ئێستا لە كەركووك عەرەبی شۆڤێنی لە دەسەڵاتە

ئێستا لە كەركووك عەرەبی شۆڤێنی لە دەسەڵاتە

چاوپێكەوتن – ڕائیب شێروانی: عەدنان كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك- گەرمیانی پارتی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ: " ئەو بارودۆخەی كە ئەمڕۆ لە كەركووك هەیە لە بەرژەوەندی كورد دا نیە و ئێستا لە كەركووك عەرەبی شۆڤێنی لە دەسەڵاتە. دەشڵێ:" هەموو كێشەكان پێویست بەوە دەكات كە لە رێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە چارەسەر بكرێن، سەردانی سەرۆكی حكوومەت و شاندی یاوەری بۆ بەغدا هەموو ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەنە، لە ئەجندای كۆبوونەوەكان بووە و چارەسەر دەكرێن.
عەدنان كەركووكی، گوتی:" هەموو كێشەكان پێویست بەوە دەكات كە لە رێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە چارەسەر بكرێن، چ ئەو كێشانەی كە پەیوەندیان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، چ ئەو كێشانەی كە پەیوەندیان بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم هەیە، پێویست بەوە دەكات كە حكوومەتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی بەغدا ئەو كێشانە چارە بكات، سەردانی سەرۆكی حكوومەت و شاندی یاوەری بۆ بەغدا هەموو ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەنە، لە ئەجندای كۆبوونەوەكان بووە، یەكێك لەو كێشانە كە لە كۆبوونەوەكەدا باس كرا و لە بەرنامەی حكوومەتیشدا هاتووە كێشەی ناوچە كوردستانییەكانە، بەتایبەتی كەركووك، بۆیە دەتوانین لێرە دڵنیای بدەینە خەڵكی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە، كە ئەم كەیسە لە لایەن سەرۆكی حكوومەتەوە متابعەی دەكرێت و بەدواداچوونی بۆ دەكرێت، ئەمە رێگایەكی راست و دروستە، چونكە كێشەی ئەو ناوچانە بەتایبەتی كەركووك كێشەیەكی سیاسییە، تایبەت نیە بە حزبێك دوو حزبەوە، بەڵكو كێشەی نەتەوەیەكە، پێویست بەوە دەكات كە هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەگەر پێشنیار و هەر شتێكیان هەیە بدەنە حكوومەتی هەرێم، حكوومەتی هەرێم نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكات بە شێوەیەكی گشتی و خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان بەتایبەتی، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی دروست لە چوارچێوەی دەستووردا كێشەی ئەو ناوچانە چارە بكرێت، چونكە ئەگەر بدرێتە دەست هەندێك حزبەوە، بۆ دەستكەوتی حزبی دەچنە بەغدا، وەكو بینیمان كە لە 16ی ئۆكتۆبەر هەموو ئەو ناوچانە رادەست كران، بۆ ئەوەی دەستكەوتێكی حزبیان هەبێت، بۆیە پێویست بەوە دەكات كە حكوومەتی هەرێم رێگە بە هیچ حزبێك نەدات لەم وڵاتەی ئێمە گفتوگۆ لەسەر ئەو ناوچانە بكات، یان بچێتە بەغدا، بۆ دەستكەوتێكی حزبی باس لە كێشەی ئەو ناوچانە بكات، دەبێت حكوومەتی هەرێم تاكە لایەن بێت كە لەگەڵ بەغدا كێشەی ئەو ناوچانە چارە بكات، هەر ئەوەش رێگەیەكی دروستە، چونكە ئەگەر لە رێگەی حكوومەتەوە نەگەینە ئەنجام، لە رێگەی هیچ حزبێكەوە ناگەینە ئەنجام، ئۆمێدیشم زۆرە بە حكوومەتی هەرێم، خودی سەرۆكوەزیران كە بتوانێت ئەو كەیسە یەكلا بكاتەوە.
