فێربوون لە ئەمەریكادا لە ڕێگەی لێپرسینەوەیەكی ورد، پێوانەیەكی وردی هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستاكان، هەروەها كۆمەڵێك شتی لەم بابەتانە بۆ بەدیهێنانی خواستەكەی.
كەچی فیلمە دۆكۆمێناریەكە Waiting for Superman» دوای چەندین ساڵ لە جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژیەتە دەریخست، كە ڕێژەی سەرنەكەوتنی فێرخوازەكان و داخستنی فێرگەكان و دەستبەرداربوون لە مامۆساكانی لێ كەوتەوە. ناچار ڕایانگەیاند پلانەكەیان سەركەوتوو نەبوو.
دكتۆر (ساڵبرگ) دەڵێت" شكست و سەرنەكەوتن لە هەرچ دەوڵەتێكدا فشار بخەنە سەر منداڵ و فێرخواز و مامۆستا چاوەڕوانكراوە، هیچ دەوڵەتێك نییە ئەم میتۆدە میكرۆباوییەی بەكار هێنابێت توانیبێتی چاكسازی بكات و سەركەوتن بە دەست بێنێت.
*سیستەمە ڕق و تووندەكان چیمان بۆبەرهەم دێنن؟
سیستەمە ڕەق و تووندەكان، بەرپەرچدانەوەی كار و ڕووداوە مێژوییە كۆن و ڕەق و تووندەكانە، كە لە دێر زەمانەوە بەسەرچوون و نەماون، وەك شۆرشی پیشەسازیی و جەنگی ساردی درێژخایانەی نێوان بلۆكی سۆسیالیستیی و سەرمایەداریی، لەگەڵ ئەوەی ئەم ڕەقی و تووندووتیژیانە بەسەرچوون، كێشەی گەورە ئەوەیە لەم ڕۆدا و لە ناخی خۆماندا بە هەمان شێوەی كۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین، وەك چۆن دەوڵەتەكان لە كاتی خۆیدا و لە پێناوی ململانێكانیاندا مامەڵەیان لەگەڵدا كردوون.
*سیستەمی وڵاتی فینلەندا بۆهەموو كەسێك ئاسانە؟
پارادۆكسیەكانی فێربوون و پەروەردەی فینلندیی كە ڕەنگە خەڵكی دەرەوەی سنوری جوگرافیای فینلندا لەسەری ڕانەهاتبێتن، بەڵام پێویستە ئەوە بزانین كە گەلی فینلندیی بە تەواوەتی لەسەری ڕاهاتوون، ئەمەش وای لێكردوون زیاتر لە گەلانی دیكە پێشكەوتووتر بن لە ڕووی فێربوون و پەروەردەوە، ئەویش ئەو پرنیسپی فێربوون و پەروەردەیەیە، كە دەڵێت" خوێندنی كەمتر ، فێربوونی زیاتر، واتا بە خوێندنی كەمتر فێربوونی زیاتری لێ دەكەوێتەوە، نەك وەك باوە، خوێندنی زۆر فێربوونی زیاتر خوێندنی زیاتری لێ دەكەوێتەوە،تا ئێستا ئەوە نەسەلمێنراوە، كە خوێندنی زیاتر و زیادكردنی كاتی خوێندن، سەركەوتنی زیاتری لێ بەرهەم دێت.

بیروڕا

زۆرترین بینراو