سورێژە Measles, or rubeola هۆكارو نیشانەو چارەسەرییەكانی
دووشەممە, 15 ئایار 2017 12:15

ZKW : زانستی پزیشكی، هەفتانە بایۆلۆجیست (هاوكار خالید)، شیكار لە تاقیگەی پزیشكی میلانۆ دەینووسێت

سورێژە: نەخۆشییەكی كتوپڕی سۆیی درمە (ڤایرۆسییە)، لە باشور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دا زۆر بڵاوە، توشی كۆ ئەندامی هەناسە دەبێت بەتایبەتی منداڵ توشی دەبێت. هۆی سورێژە ڤایرۆسێكی جۆری ئاڕ ئێن ئەیە(RNA) لە خێزانی پرامیكسۆ ڤایرۆس(Paramyxo virus) و ٦ پێكهاتووی پڕۆتینی دروستیان كردووە. لەساڵی ١٩٦٣ ـ وە لە هەموو جیهاندا كوتان دژی سورێژە بەكاردەهێنن.

ڕێگاكانی گواستنەوە:

بەشێوەیەكی گشتی سورێژە خێرا بڵاو دەبێتەوە لەڕێگەی هەناسەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە (بەركەوتنی شلەی دەم و لوتی كەسی توشبو بە كەسێكی ئاسایی) ئەمە ڕاستەوخۆ،

بەڵام ناڕاستەوخۆش دەگوازرێتەوە لەڕیگەی بەكارهێنانی كەلوپەلی كەسی تووشبووەوە. ٩٠% ی ئەو كەسانەی لەگەڵ كەسی توشبودا دەژین توش دەبن ئەگەر نەكوترابن یان پێشتر توش نەبوبن. كەسی توشبو ٢-٤ ڕۆژ بەر لە دەركەوتنی پەڵە سورەكان و ٢-٥ ڕۆژ دوای نەمانیان نەخۆشییەكە دەگوازێتەوە.

نیشانەكانی نەخۆشی سوریژە

- لانیكەم ٤ ڕۆژ (تا) كە لەوانەیە بگاتە ٤٠ نمرەی سیلیزی

- ئاو لە لوت هاتن، سوربونەوەی چاو

- بێهێزی.

- لیمفا گرێكانی لامل بن هەنگڵ و پشت مل و ئەملاو لای سنگ لەكاتی دەستخستنە سەریان هەست بەئازاریان دەكرێت.

- ئاو بە لووت و چاودا دێتە خوارێ و لەوانەشە پێلوەكانی چاوی هەڵدەئاوسێ .

- پاشان ووردە ووردە سووربوونەوە دەبینرێت لە ناوپۆشی لووت و دەم و مەڵاشوو و پووك هەروەها وشكە كۆكەشی دەبێت.

- دوای چەند ڕۆژێك لە تا، پەڵەی بەرزەوەبوی سور لەسەر پێست دەردەكەوون، كە لە دەم و چاوەوە دەست پێدەكەن و دواتر هەمو لەش دەگرنەوە و پێدەچێ خورانیان لەگەڵدا بێت

- خاڵی و سوور و سپی بریقەداری ناسك لە ناو زاری نەخۆش دێت كە بۆ دەستنیشانكردنی سورێژە زۆر گرنگن

- هەندێك جار ئەم نیشانانەشی هەیە وەك: ڕشانەوە ، سك چوون، لەبەشی چەپی ژێر جگەر دا هەست بە ئازار دەكات وەك ئازاری ڕیخۆڵە كوێرە

ئاڵۆزكارییەكان:

- هەوكردنی بۆرییەكانی هەوا و سییەكان

- هەوكردنی گوێی ناوەڕاست

- هەوكردنی پەردەكانی دەماخ

- هەوكردنی توندی شانەكانی چاو

- سۆی ناو دەم، لە ساوادا توشی فێ لێهاتن دەكات لە ووڵاتە پێشكەوتوەكاندا ٣ لە هەزاری توشبوان دەمرن، بەڵام لەو وڵاتانەی ڕێژەی بەدخۆراكی بەرزە و هوشیاری تەندروستی لاوازە ڕێژەی مردن پێدەچێ بگاتە ٢٨% و لە توشبوانی ئایدزیشدا ڕێژەی مردن ٣٠%ە.

دەستنیشانكردنی نەخۆشی

ڕونكردنەوەی نیشانەكان پزیشك دەگەیەنێتە دەستنیشانكردنی حاڵەتەكە، ئەگەر گومانی هەبو دكتۆر شیكاریی خوێن یان لیكی كەسی توشبو دەكات بەمەبەستی بەدواداگەڕانی دژەتەنی سورێژە

زۆر گرنگە سورێژە جیابكرێتەوە لە گرانەتا، ڕەشە گرانەتا، زەردووی ڤایرۆس، ئەنفلۆنزا، مەنەنگی و مەلاریا جیا كردنەوەی نەخۆش، كوتانی منداڵان لە دژی سورێژە بەرگرییان دەداتێ لە دژی نەخۆشییەكە. بەداخەوە بەهۆی ساڵانی گەمارۆی ئابوریەوە ڕێژەیەكی بەرچاوی خەڵكی ئێراق و لەناویاندا خەڵكی كوردستان كوتانی تەواویان لەدژی سورێژە بۆ نەكراوە.

چارەسەرییەكانی نەخۆشی

چارەسەرییەكی ئەوتۆ نییە لە دژی ڤایرۆسە توشكەرەكە. بەڵام ئازار شكێنەكان و تا دابەزێنەرەكان دەدرێت بە مەبەستی دابەزاندنی تا و بەگوێرەی ئاڵۆزكارییەكانی حاڵەتەكە لە هەر توشبویەكدا ڕێوشوێنی جیاواز دەگرینە بەر.