خوێندن لە قوتابخانە حكوومی و ئەهلییەكان جیاوازە؟

رۆژان كوردستانی

سەرەتا گەر جیاوازیەك لە نێوان قوتابخانە حكومی و نا حكومییەكان بكەین لە كوردستاندا، جیاوازیەكە ئەوەیە كە لە قوتابخانە نا حكوومیەكان دەكرێت هەندێك خزمەتگوزاری زیاتر هەبن، وەك پێدانی نانی بەیانی و نانی نیوەڕۆ، دەوامی رۆژانە لە 8 بەیانی تا 2ی پاش نیوەڕۆیە، بەڵام قوتابخانە حكوومیەكان خزمەتگوزاری نان خواردن نییە، هەروەها لەو قوتابخانە نا حكوومییانەی كە نێودەوڵەتین سیستەمی خوێندنیان جیاوازە لەگەڵ سیستەمی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوانەی نێودەوڵەتین دەتوانن سیستەمی خوێندنی تایبەت بەخۆیان هەڵبژێرن و بۆیان هەیە لەسەر سیستەمی پەروەردەی ئەوروپی بڕۆن، بەڵام ئەو قوتابخانە نا حكوومیانەی كە نێودەوڵەتی نین، دەبێ لەسەر سیستەمی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕۆن، دەبێت ئەو پڕۆگرامە تەواو بكەن كە وەزارەتی پەروەردە دایناوە.
خوێندن لە قوتابخانە ئەهلییەكان بە پارەیە، كە بە داخەوە لە كوردستاندا هیچ یاساو رێسایەك نییە، بەڵكو هەریەك لەو قوتابخانانە بە كەیفی خۆیان كرێی خوێندن دادەنێن. ‌
بوونی ئەم قوتابخانە ئەهلییانە بەو رێژە زۆرە دوولایەنی هەیە، سودەكەی ئەوەیە بوونەتە هۆی رەخساندنی هەلی كارە بۆ كۆمەڵێك دەرچووی زانكۆ و پەیمانگە، هەروەها هەندێك قوتابی هەن كە پێویستیان بە گرنگیدانی زیاترە وەك قوتابییانی خاوەن پێداویستی تایبەت، یا ئەو قوتابییانەی كە لە رووی دەروونییەوە ئاسایی نین و پێویستیان بە چاودێری زیاتر هەیە،لە بەر ئەوەی لە قوتابخانە حكوومییەكان ئەو جۆرە قوتابییانە گرنگیەكی تایبەتیان پێ نادرێت و هیچ خزمەتگوزاریەكی تایبەتیان نییە، بە هۆی بێبایەخی قوتابخانە هەندێجار ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، بۆیە قوتابخانە ئەهلییەكان ژینگەیەكی گونجاوترە بۆیان، لە لایەكی تر زۆرێك لەو قوتابییانەی لەو قوتابخانانە دەخوێنن، ئەوانەن كە دایك و بابیان فەرمانبەری حكوومەتن یا دەوامیان هەیە، بەهۆی كاتی دەوامیان ناتوانن گرنگییەكی تەواو بە منداڵەكانیان بدەن، لەو قوتابخانانە خەمی منداڵەكانیان نابێت، راستە ئەمانە هەمووی دەبنە كار ئاسانی بۆ خەڵك و بۆ حكوومەتیش كە هەلی كاری رەخساندوە بۆ گەنجەكان و ژمارەیەك لە قوتابی تێیدا دەخوێنن كە بەشێك لەو رێژە زۆرەی قوتابییان كە لە قوتابخانە حكوومییەكان هەن كەمی كردۆتەوە، بەڵام لە لایەكی تر ئەم قوتابخانانە بوونەتە هۆی درووستبوونی جیاوازی چینایەتی، چونكە زۆرێك لە قوتابییانی ئەم قوتابخانانە، منداڵی بەرپرسەكان و خەڵكی دەست رۆیشتوون، بۆیە هەرزوو سەرنجی ئەو جیاوازیەی نێوان قوتابخانەی خۆیان و قوتابخانەیەكی ئاسایی دەدەن، هەست بە جیاوازی خۆیان دەكەن، زۆربەی كات خانەوادەكانیان ئەو بیركردنەوانەیان لە لا دروست دەكەن كە بەڵێ ئێمە جیاوازین لە خەڵكی ئاسایی، بۆیە ئەو قوتابخانەمان بۆ هەڵبژاردوون، بۆیە هەر