سەبارەت بەوەی بۆ شۆڤینییەكان چیت هەیە، كە بە ئاشكرا لەناو كەركووك بانگەواز بۆ رژێمی بەعس دەكەن، كەركووكی رایگەیاند:" من رایەكی دیكەم هەیە كە رەنگە لەلایەن هەندێك لایەنەوە وەكو سەیروسەمەرە تەماشا بكرێت، بەڵام ئەمڕۆ لە كەركووك كێ لە دەسەڵاتە، ئەمڕۆ عەرەبی شۆڤێنی لە كەركووك لە دەسەڵاتە، خۆپیشاندانی عەرەبی سونە بۆ داكۆكی كردن بووە لەو دەسەڵاتە شۆڤینەی كە لە كەركووك هەیە، جا ئەگەر ئێمە بە ناشەرعی و سەپێنراو دەزانین ئەوە هەمووی دروستە، بەڵام ئەمڕۆ ئەوان لە دەسەڵاتن و داكۆكیش لەوە دەكەن كە لە دەسەڵات بمێنەوە، پرسیارەكە لێرەدا ئەمەیە كە كورد خۆی خاوەن دەسەڵات و یەكێتی پارێزگاری لابوو، هەموو جومگەكانی كەركووك كە ئیشی بە دەستەوە بوو لای ئەوان بوو، بۆچی دایە دەستی ئەوان، چونكە با ئێمە لە چاوەڕوانی ئەوەدا نەبین كە عەرەبێك، یان توركمانێك بێت دەنگ بە ئێمە بدات، من ناڵێم هەموو، بەڵام رەنگە خەڵكێكی كەم هەبێت دەنگ بە ئێمە بدات، بۆیە پێش ئەوەی كە ئێمە باس لەو خۆپیشاندانە بكەین كە لەلایەن عەرەبی شۆڤینیەوە كرا، با پرسیار ئاراستەی ئەو لایەنە بكەین كە كەركووكی رادەستی حەشدی شەعبی كرد، ئەو دروشمانەی كە لە خۆپیشاندانەكە بەرز كرانەوە، هەموو مەبەستیان پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، ئەوان مەبەستیان جماعەتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر نەبووە، ئێمە شانازی بەوە دەكەین كە ریفراندۆمان كردووە، ئەوە دەستكەوتێكی هەرە گرنگە لە 100 ساڵی رابردوو، وە شانازی پێوە دەكەین و پێوە پابەندین و لێی پەشیمان نین، بەڵام با خەڵكی دیكەش ئەوە بزانن كە ئەوان بوون كەركووك و دەسەڵاتی ئەو شارەیان رادەستی حەشدی شەعبی كرد، یەكێتی لە كەركووك دەسەڵاتدار بوو، بەڵام زۆر بە ئاسانی رادەستی حەشدی شەعبی كرد، ئەوە لای خەڵك روونە.
عەدنان كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك- گەرمیانی پارتی،ئاشكراشی كرد:" ئەو بارودۆخەی كە لە 12-5- 2018 هەبوو كە پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كرد، ئێستاش هەمان بارودۆخ هەیە، من ناڵێم پارتی بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات، تاكو ئێستا بڕیار نییە، بڕیاریش نەدراوە، بەڵام ئەو بارودۆخەی كە ئەمڕۆ لە كەركووك هەیە، لە بەرژەوەندی كوردا نیە، بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە چونكە لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كۆمەڵێك گۆڕانكاری دیموگرافی لەو شارە كراون، زیاتر لە 13 هەزار خێزانی عەرەب هێنراونەتە شارەكە، هەروەها داخیل كراون بۆ تۆماری دەنگدەرانی كەركووك لەلایەكی دیكەشەوە خەڵكی كەركووك زۆر لە شارەكە دەرچوونە، بۆیە تا ئێستا لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە نوێنەرێكی كوردی تێدایە و نوێنەرێكیش سڕكراوە، تا ئێستا ئەو نوێنەرە هیچ هەڵوێستێكی نەبووە، خەڵكەكەی ناتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە دەڵێم ئەگەر بەو بارودۆخەی كە ئێستا لە كەركووك هەیە، ئەگەر چاك نەكرێت و بارودۆخی شارەكە ئاسایی نەكرێتەوە، هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی كوردا نیە، دوای ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی شارەكە ئەو كات هەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەمڕۆ ئەو بارودۆخە گونجاوە نیە بۆ ئەوەی پرۆسەیەكی گرنگ وەكو هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەتایبەتی شێوازی هەڵبژاردنەكە كە تا ئێستا مشتومڕی لەسەرە، چۆن هەڵبژاردن دەكرێت و بە چ شێوەیەك دەبێت، ئەمانە هەموو هۆكارن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی كورددا نەبێت".

زۆرترین بینراو