سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى بازرگانی تورکیا کۆبووەوە

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى بازرگانی تورکیا کۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە دەرفەتەکانی سەرمایەگوزاری و وەربەرهێنانی تورکی لە هەرێمی کوردستان زۆر لەبار و فراوانن و ڕێگەی بازاڕی گەورەی عیراق بۆ بازرگانیی تورکیا بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بۆیە ستراتیژ و بیرکردنەوەیەکی تازەی تورکیا بۆ چۆنیەتیی فراوانکردنی بوارەکانی بازرگانی و چالاکیی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عیراق پێویستە کە لە بازرگانیی زیاتر، قورسایی بخاتە سەر وەبەرهێنان.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/9/26 لە هەولێر بەڕێوە چوو،  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەمەد مووش وەزیری بازرگانیی تورکیا، جەختیان لە خواستی برەودان بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ تورکیا کردەوە و هاوڕا بوون کە پێویستە هەموو گرفتەکانی بەردەم فراوانکردنی بوارەکانی بازرگانی و ئابووری لەنێوان هەردوولادا، چارەسەر بکرێن.

 نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ تورکیا بە گرنگ و ستراتیژی و یاسای وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستان بە یاسایەکی دۆستانە لە قەڵەم دا کە هانی سەرمایەگوزاریی بیانی دەدات، هەروەها ئامادەییی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ سەرمایەگوزاری و بازرگانیی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عیراق نیشان دا.

لای خۆیەوە وەزیری بازرگانیی تورکیا خواستی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندیی بازرگانی و فراوانکردنی چالاکییە ئابوورییەکانی لە هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەی بە چەند نموونەیەکی سەرکەوتووی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی تورکی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد کە بە هەمان شێوە لە هەرێمی کوردستان دووبارە بکرێنەوە، لەوێشەوە بەرەو هەموو ناوچەکانی دیکەی عیراق فراوان بکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە وەزیر و لایەنە پەیوەندارەکانی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی تورکیا و شاندێکی تورکی ئامادەی بوون، کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر بازرگانی و چالاکیی ئابووری، ڕێژەی بازرگانی و هاوردەکردنی تورکیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان، سیستمی بانکداری و ناردن و گواستنەوەی پارە، دادگای بازرگانی، گەشتیاری و چەند پرسێکی دیکە، تاوتوێ کران.

زۆرترین بینراو