لە سەرەتای تەمەنی، قوتابی فێری هێزی پارە دەبێت و خۆی بەرزتر دەبینێتەوە لە قوتابی قوتابخانە حكوومییەكان، جۆرێك لە بێ منەتی لە لای قوتابی دروست دەبێت بەرامبەر بە خوێندن و پەروەردە و تەنانەت مامۆستاكانیشی، بەو پێیەی كە خۆم ئەزموونم هەیە لەم قوتابخانانە رۆژانە رووبەڕووی چەندین كەیس دەبمەوە كە قوتابی بێڕێزی دەنوێنێت بەرامبەر مامۆستاكانی، كاتێكیش مامۆستا بیەوێت سزایێك بۆ دابنێت، قوتابی دەڵێ من پارەی خۆم دەدەم، چی ئەكەی بیكە، جا چەندەها بێرێزی لەم شێوەیە دەكرێت، هەتا خێزانی قوتابیش زۆر بێ منەتانە لە گەڵ مامۆستاكان دەجوڵێنەوە، منداڵەكانیان وا رادەهێنن كە ئەوان لە ئاست مامۆستاكان بەرزترن، چونكە كرێی خوێندن دەدەن، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی لە شكۆی مامۆستا كەم ببێتەوە و قوتابیش پەروەردەیەكی تەندروستانە بەدەست نەهێنێت، لەبەر ئەوەی دایك و باوك لە گەڵ مامۆستاكان هاوكار نین بۆ پێگەیاندنی قوتابی، بەڵكو بە دژی مامۆستا رادەوەستێت ئەمەش زیانێكی زۆر لە پێگەیاندنی قوتابی دەدات، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی قوتابی خوێندن و پەروەردە بە گرنگ وەرنەگرێت و گوێی پێ نەدات، پێم وایە دروست بوونی ئەم جیاوازی چینایەتییە و ئەو رەوشەی نێو قوتابخانە نا حكوومییەكان هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوا كەوتوویە فەرهەنگییەی نێو كۆمەڵگەی كوردیدا هەیە، چونكە هەر شتێكی سەردەمی بێتە نێو كۆمەڵگە وەكو ماددی زۆر زوو بڵاو دەبێتەوە، بەڵام وەكو هزر و بیركردنەوە بە ئەقڵیەتی كوردی كاری پێ دەكرێت، خوێندنی ئەو قوتابخانانەش بەدەر نییە لەم دواكەوتوویە فەرهەنگییەی لە كۆمەڵگەدا هەیە، ئەوەندەی تێبینیم كردووە خەڵك زیاتر لەبەر چاولێكەری و خۆ هەڵكێشان منداڵەكانیان لەو قوتابخانانە تۆمار دەكەن نەك لەبەر پێویستی بوون، تەنها بۆ ئەوەی بڵێت منداڵەكەی منیش لە ئەهلی ئەخوێنێت.
لەلایەكی تر هیچ یاساو رێسایەك نییە بۆ دروست كردنی ئەم قوتابخانانە، ئەگەر تێبینی بكەین لە دەڤەری سۆران لە دوای ساڵی 2017 وە چەندەها قوتابخانەو باخچەی منداڵانی نا حكوومی كراونەتەوە ساڵانەش لە ژمارەكەیان لە زیاد بووندان، ئایە ئەمە بازرگانی كردن نییە بە پرۆسەی خوێندن؟ بۆچی ئەوەندە ئاسان دەتوانن بە فیلتەرەكانی وەزارەتی پەروەردەدا بڕۆن و رێگە بە درووستكردنیان بدرێت، بە بێ ئەوەی گرنگی بە كوالێتی خوێندن یا شوێنی گونجاو بدرێت، بەڵكو هەریەكەو خانوویەك بە كرێ دەگرێت و مۆڵەت وەر دەگرێت لە رێگەی ریكلامەوە خەڵك هان دەدەن بێنە قوتابخانەی نا حكومی و خوێندنی حكوومی بە كەم سەیر بكرێت، پێم وایە بوونی ئەم قوتابخانانە لە هەر شارێك یەك تا دوو پێویستن، ئەویش تەنها بۆ قوتابییانی كە پێویستیان پێ هەیە، نەك وەك ئەوەی ئێستا دەكرێت بازرگانی بە فكری خەڵك بكرێت، بەڕاستی زیاد بوونی ئەم قوتابخانانە بە مەترسی ئەبینم لەسەر كۆمەڵگە و نەوەی داهاتوومان.

زۆرترین بینراو