هەرێمی كوردستان لە ستراتیژییەتی فەڕەنسا

بۆتان بەكر

قوتابی دكتۆرا لەیاسا لە وڵاتی فەڕەنسا

ماكڕۆن وەك سەرۆك كۆماری فەرەنسا كە گەلی فەرنسا بە قوتابی فرانسوا ئۆلاندی دەزانن زیاترو زۆرتر گرنگی بە عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات. سەرەتا دەكرێت لەوە دەست پێ بكەین كەجێگەی ئیعتیبارو هەڵوەستەیە؛ وڵاتێك ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بێت و خاوەن مافی ڤیتۆ بڕیاردەری گرنگ بێت لە پرسەكانی جیهان و ناوچەكەو تەنانەت ڕۆژ هەڵاتی ناوین، بەشێوازێك مامەڵە لەگەڵ هەرێمێكی دیفاكتۆی سەربەخۆ لە گۆڕەپانەكە دەكات كە ئەمە خۆی لە خۆیدا جێگەی تێڕامانە، بە بڕوای من دەبوو سەركردایەتی سیاسی كورد و ئیدارەی كوردی و حكومەتی هەرێم زۆر مكوڕتر و واقعیانە تر بەدەم ئەم هەنگاوە كردەییانەی ئەم دەوڵەتەوە بهاتان، بەڵێ ئەم دەوڵەتەش وڵاتی فەڕەنسایە!
وڵاتی فەڕەنسا لە سێ كابینەی پێشوو ئێستاشدا زیاتر گرنگی بە سیاسەتی دەرەوەی وڵات دەدات، وە لەنێویانیشدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی كەمتر كەلتورو ڕۆشنبیری دەوڵەتەكەیان گرتۆتەوە. لەسەردەمی بەڕێز فرانسوا میترانی لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو تا دەگاتە سەردەمی سۆسیال گۆش و چەپەكانی فرانسوا ئۆڵاندو پارتی بۆ پێشەوەی ئیمانوێل ماكڕۆن بەشێوازێكی زۆر جیاواز و كردەییانە گرنگیان بە دۆزی كورد داوە.
مێژووی هاوكارییە دبلۆماسی و كردەییەكانی فەڕەنسا بە زەقی لە دوو ئاستی سەرەكی دەبینرێن یەكیان بریتی بوون لە دەرچوونی بڕیاری 688 لە 5ی ئەڤغیلی 1991 كە تایبەت بوو بە پاراستن و نەهێشتنی قەمعی كوردانی باشور لەلایەن ڕژێمی پێشووتری عێراقی و دروستكردنی ناوچەی دژە فڕین و ئارام، وە ئەوەی تریان لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017 بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی بۆ كوردستان جارێكی تر ئەم وڵاتە بووە فریاد ڕەس و بەدەمەوە هاتنی كوردانی باشوور و كرانەوەی جارێكی تری پەیوەندییە دبلۆماسیەكانی هەرێمی كوردستان بە دونیای دەرەوە دا كردەوە و هەرێمی كوردستانی لە قۆناغی چەق بەستوویی بردەوە بۆ قۆناغی هەرێمێكی دیفاكتۆی بەنێو دەوڵەتی كراو. ئەمەو وێڕای ئەو هەموو هاوكارییە سەربازی و مرۆییانەی كە لەمیانەی جەنگی داعش پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كرد ، وە هەر سەرۆكی ئەم وڵاتە بوو وەك یەكەمین سەرۆكی وڵاتێكی ئەوروپی سەرەدانی هەرێمی كوردستانی كرد لە كاتی تەنگانەو ناخۆشی شەڕدا، وە پێشوازی كردنی وەفدی هەرێم لە كۆشكی ئیلیزێ چەندین جارە ئەمە دوبارە بوویەوە لەلایەن كاربەدەستانی ئەم وڵاتە.
