كابینەی تۆڵەكردنەوە لە كورد

ئاسۆ حاجی

بزاڤەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق تەنها یەك ناونیشانی هەیە ئەویش"زیاتر چەسپاندنی حكومی زۆرینەی شیعە و بەهێزتر بوونی ئێران لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی" ئەو ئامانجە زادەی چەند مانگێك نیە یان وەك پەرچە كردارێك بێت لە بەرامبەر كوشتنی جەنەرال قاسم سولەیمانی،بەڵكو دەرئەنجامی پلان و كاركردنێكی درێژخایەنە كە سەرەتای ئادگارەكانی لە ساڵی 2012 لە سەردەمی نوری مالیكی بە تەواوەتی وەدیاركەوتن،ئەوەش بۆ پشتڕاستكردنەوەی بۆچوونێكمان دەگەڕێنێتەوە كە هەر كەسێك و بە هەرناو و پاشناوێك لە سەرۆكایەتی حكومەتی عێڕاق دابندرێ بۆ ئێران جیاوازی نیە،چونكە كەسیان ناتوانن لە بازنەی بەرژەوەندیەكانی ئێران(شیعە)بچنە دەرەوە.
ئێران لە پێكهێنانی ئەو كابینەیە دەیەوێ دەرسێكی نوێ بە كورد و سوننە بدا،تۆڵەی بێهەلوێستیان لە بەرامبەر كوشتنی قاسم سولەیمانی لێ بكاتەوە كە لە یەكریزی نیشتیمانی دەرچوون لەو رۆژەی لە دانیشتنی پەڕلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا ئامادەنەبوون،ئەو دەرسە ئەوەیە كە لەمەودوا هەڵوێستی شیعە درێژكراوەی هەڵوێستی ئەو رۆژە دەبێت كە بۆ هەر كار و بڕیارێك پێویست بكا ئەوە شیعە دەتوانێ بە زۆرینە یاسا و بڕیارەكان تێبپەڕێنێ و بۆ متمانەدانیش بە كابینەی عەلاوی ئەوە ئەگەرێكی كراوەیە.
تۆڵەكردنەوە لە سوننە و كورد بەشێكە لە كارنامەی ئێران لە رێگای حكومەتەكەی عەلاوی كە لە شاری قومی ئێرانی و بە رێكەوتنی سەدر و عامری و مالیكی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حەشدی شەعبی و حیزبوللای لوبنانی بڕیاری لەسەردراوە،تۆلەكردنەوە لە كورد ئادگار (ملامح)ەكانی وەدیار كەوتوون و یەكەمین قوربانی بەرهەم سالحی سەرۆك كۆماری عێراقە كە دوای هەڵوێست وەرگرتن بە رانەسپاردنی كەسێكی بژاری حەشدی شەعبی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئەوە ئێران بە ناردنی شاندێك بۆ سلێمانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك یان سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی بێبەش كرد كە دەتوانین بڵێین بۆ ئەو یەكلایی ببۆوە،ئەگەرێكی بەهێزیش هەیە كە لە سەرۆكایەتی كۆماریش لا بدرێ و یەكێك لە كەسە نزیكەكانی ئێران لەلایەن سەركردایەتی نوێی یەكێتی بۆ ئەو شوێنە دیاری بكرێ كە شانسی ئاراس شێخ جەنگی و ئاڵا تالەبانی زۆرە،هەروەها ئێران هەوڵدەدا تۆڵە لە تێكڕای گەلی هەرێمی كوردستان بكاتەوە:
- بە سەرلەنوێ هەوڵدان بۆ لێكترازاندنی ناوماڵی كوردستانی و گرفت دروست كردن لە نێوان هەولێر و سلێمانی.
- بەشداری كورد لە كابینەی نوێ لە رێگای هێزە سیاسیە كاریگەرەكان نەبێت،بەڵكو كەسانێكی نزیك لە خۆیان لە بەشە پۆستی كورد دابندرێن،سەرەتاش بەوە دەست پێدەكەن كە یەكێتی و رەنگە گۆڕانیش رایبگەیەنن كە ئەوان لە بەشی خۆیان(وەك حیزب)خۆشدەبن و رێگا بۆ كەسانی سەربەخۆ و تەكنۆكرات خۆش دەكەن تا بەشداری حكومەت بكەن،بەو هەڵوێستەیان دەیانەوێ دەستی پارتی ببەستن تا دەستی بە بەركەوتە شایستەكانی خۆی نەگات،كە ئێران ئامانجیەتی پارتی لاواز بكات.
