بەهۆی پەكەكە و بۆردوومانەكانی توركیاوە 18 كەس شەهید بوونە و بە سەدان گوندیش چۆڵكراون

بەهۆی پەكەكە و بۆردوومانەكانی توركیاوە 18 كەس شەهید بوونە و بە سەدان گوندیش چۆڵكراون

رەمەزان هەرنی – ئامێدی : عومەر ئۆرەیی, بەرپرسی لقی 18ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئامێدی بە زاری كرمانجی راگەیاند:" ئێستا لەگەڵ پێش سێ مانگ رەوشی سنووری ئامێدی ئارامترە، بۆردوومان هەیە، بەڵام زیاتر لە دووری گوندەكان و سەر سنوورە، بۆیە لە چاو سێ مانگی رابردوو رەوشی ئامێدی ئارامە و هاووڵاتییان بە ئاسایی دەژین و داوا دەكەن پەكەكە لەناوچەكە نەمێنێت، توركیاش چی دیكە ناوچەكە بۆردوومان نەكات.
ئۆرەیی، گووتیشی:" چەندین ساڵە بە سەدان گوندی سنووری ئامێدی بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیا و پەكەكە چۆڵكراون و كەس تێدا نەماوە، كە تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 18 هاووڵاتی بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیاوە بۆ سەر پەكەكە شەهیدبوونە و چەندین هاووڵاتیش بریندار بوونە، زیانێكی زۆریش بەر موڵكی هاووڵاتییان كەوتووە، گوندەكان وێران بوونە، سێ كەسیش بەدەستی پەكەكە شەهید بوونە".
بەرپرسی لقی 18ی پارتی لە ئامێدی ئەوەشی گووت:" پێویستە پەكەكە لەو ناوچانە دووركەوێتەوە كە ئاوەدانن، چونكە هەر كاتێك توركیا بۆردوومانی پەكەكە دەكات زیان بەر هاووڵاتییانی سڤیلی ناوچەكە دەكەوێت، بەهۆی ئەوەی پەكەكە خۆی نزیك دەكاتەوە لە گوندەكان، توركیا لە بیانۆیەك دەگەرێت بۆ ئەوەی بۆردوومانی ناوچەكە بكات, بەڵام ماوەی سێ مانگە سنووری قەزای ئامێدی ئارامە، لەچاو ماوەكانی رابردوو، بەهۆی ئەوەی چەكدارانی پەكەكە نابینرێن و بۆردوومانیش نییە".

بیروڕا

زۆرترین بینراو