شایانی باسكردنە و ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و ئاماژە دانە ئەوەیە كە ڕۆڵی وڵاتی فەڕەنسا لە دۆزیەی نەتەوەی كورد وێڕای ئەوەی كە لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكە لە بارێكی باشدایەو هەمیشە ئەوە بینراوە كە متعاگف و سۆزدارن بە قەزیەی كورد، وە لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەو وڵاتەش كە ئەمە جێگەی دڵخۆشیە لەنێو هەموو پارتە دەسەڵاتدارەكانی فەڕەنسا دۆزی كورد ڕۆڵ و بایەخێكی گەورەی هەبووە، چ لەلایەن پارتی ڕاستڕەوی كۆمارییەكان بێ چ لەلایەن پارتی سۆسیالیستی چەپڕەوكان بێت یاخود پارتی نوێ ی دەسەڵاتداری ئێستا بۆ پێشەوەی ئیمانوێل ماكڕۆن بێت. بۆیە زۆر گرنگە لەلایەنی حكومەتی هەرێم و سەركردایەتی سیاسی كوردستان ئیستپمار و وەبەرهێنی ئەو پەیوەندیە بكات، ئەویش بە پاراستن و خستنەڕووی زیاتری بەرژەوەندیەكانی فەڕەنسا لەهەرێم و ئەنجامدانی ئاسانكاری بۆ هێنانە ناوەوەی زیاتری كۆمپانیاكان جگە لە بواری نەوت و وزە وەك ئەوەی ئێستای كۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی پێویستە برەو بەو پەیوەندییە بدرێت و لە هەموو بوارەكانی كلتوری و ڕۆشنبیری و پەروەردەی و تەندروستی و ئاوەدانكردنەو پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ فەراهەم كردنی بەرژەوەندی دولایەنە.
ئەگەر سەیری سەردانەكانی سەرۆك كۆماری فەرەنسا بكەین لەم دواییانە ئەوە دووەمین جارە سەرەدانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست دەكات ، كەوەك میدیاكانی فەڕەنسا ئاماژەی بۆ دەكەن ئیمانوێل ماكڕۆن دەیەوێت وڵاتەكەی پێگەیەكی زۆر تایبەتی هەبێت لە وڵاتانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەند زیاتریش لەو وڵاتانە مەبەست و گەرەكیەتی ئوردن و سوریاو لوبنان و عێراق، ئەگەر سەیری لوبنان وسوریا بكەین ئەو وڵاتانە خۆی لە خۆیاندا فڕانكۆفۆنن واتە فەڕەنسا بە هی خۆی دەزانێ بۆیە مەبەستیەتی ئاوەدانیان بكاتەوە لەلایەك، لەلایەكی تریش وەك وڵاتێكی باڵای نێو یەكێتی ئەوڕوپا بۆ جێگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لەو وڵاتانەو پێشگیری لە دیاردەی كۆچڕەوی ئەم هەنگاوانە دەهاوێژێت. وە ئیمانوێل ماكڕۆن وەك سەرۆك كۆماری فەرەنسا كە گەلی فەرنسا بە قوتابی فرانسوا ئۆلاندی دەزانن زیاترو زۆرتر گرنگی بە عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات، پێ ی وایە كە لەم وڵاتەوە دەتوانێ جارێكی تر كۆنترۆڵی خۆی بكات و سەنگ و قورسای بەدەست بێنێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەویش لەڕێگەی دەوڵەتێكی دەوڵەمەندی وەك عێراق و پێگەی گرنگی هەرێمی كوردستان.
وا بڕیارە بەرواری 1ی9ی2020 سەرۆك كۆماری فەڕەنسا ئیمانوێل ماكرۆن لە گەشتەكەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بابەتی ئاوەندانكردنەوەی بەیروتی پایتەختی لوبنان دوای ئەو كارەساتەی كە بەسەردا هات، سەردانی بەغداد بكات لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتەو سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش كۆ دەبێتەوە.