- ئەگەر بڕینی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران زۆر بەهێزە و دوور نیە مەگەر هەڕەشەی ئەمریكا بە سەپاندنی ئابلوقەی دارایی و سزادانی حكومەتی عێڕاق بە لێدان لە توانا ئابووری و سەربازییەكەی ئێران وا لێبكات كە دەست بۆ ئەو كارتە نەبات، بە تایبەتیش كە ئێران بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە عێراق دەبەستێ بۆ دەسكەوتنی (دراوی قوڕس) لە دۆلار و یۆرۆ هەروەها عێڕاق گەورەترین بازاڕی ساغكردنەوەی كالای ئێرانییە و بەشێكیش لە نەوتەكەی هەر لە رێگای عێراقەوە دەفرۆشێت.
لە بەرامبەر سووننە زیاتر سیاسەتی زەوی سوتاو و زیاتر لەبەریەك هەڵوەشانەوەی هێزە سیاسییەكانیان بەشێك دەبێت لە كارنامەی شیعە بە تایبەتیش كە لە رابردوو ئەو سیاسەتەیان بەرهەمدار بووە و ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی و هێزی سیاسی سووننەیان لە بەرژەوەندی ئێران یەكلایی كردۆتەوە.
ئەوەی لە بەرامبەر ئەو بزاڤانە چاوەڕوان دەكرێ سیاسەتی ئەمریكایە كە بە چ شێوە و شێوازێك بزاڤ دەكات بۆ رێگریكردن لە زیاتر بەهێزبوونی ئێران و لاوازبوونی ئەمەریكا لە بەرامبەریدا.
دوای سەرهەلدانی خۆنیشاندانەكانی بەغدا و شارە شیعەنشینەكان بەشێك لە چاودێران و تەنانەت سەركردە سیاسیەكانیش وای بۆ دەچوون كە رۆژی ئێران لە عێراق لە ئاوابوونە، بە كوشتنی قاسم سولەیمانی هەندەی دیكە ئەو بۆچوونەیان تەئكید دەكردەوە، بەڵام لە هەڵگەڕانەوەی سەدر لە خۆپیشاندەران و بزاڤەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ ئەوە دەسەلمێنن كە ئێران لە جاران بەهێزتر ئامادەیی هەیە، بزاڤەكانی ئەمریكاش ئەوەمان پێدەڵێن كە ئیدارەی تڕەمپ لە كوشتنی سولەیمانی و زیاتر توندكردنی گوشاری ئابووری لە سەر ئێران ئامانج مانەوەی تڕەمپە لە پۆستی سەرۆكایەتی نەك گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران، ئەو لێكدانەوەیەش هاندەرێكی دیكە دەبێت بۆ ئێران كە مكوڕتر و توندتر كار لەسەر پاوان كردنی عێراق بكات، بە تایبەتیش كە دەبینێ لە سوریا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە پاشەكشێدان و روسیا و رژێمی سوریا لە پێشڤەچووندان.
هەرێمی كوردستان كە دیسان بۆتەوە جێی سەرنج و بایەخی دونیا بە تایبەتی وڵاتانی زلهێز و كاریگەر تاكە شانس و كارتی بەهێزی یەك هەڵوێستی و یەك گوتاریە لە بەغدا كە ئەگەری دروست بوونی لاوازە و زیاتر هێزە كوردستانییەكان لە بەغدا خەریكە دەگەرێنەوە دۆخی سەردەمی مالیكی و عەبادی كە بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان ببنە كەرستەی جێبەجێكردنی كارنامەی شیعە و زیاتر بەهێزبوونیان لە سەرحیسابی زیاتر بێهێز بوونی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

لەپێناو تەندروستی

لەپێناو تەندروستی

دوای نۆ كابینە !

دوای نۆ كابینە !

بیروڕا

زۆرترین بینراو