ڕشك و ئەسپێ چین؟ چۆن خۆمان لێیان بپارێزیین؟

ڕشك و ئەسپێ چین؟ چۆن خۆمان لێیان بپارێزیین؟

ئامادەكردنی: هەرمان جەعفەر

ئەسپێ Head Lice مێرووی وورد و بچووكن لەنێو قژی سەری مرۆڤ دەژین. ئەسپێ پێگەیشتوو lice قەبارەكەی هێندەی تۆوی كۆنجی دەبێت. هێلكەكانیان ( ڕشكە،nits ) قەبارەیان لە قەبارەی پێگەیشتووەكان بچووكترە، نزیكە لە قەبارەی پارچەیەك لە كرێشی سەر. رشك و ئەسپێ لەسەر قژ نزیك لە كەلەی سەر دەدۆزرێنەوە، بەزۆریش لەبەشی پشت گوێیەكان یا لەسەر هێلی پشتەوەی گەردەن. رشك و ئەسپێ لە كۆمەڵەی مشەخۆرەكان پۆلێن دەكرێن، و خۆراكیان لە مژینی خوێنی مرۆڤ دەست دەكەوێت بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنەوە.
چۆن بڵاودەبنەوە؟
رشك و ئەسپێ بە خشۆكی جوولە دەكەن، توانای فڕین و بازدانیان نییە. بڵاو دەبنەوە بەرێگای بەریەكەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ كەسێك كە هەڵگری ئەو زیندەوەرانە بێت. زۆر بە دەگمەن بەهۆی بەكارهێنانی كەلوپەلی وەكو شانە و كڵاو دەگوازرێنەوە. خاوێنی كەسەكان هیچ كاریگەری نیە لە رێگرتن لە تووش بوون بە رشك و ئەسپێ كاتێك كەسەكە بەرێككەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ كەسی هەڵگر هەبێت. رشك و ئەسپێ هیچ نەخۆشییەكیش بڵاو ناكەنەوە.
كێ تووشی دەبێت؟
منداڵان لە تەمەنی نێوان سێ ساڵ تا تەمەنی یازدە ساڵ و خێزانەكانیان بە زۆری تووشی رشك و ئەسپێ دەبن. ئەمەش بەهۆی ئەوەیە منداڵ لەم تەمەنانەدا لە كاتی یاریكردن زیاترین بەرێككەوتنی راستەخۆی سەریان لەگەڵ كەسانیتر هەیە بەتایبەتی بەر یەككەوتن لەگەڵ منداڵانی تووشبوو لە كاتی یاریكردن.
نیشانەكانی چین؟
ختووكە دانی سەر، زۆر خوران، كە هۆكارەكەی دروستبوونی هەستیارییە بەهۆی پێوەدان یان گەزینی ئەسپێیەكان.
دروستبوونی برین پێستی سەر بەهۆی ڕووشاندنەوە، زۆرجار ئەو برینانە بەهۆی بەكتریاوە تووشی هەوكردن دەبن.
خەوزڕاندن، چونكە ئەو زیندەوەرانە لە تاریكیدا زۆر چاڵاكن.
دەست نیشان كردنی:
دیاریكردنی ( diagnosis of head lice) هەبوونی ڕشك و ئەسپێ هەمیشە بە بینینی ئەسپێیەكان یان هێلكەكانیان لە سەر پرچ و كەلەی سەر دەبێت. چونكە زۆر بچوكن و بە خێرایش جۆلە دەكەن، هەندێك جار پێویستیمان بە ووردبین یان شانەی ددان ورد هەیە تا ئەسپێیەكان یان هێلكەكانیان ببینین.
چارەسەری چیە؟
چارەسەركردنی رشك و ئەسپێ بە بەكارهێنانی شامپۆ، كرێم و گیراوە دەبێت كە دەتواندرێت بەبێ راچێتە لە بازاڕ بكردرێت، هەروەها هەندێك لە چارەسەرەكان پێویستی بە راوێژكاری و راچێتەی پزیشكی پسپۆری دەبێت. بەكارهێنانی ئەو شامپۆ یا كرێمانە بە گوێرەی رێنمایی پزیشك، دەرمانساز و پەرستار دەبێت. بەتایبەت ئەگەر تووشبوو ئافرەتی دووگیان، یان شیردەر و هەروەها منداڵی ساوا بێت، بەبێ ڕاوێژی پزیشك نابێت ئەو شامپۆ یا كرێم و گیراوانە بەكار بهێندڕێن.
