مۆڕاڵ و ئیتیك.. ڕەنگدانەوەیان لە كۆمەڵگەی كوردی

هێلین

ئەم نوسینە، گەرەكی نییە ڕوونكردنەوەیەكی ورد و درشت بۆ جیاوازی مۆڕال و ئێتیك بكات، چونكە وتارێك توانایی تێنویەتی شكانی تەواوی مێژووی مۆڕال و ئێتیك نییە. مێژووەكەی بۆ یۆنانی كۆن دەگەرێتەوە، بۆ سەردەمی ئەفلاتوون و ئەرستۆ. لەو كاتەی یۆنانیەكان بەدوای داهێنان دەگەڕان بۆ ئەوەی چاك و شكۆ و باڵا بژین، بەدوایی ئەوە دەگەڕان كە چ دەسەڵاتێك دەتوانێت كۆمەلگەیەكی چاك دروست بكات، ئێتیكێكی چاكیان هەبێ. لەو كاتەوە دەستەواژەی «ئێتیك/ بەرپرسیارییەكی هەلبژێردراو» و «مۆڕال/ئەخلاق» بەكارهێنرا.
كەچی لە زمان و زاری كوردییدا، بەدەگمەن نەبێت، بە هۆی هەژاری خوێندەواریی فەلسەفە و بەهێزی نەریتی باوی و ئەخلاقیی باو، كە ئەمەش پەیوەندی بە دۆخی خێلسالاریی و نەریتی بالادەستی دینییەوە هەیە لە كۆمەڵگەی كوردستاندا، وشەی ئەخلاق هەمیشە لەسەر زارە، لە كاتێكدا ئەخلاق بە هۆی كالا و ماددەوە كالبۆتەوە و وشیاریی تاكەكسیش زۆر سنووردارە، بۆیە ئەو دوو چەمكە تێكڵاو دەكرێن.
ئێتیك"Ethos"، وشەیەكی گرێكییە، لە وشەی (ئێتۆس)ەوە هاتووە. ئێتیك هۆشیاریی ئەقلی مرۆڤە، شكۆمەند و پەخشندەیی و ئاكاری چاكەش دەگرێتەوە. ئێتیك تاكە كەسیە، واتە تێگەشتنی مرۆڤ خۆیی، كە خۆی فێری ئاكاری چاكە بكات، كە ئەمەش بە پەروەردە، زانین و هۆشیاریی مرۆڤ دەبێت.
بەرزی ئێتیك لەوەدایە، كە مرۆڤ دەبێتە خۆی، دەبێتە خود لەناو كۆمەڵگەكەیدا. باڵایی خودیش لەوەدایە، كە ئاكارانە بژیی، مەبەست لە ئاكاریش لە ڕوانگەی ئەرستۆ، چاكە و ویستخوازییە.
ئانكو دێشێین بێژین، پیاوی چاك، ولێ نەك بەمانایی پیاوە ئاینەكان، كە مرۆڤی كۆیلە و ڵاواز و نەداریان ڵا پیاوچاكە. بەلكە، بەمانای نیتشەیانە، بەرزە مڕۆڤ بێت. بەرزە مڕۆڤیش، چەشنە مرۆڤێكی باڵاترە، مانای راستیی بە مێژووەكان دەبەخشێ. نیتشە بۆ مڕۆڤە باڵاكان دەفەرمووێت "ئەم بۆ "ئەو"ە لە یاد بسڕنەوە، ئەی ئافڕێنەران! ئاكار باشی ئێوە خۆی داخوازی ئەوەیە كە ئێوە كارتان «بۆئەو»، «لەبەر» و «چونكە» نەدابێ. دەبێ گوێی خۆتان بۆ ئەم وشە بچووكە دڕۆیینانە ببەستن."
بەڵام، مۆڕال/ ئەخلاق، كۆمەلگە دروستی دەكا، پەیوەندی بە دینەوە هەیە، لە دەرەوەیی تاكەكەسیە. داب و نەریتێكی كۆمەلگەیە. هەروەك نیتشە كتێبێكی بەناوی "رەچەڵەكی مۆرال" نووسیوە. لەوێدا رەخنەی تووند لە مۆرالی مەسیحییەت و زانستكاران دەگرێت كە میراتگری قەشەكانن. بەواتایەكی تر، مۆڕال/ئەخلاق بریتییە لەوەی كۆمەلگە و تاكەكەسەكان چ كار و رەفتارێك بە هەڵە و راست دەبینن، كە ئەمەش لە نێوان كۆی كۆمەلگەدا لەسەری پێكهاتوون، هاوكاتیش دەكرێ تاكەكەسێك هەلگری مۆڕال بێت. كەواتە مۆڕال مەرجێكە لە نائاگایی كۆی كۆمەلگەیەكدا، هەروەك كۆمەلگەی كوردی، ئیشدەكا و بڕیاری راستی و هەڵەیی بەسەر كار و رەفتارەكانی خەڵكدا دەدا.

زۆرترین بینراو