Share on facebook
Cold Sores تامێسك.. نیشانەو هۆكارو چارەسەرییەكانی
یەک شەممە, 23 نیسان 2017 18:09

ZKW : زانستی پزیشكی، هەفتانە بایۆلۆجیست (هاوكار خالید)، شیكار لە تاقیگەی پزیشكی میلانۆ دەینووسێتیەكێكە لەنەخۆشییە ڤایرۆسییە درمەكان كە نزیكەی ٢٠٠٠ ساڵێك دەبێت كە ناسراوە بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ناوێكی زانستی لێنراو چووە نێو كتێبە زانستییەكانەوە. ئەم ڤایرۆسە سەر بەخێزانی هێرپسە و دوو جۆری هەیە كە دەبێتە هۆی تووشبوون بە بە هەوكردن لەسەر لێو و چاو و كۆئەندامی زاو و زێ و مێشك. ڤایرۆسی  HSV  كە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگویزرێتەوە دەبێتە هۆی دەركەوتنی تامیسكە لە ژێر لێو و نزیك لووت، هەرچەندە چارەسەرێكی سرووشتی نییە كە بەتەواوەتی تامیسكە بنبڕ بكات، بەڵام بە پەیڕەوكردنی چەند رێنمونییەك دەتوانی بە ماوەیەكی كەمتر تامیسكەكە بە رووخسارتەوە نەهیڵیت.

جۆری یەكەمیان HSV-1 كە زیاتر تووشی تامێسكی سەر لێو و چاو و مێشكمان دەكات

جۆری دووەمیان HSV-2 كە زیاتر تووشی تامێسكی كۆئەندامی زاو و زێمان دەكات

هۆكاری تووشبوون بە تامیسك:

-  لە كاتی بوونی تا

- لەكاتی سەرما و بوونی ئەنفلەوانزا

- ماندووبوون

- سوڕی مانگانە

-  گۆڕانەكانی سیستمی بەرگری

-  هەوكردنی گەروو

- سەرئێشە

نیشانەكانی تووشبوون بە تامیسك:

- خوران

- كزانەوە

- سووتانەوە و ئازار لەشوێنی

سەرەتا پێش دەركەوتنی، شوێنەكە كەمێك سووردەبێەوەو دەخورێت،پاشان دەبێتە زیپكەو كیسەیەكی بچووك كە بەڕەنگێكی زەرد دەردەكەوێت و قەتماغەیەكی زەردی لەسەر دروستدەبێت لەكاتی تەقین یان تەقاندنی.برینەكەلەسەرەتاوە بڵقێك دەكات كە پڕە لە ئاوێكی ڕوون و پاش چەند ڕۆژێك ووشك دەكات و جێگایەكی گرنج گرنج جێ دێڵیت و ماوەیەكی پێدەچێت تاوەك و ساڕێژببێت. ئەگەر یەكەم جارە ئەم نەخۆشیەت تووشدەبێت ئەوا زۆر بەئازارترە

ڕێگاكانی گواستنەوەی بە تامیسك:

(لیك – ماچ - ڕاستەوخۆ دەستلێدان لە برینەكە و گواستنەوەی بۆ بەشەكانی دی لەش وەك پەنجە و چاو و كۆئەندامی زاو و زێ و لێوەكان - قاپ و قاجاغی كەسی تووشبوو بەكارمەهێنە - زۆر گرنگە كە دەست زوو زوو بشۆرێت).

چارەسەری تووشبوون بە تامیسك:

پێویست بەهیچ چارەسەرێك ناكات و خۆی پاش هەفتەیەك نامێنێت لەوانەیە برینەكە دوو هەفتەیەكی تری پێبچێت تا ساڕێژ ببێت بەڵام ئەگەر لەپاش دوو هەفتە هەر باش نەبوویت یان ئەگەر زۆر بەئازار بوو یان بێهێزی كردیت ئەوا چارەسەر بە دژە ڤایرۆسییەكان هەیە بە حەب و كڕێم پەیوەندی بكە بە دكتۆرەوە.

خۆپاراستن لە تووشبوون بە تامیسك:

۱ - بەكارهێنانی دژەخۆر( sus sreen) بۆ لێو

۲ - دەستكاری مەكە و هەوڵمەدە تامیسكەكە بتەقێنیێ یان پێستەكەی لەسەری لابدەیت لەبەرئەوەی خراپتر دەبێت.

۳ - بەكارنەهێنانی كەل وپەل(مڵاك، چەنگاڵ وخاولی)ی كەسی تووش بوو لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی گواستنەوەی.

٤ - ماددەی زینك وەكو تەواوكەرێكی خۆراكی كە كە لە شێوەی حەبیشدا هەیە كۆئەندامی بەرگری بەهێزدەكات.

٥- خۆپاراستن لە تەوقەكردن و ماچكردن چونكە دەبنە هۆی گواستنەوەی تامیسكە.

چەند ئامۆژگارییەك بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی تامیسكە:

- بەكارهێنانی ئەو جۆرە مەرهەمانەی كە ماددەی بەنزۆكایینیان تێدایە، كە لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئازاری تامیسكەكە.

- دژەخۆر لەسەر لێو و تامیسكە بدە بۆئەوەی رێگە لە گرتنی تامیسكە بگرییەوە.

- ئەو شتانەی كە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی تامیسكەكە دەستكاری مەكە بۆنمونە نابێت هەوڵی تەقاندنی ئاوسانی تامیسكە بدەیت یان هەوڵبدەیت پێستەكەی لەسەری لابدەیت لەبەرئەوەی خراپتری دەكات.

- لەبەرئەوەی تامیسكە دەگوازرێتەوە بۆیە نابێت ئەو خاولییە بەكاربهێنیت كە پێشتر شوێنی تامیسكەكەت پێی سڕیوەتەوە پێش ئەوەی بیشۆیت و هەوڵبدە لە ماچكردنی كەسانی دیكە بەدووربیت تاوەكو ڤایرۆسەكەیان بۆ نەگوازییەوە.

- یەكێك هۆكارەكان بۆ دروستبوونی تامیسكە ماندووبوونە بۆیە واباشە ماددەی زینك وەكو تەواوكەرێكی خۆراكی كە كە لە شێوەی حەبیشدا هەیە بخۆیت   بەمەش سیستمی بەرگریت بەهێزتردەبێت.

-  هەوڵبدە ئەو وەزرشانە بكەیت كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی دڵڕاوكێ وەكو یۆگا چونكە دڵەڕاوكێش یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكانی دەركەوتنی تامیسكە.

- دەتوانی خوێ لەگەڵ چەند دڵۆپە ئاوێك تێكەڵبكەیت و بیخەیە سەر تامیسكەكە بۆ كوشتنی بەكتریاكانی ناوی.

سەرچاوەكان:

1- http://www.webmd.com/genital-herpes/pain-management-herpes#1

2- https://patient.info/doctor/herpes-viruses

3- http://www.medbroadcast.com/channel/infection/herpes/herpes-virus