هەنگاوەكانی چارەسەركردن:
لێدانی شامپۆیەكە لەسەر بە گوێرەیی رێنماییەكان، شامپۆیەكە تەنها لە سەر دەدرێت بەتایبەت لەم بەشەی قژ كە بە كەڵەی سەرەوە نووساوە و نابێت بۆ بەشەكانی تری لەش بە كاربێت.
ئەبێت یەكجۆر شامپۆ یا كرێم لە یەككاتدا بەكار بێت، نابێت بە بێ راوێژكاری پزیشكی پسپۆری پێست دوو شامپۆ یا كرێمی جیاواز بەیەكەوە بەكار بهێندرێن.
بەهۆشیارییەوە ئاگاداری ئەم ماوەیە بن، كە پێویستە شامپۆیەكە بەسەر بمێنێتەوە، هەروەها چۆن بشۆردرێت و چۆن پڕچەكە ووشك بكرێتەوە.
دوایی وشك كردنەوە شانەیەكی ددان ورد بەكاربێت بۆ لابردنی ڕشك و ئەسپێیە مردووەكان.
دوایی بەكاهێنانی هەر جارێك لە چارەسەرەكان پشكنین بۆ قژ بكرێت بۆ دووزینەوەی مێرووەكان ئەگەر مابن.
شانە كردنی پرچ هەر دوو رۆژ جارێك، تا تەواو دڵنیا بوون لە نەمانی رشك و ئەسپێ.
هەموو ئەندامانی خێزان پێویستە پشكنینیان بۆ بكرێت، چارەسەر بەكار بهێنن لە كاتی پێویست. هەروەها لە ئەگەری سوود وەرنەگرتن لەو شامپۆ و كرێمەكان كە بە بێ راچێتە دەفرۆشرێن، پێویستە پزیشكی پسپۆر ئاگادار بكرێتەوە و راوێژی پێ بكرێت.
ئایا دەتوانرێت ڕێگری لە بڵاوبونەوەی بكرێت؟
لێرەدا چەند هەنگاوێك دەخەینەروو بۆ رێگریكردن و خۆپاراستن:
شوشتنی جل و بەرگ، پیخەف، خاولی بە ئاوی گەرم، وشك كردنەوەش دەبێت بە بەكارهێنانی گەرمی بێت.
دانانی شانەكان لەناو ئاوی گەرم بۆ ماوەی 5-10 خولەك.
بەكارهێنانی گەسكی كارەبایی بۆ رایەخ و مافورەكان بەتایبەتی لە شوێنەكانی دانیشتن و پاڵكەوتن.
لە كاتی هەبوونی ئەو جۆرە كەلوپەلانەی ناتوانرێت بشورێن، دەبێت بۆ ماوەی دوو حەفتە لەناو كیسێكی پلاستیكی دابنرێن.
چۆن منداڵان خۆیان بپارێزن؟
فێركردنی منداڵ بە دوركەوتنەوە لەوەی سەری بەر سەری منداڵەكانی تر بكەوێت لە كاتی یاریكردن و چالاكییەكانیاندا.
هاوبەش نەكردنی ئەو كەلوپەلانەی بەر سەر دەكەون لەگەڵ منداڵانی تر وەك هێدفۆن، تۆقە و كڵاو.
تا منداڵەكەت بەتەواوی چارەسەر نەبێت، نابێت بنێردرێتە باخچەی ساوایان یا قۆتابخانەكەیان ( ئاگاداركردنەوەی كارگێری قوتابخانە لە هەبوونی رشك و ئەسپێ) .

بەڵگەی زانستی دڵنیاكەرەوە بەردەست نییە بسەڵمێنێت كە ماددە و بەرهەمەكانی وەكۆ مایۆنیز و رۆنی زەیتۆن ... ببنە هۆی خنكاندنی ئەسپێ و ڕشكەكان. بە هێچ شێوەیەكیش نابێت نەوت و بەنزین بۆ چارەسەری ئەسپێ بەكار بهێنرێت، چۆنكە بۆ تەندروستی مرۆڤ مەترسیدار و ژەهراوین وە دەشێ بە ئاسانی گڕبگرن.
سەرچاوە:
medlineplus.gov/headlice.html

زۆرترین بینراو