بەبڕوای ئێمە ئەو سەردانە زیاتر پەیوەستە بەو كێشانەی كە لەنێوان عێراق و توركیا دا دروست بوونە وە هەرێمی كوردستان لەم نێوەندەدا ئەمە یەكێكە لە ستراتیژە هەرە گرنگەكانی فەڕەنسا. كێشەی توركیا لە عێراق و ڕەنگدانەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. چونكە فەرەنسا پێی وایە دەوڵەتی توركیا كۆسپ و تەگەرە وگرفت لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكات ئەو لەشكركێشیەی كە لە سوریاو لیبیاو عێراقدا دەیكات ئەمە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەو وڵاتە یەكناگرێتەوە بۆیە دەیەوێت بەڕاشكاوی لەگەڵ كاربەدەستانی عێراقی و هەرێمی وەك لە دەزگا میدیایەكانی فەرەنسا بڵاوكراوەتەوە ئەوە بخاتە ڕوو، چونكە وەك باسم كرد دەوڵەتی عێراقی بۆ فەرەنسا گرنگە ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمریكای دۆنالد ترەمپ وردە وردە خەریكە لەم وڵاتەدا پێگەی بەهێزی خۆی لە دەست دەدات.
لەم نێوەندەدا ئەوەی شیاوی باسكردنە پەەوندییەكانی هەولێر و پاریس و بەشداری كردنی بەڕێز سەرۆكی هەرێمە لەم پرسە هەستیارانەدا پەیوەندییەكی زۆر توندو تۆڵن ئەوەش زیاتر پەیوەست بووە بە سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا كە هەمیشە ویستویەتی حكومەتێكی بەهێزی هەرێم هەبێت لە ڕووە سەربازی و كارگێری و ئابوری ، چوون هەرێم پێگەیەكی تایبەتی هەیە چ لەڕووی ئەوەی كە ناوچەیەكی ئارام بووە وە چ لەڕووی ئەوەی كە پێگە جوگرافیەكەی كە هاوسێ ی دوو دەوڵەتی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ئەوانیش توركیاو ئێرانن. ئەم سیاسەتە ڕەنگدانەوەی هەبووە لە ماوەی ڕابردوو چ لەسەر ئاستی پەیوەندی كەسایەتی وەك مام جلال و سەرۆك بارزانی كە بانگهێشتی پاریس كراون و چ پەیوەندی نزیكی هاوڕێیەتی نێوان سەرۆك ماكڕۆن و كەسایەتی ئاشتیخوازانەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەم ڕوەوە پێویستە ئەوە بڵێین كە عێراق و هەرێمی كوردستان پێوستە سوود لە هاوكارییەكانی فەڕەنسا وەربگرن كە كۆماری ئەو وڵاتە ستراتیژیەتی دوورو درێژی بۆ كێشاوە.
بۆیە ئەم سەردانە زیاتر پەیوەستە بە پەلهاوێشتەكانی وڵاتی توركیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەندو كە بەر لە هەفتەیەك وەزیری بەرگری فەڕەنسا سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد ئەوەی بە ڕاشكاوانە لەگەڵ لێپرسراوانی كورد و عێراق وروژاند كە بوار بە دەستوەردانی توركیا نەدەن، بەیانیش ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی عێراق ئەكات، هەمان داوا لە لێپسراوانی كورد بە تایبەتی ئەكات.
گرنگی دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ماكرۆن، لەمكاتەدا بە بڕوای ئێمە لە دوو تەوەر خۆی دەنوێنێت، یەكیان پەیوەستە بەو هاوكارییە مرۆیی و ئابوری و گەشەسەندنەوەی ناوچەكانی عێراق و هەرێم كە بڕیاروایە بەبڕی یەك ملیار یۆرۆ لە بەصراوە تاكو هەڵەبجە وەبەرهێن بكات بە هێنانە پێشەوەی كۆمپانیاكانی فەڕەنسی. تەوەری دووەم سیاسیەو زیاتر پەیوەستە بە هەوڵی لێ نزیك بوونەوەی لایەنی كوردی و عێراقیە بە شیعەو سوننەوە لەسەر ئەو كێشانەی كە هەڵپەسێردراون بۆ مەبەستی چارەسەركردنیان و بەتایبەتی سەروەری خاكی عێراق و نەهاتنە پێشەوەی توركیاو گەرەنتی كردنی زیاتری پاراستنی قەوارەی هەرێمە لەلایەنی فەڕەنسی لەهەمبەر لەشكركێشیەكانی وڵاتی توركیا كە ئەمەش پێم وایە لەداهاتوو دەرەنجامەكەی زیاتر بەدەردەكەوێت.

 

زۆرترین بینراو